ئەقڵی کوردی و جەبری مێژوو/ بەشی چوارەم...

مەسعوود رۆستەمی

هەروا کە پێشتر وترا، مەبەست لە جەبری مێژوو مانا مارکسییەکەی نییە بەڵکوو مەبەست گۆڕانکاریگەلێکن کە کورد خۆی رۆڵێکی تێدا نەبوو و لە لایەن هێز یان هێزگەلێک لە سەرو ئیرادەی کوردەوە بە سەریدا سەپێندراو. تەنانەت ئەم گۆڕانکاریگەلە جیاوازیێکی ئەوتۆیان هەیە لە گەڵ گۆڕانکاریگەلێک کە کورد خۆی کایەکەر بوو بەڵام ئەکامەکەی شتێک جگە لە شکست نەبوو، بۆ نموونە شەڕێ نێوان ساسانییەکان و مۆسۆڵمانەکان کە لە ئاکامدا کورد شکستی خوارد و قۆناخێکی نوێ لە ئەقڵی کوردی دەست پێدەکات کە جیاوزە لەگەڵ سەردەمی ساسانییەکان.

لە راستیدا تا پێش هێرشی دوورگەنشینەکان، بە درێژایی هەزاران ساڵ شەڕ و هێرش بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان، کورد قەت عاشقی داگیرکەرانی کوردستان نەبوو و ئەو یەکەم جار بوو کە کورد لە رێگەی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی دڵ دەسپێرێ بە داگیرکەر و قۆناخێک لە مێژووی کورد دەست پێدەکات کە ناوی دەنێم قۆناخی ئەقڵی کوردی-ئیسلامی. ئەگەر چی ئەم قۆناخە قۆناخێکی هەستیار و گرینگە، بەڵام نایکەم بە دەسپێکی شرۆڤەی ئەم بابەتە. بە پێی رستەیەکی بەناوبانگی مێژووناسەکان کە دەبێژن: خوێندنەوەی مێژوو لە هەر قۆناخێک دەست پێبکەی لە ناوڕاستەو دەستت پێکردووە، ئەگەر ئێمەش ئەم قۆناخە بکەینە دەسپێک ئەوا دەبێ بڕۆینەو بۆ پێش ئیسلام و تایبەتمەندییەکانی ئەقڵی کوردی پێش ئیسلام-یش روون بکەینەوە، کە دیارە لە تاقەتی ئەم پرۆژەیە بەدەرە. بە واتایێکیتر، ئایا هەر قۆناخێکی مێژویی خۆی درێژەی قۆناخی پێش خۆی نییە؟ کە وایە لانی کەم لەم مانیفێستە کە بە دوای ریشەیابی مێژووی ئەقڵی کوردی نییە، بۆ خوێندنەوەی تەعامۆڵی ئەقڵی سیاسی کورد، و کردار و پەرچەکردارەکانی هەم لە هەمبەر رووداوەکان و هەمیش خوێندنەوەی چەمکەکان ئەبێ لە کام قۆناخ دەست پێ بکەین؟ بە پێی ناوەرۆکی ئەم مانیفێستە، دەستپێکم دەبێتە قۆناخی شەڕی چاڵدران. ئەم قۆناخە کە نزیک بە چوار سەدە دەخایێنێ لە مۆتەشەکێل کردنی ئەقڵی کوردی، کە هەنووکەشی لەگەڵدا بێ پاشماوەکانی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگای کوردی تەسخیر کردووە، گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەکانی شێعەی سەفەوی و سونەی عوسمانی قۆناخێکی هەرە گرینگ بوون لە مۆتەشەکێل کردنی ئەقڵی کوردی.

ئیسڵام هەم وەک ئایین و هەمیش وەک سیستەمی دەسەڵات، بۆ ماوەی نزیک بە هەزار ساڵ خۆی بە سەر کۆمەڵگای پێش ئێرانی سەپاندبوو.
هەرچەند یەکەم شۆرشەکان دژ بەم دەسەڵات و ئایینە لە ناوچە کوردنشینەکان بوو و دوایی ناوچەکانیتریشی گرتەوە، بەڵام تا سەردەمی سەفەوییەکان رزگار بوون لە هێژمۆنی خەلافەتی ئیسلامی، بە هۆی ئایینی سونەگەری مۆمکێن نەبوو. شا ئیسماعیل سەفەوی کە مرۆڤێکی زیرەک بوو هەستی بەوە کرد کە تەنها کاتێ ئەتوانێ لە ژێر ئەو هێژمۆنییە رزگار بێ کە کەلێنێک لە نێوان دەسەڵات و ئایین درۆست بکات. بۆیە دەستی کرد بە شێعە کردنێکی زۆرە ملێی خەلک. ئەم شێعەگەرایی زۆرە ملێیە بوو هۆی نارەزایەتی عوسمانییەکان و ئاکامەکەی شەڕێکی درێژ خایەن بوو لە نێوان ئەم دوو زلهێزەی سەردەم، کە هەموو ئەو شەڕەگەلە تەنانەت دوای سەفەوییەکانیش لە ناوچە کوردنشینەکان کرا.

بەم شێویە سەفەوییەکان بوون بە نوێنەری وێژمانی شێعەگەری و عوسمانییەکانیش بوون بە نوێنەری وێژمانی سونەگەری. کورد کە خوێندنەوی خۆی لە ئێسلام نەکرد، لە نێوان ئەم دوو وێژمانە دابەش بوو و بەردەوام لە ژێر ئەم دوو وێژمانەدا هەم شەڕی ناوخۆی دەکرد و هەم شەڕی دەسەڵاتیان پێدەکرد. بە پێی پێگەی ژئۆپۆلیتیکی کوردستان هەموو شەڕی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان لە کوردستاندا کرا، و دیارە ئەمەش چ ئاکامێکی بۆ کورد هەبوو. بۆ نموونە لە کاتێکدا کە سەفەوییەکان خەریکی دارشتنی مێعماری لە ئێسفەهان بوون و خۆیان بە فەلسەفەی ئێسلامی شێعەگەری سەرقاڵ دەکرد و بە هەمان شێوەش عوسمانییەکان لە ئەستەنبول، خاکی کوردستان لە ژێر سمی ئەسپەکانیان پێشیل دەکراو ماڵی کوردیش وێران. لەم قۆناخەدا خێڵ وەکوو سەرەکیترین ساختاری کۆمەڵایەتی کەوتبەووە نێوان سیاسەتی دوو زلهێز، و سیاسەتی سەرۆک خێڵ بریتی بوو لە پاراستنی خێڵ. لەم قۆناخەدا خؤشخزمەتی بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرهەڵدەدات کە زۆرتر شێوازێ لە ژیان بوو بۆ مانەوە، مانەوە بە هەموو ماناکانییەوە، تا ئەوەی کە ناوی بنێین خەیانەت. خوێندنەوەی مێژوو بەو شێوەیە کە کەسانێ باسی دەکەن و هەموو رابردوو ئەخەنە خانەی خەیانەت، هەڵەیێکی گەورەی مێتۆدیکە کە بە چاویلكەی ئەمڕۆیی رابردوو دەخوێندرێتەوە.

لە جیاتی داوەری کردن لە سەر رابردوو بە پێی گوتاری ئەمڕۆیی، ئەبێ بابەتەکان بە پێی باروودۆخی سەردەم بخوێندرێتەوە و بە ئاکامەکانی هەڵسەنگێندرێ. بە هەر حاڵ، هەمیشەیی بوونی جەنگ لە مەیدانی کوردستان، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ئەقڵێکی کوردی کە لە یەک کاتدا ویستێکی بەهێزی مانەوەی تێدا بوو بەڵام لە هەمان کاتیشدا توانای خۆرزگار کردن و خوڵقاندنی نەبوو. لە کۆمەڵگەیێک کە بەردەوام مەیدانی شەڕ و پێکدادان بێ، ناکرێ چاوەڕوانی خۆڵقاندنی فەلسەفە، هونەر، سیاسەت، مێعماری یان هەر شتێکی دیکە بین. بە داخەو نە عوسمانییەکان توانای لە ناو بردنی سەفەوەییەکانییان بوو و نە سەفەوییەکان توانای لە ناو بردنی عوسمانییەکان. ئەگەرچی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە جۆگرافیای پێش ئێرانی تێک شکێندرا و یەک ژ دوای یەک خێڵگەلێک هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام شەڕەکان لە کوردستان هەر بەردەوام بوو. ئەم باروودۆخە کە نزیک بە چوار سەدە دەخایێنێ، جیا لە داپچڕانی کۆمەڵگای کوردی، هەروەها بە شێعە بوونی بەشێک لە خەڵکی کورد، ئەقڵیکی کوردی دێنێتەو ئاراو کە گرینگترین تایبەتمەندییەکەی مانەوەی خێڵ بوو لە پێناو خۆشخزمەتی بۆ خێڵە دەسەڵاتدارەکانی جۆگرافیای پێش ئێران و عوسمانییەکان.

ئەقڵی کوردی کە تا سەدەکانی شەش و حەوتی کۆچی داهێنەر بوو، لە پێناو شەڕی درێژخایەنی دوو زلهێزی سەردەم، دەبێتە ئەقڵێکی خەسێندراو لە بواری داهێنان و تامەزەرۆی پاراستنی خێڵ بە هەر نرخێ. بە پێچەوانەی نووسراوکان کە رۆڵی پێش ئیسلام ئەدەن بە فارسەکان، لەو باوڕەدام تا پێش ئێسلام یەک خاڵی فارسیش بە دی ناکرێ، و هەموو مێژووی پێش ئێسلام مێژووی کوردە. رەنگە خوێنەر بە فاشیستێکم بزانێ، بەڵام لە کتێبێک کە نزیک بە تەواو بوونە و بەم زووانە ئەیخەمە بەردەستی خوێنەری بەڕێز، هەموو ئەمانەم بە وردی باس کردووە، بۆیە لێردەا ناچمە ناو وردەکاری ئەو ئێدێعایە کە رەنگە تەنانەت بۆ خۆدی کوردیش قبووڵ کردنی گران بێ.

بە هەر حاڵ ئەو جەبرە مێژووییەی کە باسکرا خاڵی وەرچەرخان یان هەمان نۆقتە عەتف، لە شەڕی چاڵدێران دەستپێدەکات کە کوردستان لە نێوان دوو ئێپمراتوری دابەش بوو. لە راستیدا ئەم جەبرە مێژووییە بەس کوردستانێکی پارچەکراوی بە دواو نەبوو؛ لەو خراپتر لە دەرەوی ئیرادەی کورد، هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردی- لە ئاستی تاکی کوردییەو بگرە تا سیاسەت، فەرهەنگ، هەست، ئەقڵییەت و هتد-، تووشی قەیرانێکی نەخوازراو بوو، کە پاشماوەکەی ئێستاشی لەگەڵ بێ کۆمەڵگەی کوردی بە زنجیر کێشاو و دەرچوونی ئەقڵی کوردی بە تایبەت ئەقڵی سیاسی لەو پاشماوەیەی تا رادەیێک نزیک بە مەحاڵ کردوو. ئەقڵی کوردی بەم تایبەتمەندییەو هەنگاوی نایە ناو قۆناخێکیتر لە مێژوو کە ئەمڕۆ کورد بە قۆناخی کارەسات ناوی لێ دەبات: قۆناخی سایکس- پیکۆ. هەرچەند لەو باوڕەم کە ئەمە هەڵەیە و قۆناخی کارەسات هەمان قۆناخی باسکراو. بە هەمان شێوی سەردەمی سەفەوی و عوسمانی کاریگەرییەکانی ئەم قۆناخەش زۆر زیاتر بوو لە دابەش کردنێکی جۆگرافی. 

هەر وەک ئەمڕۆکە، کە ئەکەوینە دوای رووداوەکان، کورد کەوتە دوای رووداوکانی سایکس-پیکۆ. هەوڵی کەسانێکی دڵسۆز وەک شەریف پاشا نەیتوانی هیچ ئەنجامێکی هەبێ، چونکە کورد بە درێژایی چەند سەدە راهاتبوو بکەوێتە دوای رووداوکان. بەداخەوە پاش ئەم هەموو ساڵە ئێمەی کورد بەردەوام لەسەر هەمان نەریت هەنگاو دەنێین. تەنانەت ئێستای باشووریشی لەگەڵدا بێ، ئەقڵی سیاسی کوردی دەستی لەم نەریتە هەڵ نەگرتوو. ئەمما تێچووی پەراوێزییەتی و دوای رووداو کەوتن، ئەم جارە زۆر گرانتر بوو بۆ کورد. لەم قۆناخەدا هروژمی چەمک و گۆڕان بوو کە پەیتا پەیتا بۆ ماوەی نزیک بە یەک سەدە بە سەر پاشماوەی ئەقڵیکی کۆمەڵایەتی -سیاسی خێڵەکی دەباری؛ حزب، ئادیۆلۆژیا، ناسیۆناڵیزم، دەوڵەت-نەتەوە، دیمۆکراسی، مارکسیزم، سۆسیالیزم، لیبرالیزم، کاپیتاڵیزم، فێمێنیزم، پۆزیتیڤزم، مۆدێرنیزم، پۆست مۆدێرنیزم، ریاڵیزم، گڵۆباڵیزم و هتد، و دەیان فیلسووف و کۆمەڵناس کە بوون بە قسەی سەر زاری رووناکبیر و سیاسەتمداری کورد بێ ئەوەی تەنانەت یەک دەق، لە لایەن کوردێکەوە بێتە دەرەوە کە نە مۆری خوێندنەوەی کوردی پێەوە بێ، کە چی تەنانەت بە باشی-ش ئەم چەمکانە فام کرابن.

نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، هەڵدەستان بە خوێندنەوی فیلسووف یان قوتابخانەیەکی فکری و دواتریش لە سەری دەیاننووسی یان حزبێکیان پیک دەهێنا؛ کە چی بۆ دیاردەی خەیانەت هەمان ئەدەبیاتی خێلەکی واتا جاش- یان بە کار دەهێنا. یەک جاریش لە خۆمان نەمانپرسی کە دیاردەی جاشایەتی پاشماوی ئەقڵ و شێوازێکی ژیانی سەردەمی شەڕی عوسمانی و سەفەوییە کە هەوڵدان بوو بۆ پاراستنی خێڵ. دیارە لەو سەردەمە شتێک بە ناوی نەتەوە کە ئەمڕۆ ئێمە هەموو شتێک لە هەمان سۆنگەوە دەخوێنینەوە مانایێکی نەبوو. بەرژەوندی خێڵ لە سەروو هەموو بەرەژەوندێێکەوە بوو، و سەرۆک خێڵی باش، کەسێ بوو کە بتوانێ ژیانی تاکی خێڵ بپارێزێ. هەرچەند، پاش پەیدا بوونی دەوڵەتی مۆدێڕن، بەشێکی زۆری خێڵ، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە دوای سیاسیەتی نێشتەجێ کردنییان لە لایەن رەزای میرپەنج-ەو لە ناو بران، بەڵام دیاردەی خەیانەت یا هەمان جاشایەتی وکوو ئەقڵانییەتی سەردەمی خێڵ گوازرایەوە بۆ قۆناخی دەوڵەت؛ تەنانەت لە شێوازێکی هەراسناکتر. سیاسەتی دەوڵەتی مۆدێرن بە لە ناو بردنی خێڵ، ئەتۆمیزەکردنی تاکەکان بوو کە زۆر ئاسیب پەزیرتر بوون. بۆ تاکی کورد، کە ئیتر خێڵ-یش نەمابوو تا چەترێکی ئەمنییەتی- بە تایبەت ئەمنییەتی دەروونی- بۆ پێکبهێنێ و خۆی بەرپرس بوو لە هەموو تەورەکانی ژیان، بە تایبەت بۆشایی شناس، چەمکێکی سۆبژێکتیڤ بە ناوی نەتەوە کە روناکبیری کورد هێنابوویە ئاراوە، و تاکی کورد لە ژیانی رۆژانە بێگانە بوو لە گەڵیدا، نەیدەتوانی جێگرەوی هەمان شناسی خێڵ بێ. تاکی خێل کە هەمیشە ژ تەک رەهەندی ئۆبژێکتیڤی ژیان ژیاوە، چەمکێکی سۆبژێکتیڤ وەک نەتەوە کە روناکبیران باسییان لێو دەکرد، هێزی راکشانی نەبوو.

تاکی خێڵ رۆژانە قارەمانییەتییەکانی سەرۆک خێڵ و ئەندامانی خێڵی بۆ یەک دەگێڕاو، لە مێشکیدا سەرۆکی خێڵ هێمای عەداڵەت بوو، لە ئەگەری تووشیار بوون بە کێشە، سەرۆک و ئەندامانی خێڵ بە هانایەو دەچوون و وەکوو یەکێ لە ئەندامانی خێڵ دەپارێزرا، و لە هەمان کاتدا، بەشداری رۆژانەی فاکتەرێکی ئەساسی بوو، لە پاراستنی خێڵ و ژیانی خێڵەکی. بۆ تاکی خێل، ئەو کەسەی کە دەیتوانی خێڵەکەی لە ناو ببات، کەسێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو بەڵایێکی ئاسمانی یان بە واتایێکیتر، ویستی خودا بوو؛ چۆن بەس خودا خاونی وەها هێزێ بوو کە توانای لە ناو بردنی خێڵ و سەرۆک خێڵی هەبێ. رووخانی شێوازی ژیانی خێلەکی بە دەستی دەوڵەتی نەتەوەساز، تاکی خێڵی لە بەرمابەر دەساڵتێکی هەراسناکتر لە خێڵی دژبەر بە تەنها هێشت. تاکێکی بێ پەناگەی ئەمنییەتی دەروونی، و لە هەمان کاتدا بە ئەقڵییەتی پێشوو. بە پێچەوانەی خۆ هەڵکێشانی قەومی سوڵتە، بە تایبەت فارس و تورک کە خۆیان بە نەتەو و پێشکەوتوو دەزانن، و گوایە ئەوان خێل نەبوون و نەتەوە بوون، بۆ ئەوەی ئەهلی خوێندن بێ، ئاشکرایە کە دەوڵەتی مۆدێڕن نە بەرهەمی فارس یان تورک، بەڵکوو بەرهەمی پشتگیری و پێکهێنانی لە لایەن رۆژئاواو بوو.

چ سەفەوییەکان و لەم ئاخرەشەو قاجارەکان، و چ عوسمانییەکان خۆیان خێڵ بوون و تا ئاخرین چرکەساتی دەسەڵاتداریێەتیان خێڵ مانەوە، بەڵام خێڵگەلێک کە توانیبویان سەرجەم خێڵەکان کۆنترۆڵ بکەن. تەنانەت ئەوەی کە سەرۆک خێڵگەلێک وەکوو سمکۆ یان شێخ سەعیدی پیران بەردەوام داوا دەکەن لە بەریتانیا تا پشتگیریان بکات بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، خۆی بە باشی بۆمان ئاشکرای دەکات کە لەو سەردەمە هەموو شتێک لە ژێر ئیرادەیان بوو و دەوڵەت لە لایەن بەریتانیاو پێک هاتبوو بۆ تورک و فارس و عەرەب، بۆیە ئەم سەرۆک خێڵگەلە لە بەریتانیا داوایان دەکرد رەزامەندی نیشان بدات بۆ درۆست کردنی دەوڵەتێکی کوردی.

بە راستی نە بە چاوی ئەمڕۆیی، کە لەوانەیە خۆدی تاکێکی کوردیش ئێساتەکە بە چاوێکی سووکەوە سەیری خێڵ و سەروک خێڵ بکات، بەڵکوو ئەگەر بە چاوی ئەو سەردەمە سەیری بابەتەکە بکەین، و کەسانێ وەک رەزای میر پەنج و موستەفا کەماڵ موقارنەیان بکەین لە گەڵ کەسانێ وک سمکۆ، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموودی بەرزەنجی و مەلا موستەفا، کەسانێکی ناچیز و بێ شناس بوون کە لە جۆملەی رەعییەت هەژمار دەکران. ئەوەی کە ئەمڕۆکە کەسانێ وەک رەزای میر پەنج یان موستەفا کەماڵ کە یەک شەو بووبوون بە رەزا شای پەهلەوی و ئاتا تورک، و بەریتانیا و نووسەر و دەوڵەتی تورک و فارس کردیانی بە وها پیاوگەلێک، لە چاو شێخ مەحموود و سمکۆ یان شێخ سەعیدی پیران، کە لەو سەردەمە خاوەنی پێگەی سیاسی-کۆمەڵایەتی مەزن، سەرۆکی خێڵ و پیاوی بەرچاوی ئایینی بوون و بە هەزاران کەس پەیرەو و گوێبیستیان بوو، چ بوون و کێ بوون.

