کاوە بەهرامی: پانتایی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لە ئاگری و ورمێ تاکوو ئیلام و لوڕستانە

پاش کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات و ئاڵوگۆڕەکانی ئەم کۆنگرەیە، ناوی ناوەندی سیاسی – نیزامی ئەم حیزبە، بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان گۆڕدرا.

پاش دانانی لۆگۆ و ئاییننامەی تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەندێک لایەن، حیزبی دێموکراتیان بە \"تاکڕەوی\" تۆمەتبار کرد.

بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاژانسی کوردپا لەگەڵ کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکرات وتووێژێکی پێکهێناوە کە بەم چەشنەیە:

ئاژانسی کوردپا: هێزی پێشمەرگە کوردستان لە سەر چ بنەمایەک دامەزراوە؟

هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەر بنەما نەتەوەیی و دیمۆکراتیکەکانی یەکەم کیانی کوردی لە شکڵی کۆماریدا کە کۆماری کوردستانە و ئەندێشەی مودێڕنی پێشەوا قازی و کۆمارەکەی بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی کوردستان و کورد دامەزراوە، هێزێک کە پارێزەری ئازادییەکانی خەڵکە، ڕەساڵەت و پەیامی کۆمار و پێشەوای نەمریش سەرچاوەی هزر و بیر و کردەوەکانیەتی.

ئاژانسی کوردپا: ئەرکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چییە؟

پێشمەرگە و هێزە فیداکار و لەبڕاننەهاتووەکەی پێشەنگی خەباتی کورد، لە واقێعدا، هێزی ڕەسەنی بەرگریکار لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانن و ڕزگاری خاک و خەڵکی کوردستان بە هاوکاری یەکتر ئەرکی لە پێشینەیانە، پێشمەرگەی پێشەنگ، ئەرگەرچی لە کۆمەڵگادا ئەرکی وشیاری و ڕۆڵی ڕۆشنگەری دەگێڕێت، ئەمرۆ نەخشی پشتیوانی و بەهێزترکردنی سەرجەم حەرەکەتە جەماوەری و مەدەنییەکانیشی لە ئەستۆیە و خەڵک لە پلان و پیلانەکانی ڕێژیم دژی گەلی کورد و کۆمەڵگا ئاگادار دەکاتەوە و لە چوارچێوەیەکی بەهێز و سەردەمیانە، لاوانی وشیار و دەروەست بۆ درێژەدانی خەبات و بەرەنگاری دیکتاتۆرییەت سازمان دەدا؛ هاوکات خەڵک و پێشمەرگە لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە پیرۆزانە پشتیوان و پاڵپشتی یەکتر دەبن.

ئاژانسی کوردپا: هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چ مێتۆدگەڵێکی خەبات کەڵک وەردەگرێت؟

خاکی کوردستان ئەڕۆ بە هێزی پۆشتە و پەرداخی ڕێژیم کە لەسەر حیسابی ئیمکاناتی گیانی و ماڵی خەڵکەکەی لەلایەن ڕێژیمەوە بە تاڵان براوە، مێلیتاریزە کراوە و بەداخەوە کۆمەڵە خەڵکێکی قازانجپەرستی کوردیش ڕۆڵی سیخوڕی و خۆشخزمەتی بە رێژیمیان کردووەتە خووی ڕۆژانەیان ، یەمە وای کردووە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە مێتۆدی جۆراجۆر بۆ درێژەدان بە کار و چالاکییەکانی و کەمکردندەوەی زەرەر و زیانەکان کەڵک وەربگرێت.

لە قۆناغی هەستیاری ئیستادا و بە پێی ڕەسالەتی مێژوویمان، دەبێ مێتۆد و کردەوەکانمان لە ڕاستای وەدیهێنانی گرێدانی خەباتی شاخ و شار بێ ، کەواتە شار کە جووڵا ، شاخ پشتیوانیەتی و پێکەوە ئەرکەکە بەڕێوەدەبەن و بە ئامانج دەگەن.

مێتۆدەکانی خەباتی ئیستامان نیشاندانی ئەو ڕاستییەیە، کە بە ڕوالەت کۆماری ئیسلامی خۆی وەک دوورگەیەکی ئارام نیشان دەدات، ئێمە دەبێ هاواری مافخوازیی دەنگە کپکراوەکان بین.

لە هەر حاڵدا هێزێکی شۆڕشگێر وەک پێشمەرگە کە لە خەباتێکی نهێنی و پڕ لە مەترسیدایە، مێتود و تاکتیکەکانی بە پێی هەلومەرجی ڕۆژ و دژکردەوکانی دوژمن دادەڕێژێت.

ئاژانسی کوردپا: ستراتێژیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەن چ ناوەندێکەوە دادەڕێژێت؟

ستراتێژیی نیزامی، سیاسیی و ... هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەن فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە و دەزگا و دامەزراوە بڕیاردەرەکانییەوە، بەپێی ئائیننامەی هێزەکەمان دادەڕێژێرێت.

ئاژانسی کوردپا: پانتایی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەند هەرێم لە ڕۆژهەڵات لە خۆ دەگرێت؟

پانتایی جوغرافیایی کار و چالاکی ئێمە لە خورهەڵاتی نیشتمان لە بەرزە کێوەکانی \"ئاگری\" و \"ورمێ\"وە تاکوو موکریانی مەڵبەندی خەبات و داڵاهۆی سەربەرز و سنەی خوێناوی و ئیلام و لوڕستانە.