کوردستان/ سێ کچ و ژن هەوڵی خۆکوژیان دا

ئاژانسی کوردپا: سێ کچ و ژنە هاووڵاتی کورد خەڵکی شارەکانی کوردستان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی دەستیان دایە خۆکوژی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"دڵنیا ڕەحمانی\" کچی جەماڵ خەڵکی گوندی \"دەرەهەن\"ی شاری دیواندەر و دانیستووی شاری مەریوان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو کچە هاووڵاتییە تەمەن ١٨ ساڵە، دەزگیران بووە و بە چەکی تاپڕ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی \"م،بریاجی\" تەمەن ٣١ ساڵ ، بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها، چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کچێکی لاو تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد، هەوڵی خۆکوژی دا، بەڵام هەوڵەکەی بێئاکام بوو.