ڕەوانەکردنی چالاکێکی کرێکاریی بۆ زیندان

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی شاری کامیاران، بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، \"ئارام محەممەدی\" چالاکی کرێکاریی، لە کامیاران دەسبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کراوە.

سەرماوەزی ئەمساڵیش، حوکمی دوو ساڵ و ١٨٨ ڕۆژ زیندانی، بۆ ئەم چالاکە کرێکارییە و ٥ چالاکی کرێکاریی دیکە، به ناوەکانی \"مێهرداد سەبووری\"، \"دڵنیا سەبووری\"، \"ئومید ئەحمەدی\"، \"شاهۆ سادقی\" و \"ڕۆژین ئیبراهیمی\"، لە لایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە پەسەند کراوە.

دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، ئەم شەش چالاکە کرێکارییەی به بۆنەی بەڕێوەبردن و بەشداریی لە مەراسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، تاوانبار کردبوو.

ئەم شەش چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی گوڵانی ١٣٩٥، بە تاوانی \"بەڕێوەبردن و بەشداریی لە مەراسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەسبەسەر کرابوون، پاش یەک حەوتوو بە دانانی بارمته به شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

سزای دیاریکراو بۆ ئەم شەش چالاکە کرێکارییە به ڕیزەوە بەم شێوە ڕاگەیەندراوە:

١ـ مێهرداد سەبووری: یەک ساڵ زیندانی تەعزیری

٢ـ ئومید ئەحمەدی: یەک ساڵ زیندانی تەعزیری

٣ـ ئارام محەممەدی، ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی

٤ـ شاهۆ سادقی: ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعزیری

٥ـ دڵنیا سەبووری: حوکمەکەی لە ساڵێکەوە بۆ سێ ڕۆژ کەم کراوەتەوە.

٦_ڕۆژین ئیبراهیمی: حوکمەکەی لە یەک ساڵ بۆ سێ ڕۆژ کەم کرایەوە.