دەباشە کاتێ بەریتانیا ئەتوانێ پیاوی ناچیز بکات بە شا یان سەرۆک کۆمار، بۆ نەتوانێ بە ئەمانیش هەمان پلە ببەخشێ. بەڵام ئەوەی کە کەسانێ وەک سمکۆ یان شێخ سەعیدی پیران نەیاندەزانی، ئەو بوو کە لە سیاسەتی نوێی بەریتانیا بۆ ناوچەکە ئەوان نە تەنها پێگەیێکیان نەبوو، بەڵکوو ئەبوا لە ناویش بچن، و کوردیش ئەبێ رۆڵی دێوزمەیێکی پێ بدرێ بۆ تۆقاندنی دەسەڵاتی ئەم وڵاتگەلە تا هەر کات گەرەکییان بێ لە ئیرادەی ئەوان سەرپێچی بکەن، لە چرای جادوو ئەم دێوزمەیە بهێننە دەرەوە.

ئەمە پەیمانی سایکس- پیکۆ بوو کە شێوازی دەسەڵاتداریێتی لەم وڵاتگەلە لە خێڵەو گۆڕی بۆ دەوڵەت. ئەگەر خێڵ دەیتوانی تا پێش سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕنی هەناردەکراو، لە نێوان دەسەڵاتداران لە پێناو مانەو کایەی سیاسی بکات، پاش ئەم شێوازە لە دەسەڵات لە ژێر ناوی حاکمییەتی سەرزەمینی لە بەرمابەر دەوڵەتگەلێک کە لە لایەن رۆژئاوا چەکدار و پشتیبانی دەکران بە تەنیا مایەوە.

دواییش ئەوی کە بە ناوی سیاسەتی سەرکوت کردنی خێڵ لە لایەن دەسەڵاتەکانەو کرا، و هەموو رەهەندەکانی ئۆبژێکتیڤی ژیانی خێڵەکی لە ناو برد، شتێک جگە لە سیاسەتی سەرکوت و تاواندنەوی قەومەکانیتر نەبوو. لە راستیدا هەرچەند ژیانی خێڵەکەی تایبەتمەندی کورد یان عەرەب نەبوو، و بە هەمان شێوش لە ناو فارس یان تورکیشدا هەبوو، بەڵام لە پێناو لە ناو بردن و تواندنەوی گەلی نافارس یان ناتورک، بە باڵای کورد، یان عەرەب دووریا و کردیان بە خەڵاتێک کە گوایە ئەمە کوردە کە دەشتەکی، وحشی یان خاونی ناسیۆنالیزمی خێڵەکییە. ئەگەر باش نووسینەکانی سەردەمی پێش رەزای میرپەنج بخوێنینەو، ئەبینین رووناکبیرانی فارس چۆن بە دەست نائاگاهی نەتەوایەتییەو، یان شەڕی نێعمەتی- حەیدەری کە لە زۆربەی شارە فارس نشینەکان دەکرا-ناگەڕێمەو بۆ مێژووکەی ئەم بابەتە- دەناڵێنن. ئەوی کە قەومی فارس لە رێگەی دەسەڵات و نووسەر ئەیەوێ پێناسەیێکی مۆدێرن لە خۆی نیشان بدات و گەلانیتر بە ناوی خێڵ و دواکەوتوو بناسێنێ، شتێ نییە جگە لە تەحریفی مێژوو

ئەوەی کە رەزای میرپەنج هەستا بە سەرکوتی خێڵ، سیاسەتێک بوو بۆ ئەتۆمیزە کردنی تاک و -لێردەا تاکی کوردی مەبەستمە- لە ناو بردنی هەر جۆرە شناسێکی جەمعی کە دەیتوانی مەترسیێک بێ بۆ سیاسەتەکانی قەومی سوڵتە. ئاورێ لە میژووی چەند دەیەی رابدوو ئەومان بۆ ئاشکرا دەکات کە مەترسییە گەورەکان لە سەرەتاو نە لە لایەن حزب و رووناکبیر کە لە لایەن سەرۆک خێڵ و سەرۆکی ئایینی سەری هەڵداو: سمکۆ، مەلا مۆستەفا بارزانی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموودی بەرزەنجی. ئەگەر چی شۆرشی بارزانی توانی دەوام بێنێ، بەڵام لە تورکیا و ئێران، بە هۆی سەرکەوتوویی سیاسەتی پاکتاوی، خێڵ نەیتوانی درێژە بە ژیانی بدات. 

