ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی نەورۆزی \"تەنگیسەر\" بانگهێشتی ئیتلاعاتی سنە کران

ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی نەورۆزی گوندی \"تەنگیسەر\"، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە، کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردووی ١ی خاکەلێوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی نەورۆزی گوندی \"تەنگیسەر\"یان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێی کردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئەندامانی لیژنەی نەورۆزی \"گوندی تەنگیسەر\"یان بە ناوەکانی \"میزام ئیبراهیمی، تەیموور ئاژداخ، ئازاد وەیسی، غەریب قادری، ژیان میری و فەرهەنگ عەیووزی\"، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کران.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئەندامانی لێژنەی نەورۆزی تەنگیسەریان ڕاگەیاندووە، نابێت ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی تەنگیسەر بەڕێوەبچێت و ئەو داواکارییە لە لایەن ئەندامانی لیژنەی نەورۆزەوە، ڕەت کرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە لە ئەندامانی لێژی نەورۆزی تەنگیسەر، هەڕەشیان لێکردوون، لە ئەگەری هەر چەشنە چالاکییەک، لەگەڵ کێشەی یاسایی بەرەڕوودەبنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژ پێش، ئیداری ئیتلاعاتی شاری سنە، سێ هاووڵاتییە خەڵکی گوندی تەنگیسەریان بە ناوەکانی \"فەرهەنگ عەیووزی، موسلێم سەعیدپوور و موحسێن مورادی\" بانگهێشت و هەڕەشەی لێکردبوون کە نابێت هیچ جۆرە چالاکییەک لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوەببن.

نەورۆزی گوندی \"تەنگیسەر\" هەموو ساڵی بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە گەورەترین نەورۆزەکانی کوردستان بە ئاژمار دێت و زۆرترین خەڵکی ناوچەکانی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا، بەشداری دەکەن.