کوژرانی بەرپرسی پۆلیسی ئاگایی شاری شاباد

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی پۆلیسی ئاگایی شاری شاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، لە شەڕ و پێکدادانێکی چەکداری لەو شارەدا، کوژرا.

جێگری کۆمەڵایەتیی فەرماندییی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کرماشان لە وتووژێک لەگەڵ میدیاکانی حکوومەتیدا، باسی لە کوژرانی \"کوورش حاجی مورادی\"، لە شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداریدا کرد.

بە وتەی \"محەمەدڕەزا ئاموویی\"، لەو شەڕ و پێکدادانەدا، \"کوورش حاجی مورادی\" بریندار و دەسبەجێ بۆ ناوەندی دەرمانی ڕاگوێزراوە، بەڵام بە هۆی کاریگەریی برینەکانیەوە، گیانی لەدەست داوە.

جێگری کۆمەڵایەتیی فەرماندەیی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە: \"لەو شەڕ و پێکدادانەدا، یەکێک لە مەئموورانی پۆلیسی ئاگایی بریندار بووە.\"

هەتا ئێستا، هیچ لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو شەڕەی بە ئەستۆ نەگرتووە و شوناسی لایەنی بەرانبەر لەو شەڕەدا، ناڕوونە.