لە ماوی دوور و درێژی خەبات پاش سەرهەڵدانی دەوڵەت، ئەقڵی سیاسی کوردی هاوکات بە بێ تەوجۆهی بە دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی، -کە هەر یەک یان دەرفەتێ بوون بۆ بەرەو پێش چوونی خەبات، یان کۆسپێک بوون لە رێگەی خەبات- خۆی سەرقاڵی چەمکگەلێک دەکرد کە جیا لەوی نەیەدەتوانی لە گەڵ کۆمەڵگەی کوردی رێکی بخات، بەڵکوو تەنانەت لە خۆدی چەمکەکانیش باش تێنەدەگەیشت.

خراپتر لەوش، ئەگەر دیاردەی خەیانەت یان هەمان هەڵبژاردنی شێوازێکی ژیان بۆ مانەوە، لە فۆرمی تاک لە کۆمەڵگەی کوردی جێگەی شیوازی خێڵکەی گرتبوو، حزب بە هەمان عەقڵییەتی خێڵ لە کوردستان دووبارە کرایەوە. کافییە سەرنجی هەڵسووکەوتی حزبە کوردییەکان لە ماوەی چەند دەیەی رابردوو بدەین تا بۆمان دەرکەوێ چۆن حزب لە پێناوی مانەوە، ئەوەی خۆفرۆشی پێی نەکرا و نەدەکرا، کردی. دووبارەی دەکەمەوە تا خوێنەر پێی وا نەبێ دەمەوێ رووکارێکی جوان و زێڕین بکێشمە سەر خۆفرۆشان، یان ئەوەی حیزبەکان بکەم بە خراپتر لە خۆفرۆشان. بەس لەم روونکردنەوەیە ئەمەوێ ئەو بخەمە بەردەستی خوێنەری بەرێز کە خاڵی قەیرانی خەباتی کورد، لە ئەقڵی سیاسی کوردی خۆی شاردۆتەوە و تا ئەو چارەسەر نەکەین خەباتی ئێمە هەر ئەمە دەبێ کە هەیە و بەس ئەبێ چاوڕوانی رووداوکان بین، و مێژووش پێمان دەڵێ کە هەمیشە رووداوکان سواری کورد بووگن. بۆ بابەتی حزب لە درێژەدا دەگەڕیمەو. 

دابەشبوونی دووهەمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ: پاشماوی ئەقڵی سیاسی سەردەمی خێڵ؛ دابەش بوونی کوردستان لە نێوان چوار وڵات؛ گۆڕانی فۆرمی دەسەڵات لە هێزی خێڵەکی بەرەو دەوڵەتی مۆدێڕن؛ ئاشۆفتگی شناس لە ژێر کاریگەری هێژمۆنی نەتەوەسازی قەومی باڵادەست، بە تایبەت لە ئێران و تورکیا؛ پێناسەی خۆدی کوردی هاوکات لە ناو چەند وێژمان و ئایدیۆلۆژیا؛ سەر هەڵدانی چەمکی نوێ، و خوێندنەویان بە پێی ئەقڵێ خێڵەکی؛ ماڵ ئاوایی خێڵ بە تایبەت لە رۆژهەڵات بە پێی سیاسەتی نەتەوەسازی و جێگر بوونی لە لایەن حیزب، بەڵام بە هەمان ئەقڵی خێڵەکی، بە تایبەت حیزبی دەقاودەق خێڵ، و هەروها حزبی چەپی و هتد. بێگۆمان ئەوانەی کە وترا هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی و ئەقڵی سیاسی کوردی لە خۆ ناگرێ. بەڵام لەوانەیە بتوانین بەشێ لە کێشەکانی خەباتی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵات بەتایبەتی، بە پێی خاڵەکانی سەرەو شرۆڤە بکەین. پیوەندی نێوان چەن خاڵی ناو براو بە شێوەیەکە کە ناتوانین پێورێک و معیارێک بۆ تەقەدۆم و تەئەخۆریان دیار بکەین، بۆیە لە چەمکێکەو دەست پێ دەکەم کە پێوندی هەیە بە سیاسەتی دەرەکی وڵاتە زلهێزەکان دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و بە تایبەت دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، سیاسەتی دەوڵەتی وڵاتگەلێ کە کورد بە سەریاندا دابەش کرا و هەروەها خوێندنەوی ئەقڵی سیاسی کورد لە سیاسەت و بارودۆخی خۆی بە پێی ئەو چەمکە کە ئەویش بێگۆمان چەمکی ریاڵیزمی سیاسییە.

درێژەی هەیە

ئەم بابەتە لە فەیسبووکی \"مەسعوود رۆستەمی\" وەگیراوە