کۆمەڵگا، سیاسەت و دەسەڵات

عەلی قاسمی

یەکێک لە گرینگترینی بۆچوونە سیاسییەکان، وڵامدانەوە بەم پرسیارەیە کە: “بە لابردنی دەسەڵاتی مەوجوود، چ ئاڵتێڕناتیڤێک بوونی هەیە و چ شێوە دەسەڵاتێک دەبێ جێگرەوەی سیستم و دەسەڵاتی پێشوو بێ؟\"
هەروەها کۆمەڵگا دەبێ لە فکری ڕێگاچارەی سیاسی و یاساییدا بێ بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە بڕیارە بیهێنێتە ئاراوە. هەر کات دەسەڵاتێک نەیتوانی لە جێبەجێکردنی وادە و بەڵێنییەکانی و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتدا سەرکەوێ، بە بێ تووندوتیژی و لەڕێگەی یاسای بنەڕەتی و بە دەنگی کۆمەڵانی خەڵک دەبێ مەشرووعییەتی لێوەربگیرێتەوە و لە سەر کورسیی دەسەڵات بکێشرێتە خوارێ.

بابەتی سەروو یەکێک لە گرینگترین پرسیارەکانی فەلسەفەی سیاسییە و لە بواری زەمانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتوون لە یوونانی کەونارادا.

ئەفلاتوون لە کتێبی \"کۆمار\" ەکەیدا، ڕای وایە کە فەیلەسووفان دەبێ ببن بە پاشا، یان پێچەوانەکەی، پاشا یان حاکمانی داپڵۆسێنەر دەبێ وەک فەیلەسووفان پەروەردە بکرێن.

ئەفلاتوون تەنیا فەیلەسووفێک نییە کە لە وڵامی پرسیاری \"کێ دەبێ حکوومەت بکا\"دا، بیروڕای خۆی دەربڕیبێ، مارکس و مارکسیستەکانیش وەک سیستمێکی فەلسەفی لە بواری دەوڵەت، نەتەوە و دەسەڵاتدا ڕای خۆیان دەربڕیوە.

مارکس لە باسی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریادا، وەک تایبەتمەندیی دەورانی تێپەڕ، لە سەرمایەدارییەوە بۆ سوسیالیزم و کۆمۆنیزم و لە سانتڕاڵی بوونی دەسەڵاتی سیاسی، لە دەست زۆربەی کۆمەڵانی خەڵک، یانی چینی کرێکار لە قاڵبی شۆرادا پەیڤینی هەیە.

کاڕێڵ پووپێر (۱۹۰۲ - ۱۹۹٤) بۆ ڕەدکردنەوەی ئەم بۆچوونەی ئەفلاتوون، کە دەڵێ: \"فەیلەسووفان دەبێ ببنە حاکم، توماس مازاریک (۱۸٥۰ - ۱۹۳۷)، فەیلەسووف - شای چێکۆسڵۆڤاکیا، بە نموونە دێنێتەوە کە ناوبراو فەیلەسووفێکی پاشڤەخواز و کۆنەپەرەست بووە و لەژێر کاریگەرێتی بۆچوونی فەلسەفی هەڵەدا دەستی دایە کارگەلێک، کە دابەشینی ئیمپڕاتۆری کۆنی ئۆتریشی لێکەوتەوە و هەر ئەمەش بۆ دونیا بوو بە کارەسات و هۆکاری ناسەقامگیریی، کە دواجار بوو بە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەیەک بە ناوی نازیزم و فاشیزم و تەنانەت بوو بە هۆی ڕووخانی کۆماریی چێکۆسڵۆڤاکیای توماس مازاریک.\"

بە باوەڕی پووپێر، پرسیارەکەی ئەفلاتوون لە سەر ئەوەیکە چ کەسێک دەبێ حکوومەت بکا، لە بناخەڕا هەڵەیە و سەرچاوەی تەواوی بیروڕا چەوتەکانی ئێمە لە سەر فەلسەفەی سیاسی پێکدێنێ. پووپێر لای وایە گەمژانەیە گەر پێمانوابێ، هەڵبژاردنی باشترین و لێوەشاوەترین حاکمان، کۆمەڵگا بەختەوەر دەکا.

پووپێر پێیوایە لە سەر شێوەی داخراوەیی و واڵایی لە بەستێنی سیاسیدا، دوو جۆر ڕوانگە و کردەمان هەیە کە دەشێ لەنگەریان لە سەر بگیرێ:

۱) ئەو حکوومەت و سیستمانەی کە بەبێ تووندوتیژی و خوێنڕشتن و تەنیا لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە لە دەسەڵات دوور دەکەونەوە.

۲) ئەو حکوومەت و سیستمانەی تەنیا لە ڕێگەی شۆڕشگەلی خوێناوییەوە دەسەڵات جێدەهێڵن، پووپێر پێیوایە ئەوە هەمان حکوومەت و سیستمە پاوانخواز و دیکتاتۆرەکانن.

لە ڕوانگەی پووپێرەوە ئەم پرسیارە یۆتۆپیا - ئەفلاتوونییەی \"کێ دەبێ حکوومەت بکا\" زۆر گرینگ نییە، چوونکە وڵامی ئەم پرسیارە بە چەندین شێوە دەدرێتەوە، بۆوێنە دەتوانین بڵێین باشترینەکان و زانایان دەبێ حکوومەت بکەن، یان بە ئاراستەیەکی دێموکراتیک بڵێین حکوومەت دەبێ هی زۆرینە بێ. بەڵام لە فەلسەفەی سیاسیدا پرسیارێکی گرینگتر بوونی هەیە کە هەموومان دەبێ سەرنجی بدەینێ، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ هەموومان بە گشتی فێر بین کە ئاراستەی سیاسیمان بە جۆرێک بێ کە بیر لەوە بکەینەوە کە حکوومەتێک بێنینە سەر کار کە لابردنی لە هەر کات و ساتێکدا بە بێ تووندوتیژی و شەڕ و تێکهەڵچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنیا لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە بێ، نەک بەپێی بۆچوونە فەلسەفییەکانیی ئەفلاتوون، هێگڵ و مارکس، کە ئەم سێ کەسایەتییە و بۆچوونەکانیان، پێش زەمینەی سەرهەڵدانی سیستمە تۆتالیتێرەکانن.

سەرچاوە:

جامعەی باز و دشمنان آن، کارل پوپر، ترجمەی عزت اللە فولادوند، انتشارات خوارزمی.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.