یەكەمین کۆنفرانسی ئەردەڵانی ناسی لە سنە دەستی پێكرد

كوردپا: یەكەمین کۆنفرانسی ئەردەڵان ناسی كە تایبەتە بە تاوتوێی رەوتی مێژوویی میرنشینی ئەردەڵان و پیوەندیی لەگەڵ مێرنشیەكانی دیكە لە شاری سنە دەستی پێكرد.

دەبیری زانستیی کۆنفرانسی ئەردەڵان ناسی رایگەیاندووە، كە کۆنفرانسی ئەردەڵان ناسی كە دوو رۆژ دەخایەنێت لەلایەن \"ناوەندی لێكۆلینەوەی زمان و ئەدبی كوردی و ناوەندی كوردستان ناسی\"ی زانستگای كوردستان و بە هاوكاریی چەندین ئۆرگانی دیكەی حكوومەتی لە سنە و لە ئاستێكی بەرفراواندا بەڕێوە دەچێت.

دوکتۆر نەجمەدین جەباری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی كوردپرێس وتوویەتی: سەرجەم 96 بابەت گەیشتونەتە دەبیرخانەی کۆنفرانس و پاش تاوتوێ‌و هەڵسەنگاندن 23 بابەت هەڵبژێردراون و لەو كۆڕەكەدا دەخوێنرێنەوە و لە ئەنجامدا سەرجەم بابەتەكان لە دوتوێی كتێبێكدا چاپ و بڵاو دەكرێنەوە.

حەوت بابەت لە هەرێمی كوردستان و لە شارەكانی هەوڵیر، سلێمانی و دهۆك رەوانەی کۆنفرانسی ئەردەڵان ناسی كراون كە 5 بابەتیان دەخوێنرێنەوە و هەروەها بابەتەكانی دیكە لە شارەكانی: تاران، ئیسفەهان، تەورێز، كرماشان، ئیلام، ورمێ‌، بۆكان، سەقز، بانە و سنەوە گەیشتونەتە دەبیرخانەی کۆنفرانس.

جەباری راشیگەیاندوو، لە کۆنفرانسی ئەردەڵان ناسیدا لەمەڕ سەرهەڵدان و تاوتوێی رەوتی مێژوویی ئەردەڵان و هەڵكردن و پێوەندیی لەگەڵ ئیلخانەكان، تەیمووییەكان، سەفەوییەكان، زەندیە، ئەفشاری، قاجاڕی، عوسمانی و هەروەها پێوەندیی لەگەڵ میرنشینی بابان و هەروەها هۆز و خێلەكانی دەورووبەر و چەند لایەنێكی دینی، كۆمەڵایەتی فەرهەنگی و بەتایبەت زمانی ئەدەبی فۆلكلۆریی سەردەمی دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان دەخرێنە بەرباس و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت.