چۆن رووداوەکانی ١٧ی شوبات بخوێنینەوە؟

محەممەد ئاکۆیی

بە دڵنیاییەوە لە هەلومەرجێکی ئێستادا مەحاڵە کەسێک، دەزگایەکی ئیعلامی، ڕێکخراوەێک، هتد بتوانێت بڵێت بێلایەنە. هۆکارەکەش ڕوون و ئاشکرایە کە حیزب لە کوردستان شۆڕبۆتەوە بۆ ناو هەموو کون و کەلەبەرێکی ئەم کۆمەڵگایە. نابێت بە هەڵەدابچین و وابزانین ئەوە بە سیاسی کردنی کۆمەڵگایە. ئەوە لە ڕاستیدا پیلانی حزبە دەسەڵاتدارەکان خۆیانە بۆ لەباربردنی هەر قسە و گوتارێک لەسەر سیاسەت لە دەرەوەی ئۆرگانی ئەو حزبانە. سەیرکەن چۆن سیاسەتیان چەقبەستوو کردووە بە چوارچێوەی تەسکی حیزبایەتییەوە. ئێستا وای لێهاتووە مامۆستا نابێت لە ناو پۆلدا باسی سیاسەت بکات؛ مامسۆتای ئاینی نابێ لە میمبەری مزگەوتەوە توخنی سیاسەت بکەوێت. ئەوەی حزبەکان دەیانەوێت ئەوەیە کە ئێمە تەنها لە ناوچە و کۆمیتەو مەڵبەندەکانەوە باسی سیاسەت بکەین. بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی هەوڵی دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەوەبووە کە لە دەرەوەی ئۆرگانی حزبەکانیان هیچ مەجالێک نەمێنێتەوە بۆ سیاسەتکردن و قسەکردن لەسەر سیاسەت. ئەوان دەیانەوێت لە خۆپیشاندانەکانیشدا تەنها باسی بتڵە غازو نرخی بەنزین و تعین بوون بکەین؛ کەی باسی سیاسەتمان کرد، کەی بەردمان گرتە باڵەخانەی حزبەکان و تفمان لە بەرپرسەکان کرد، کەی باسی بنەماڵەی تاڵەبانی یا بارزانیمان کرد ئەوا وەک ڕێژوان و گەرمیان، وەک سەردەشت و سۆران و کاوە خوێنمان حەڵال دەکرێت. بۆیە، بەردەوام خوێندنەوە بۆ رووداوەکان و ڕەخنەکردن وەک کردەیەکی سیاسی لە ژێڕ هەڕەشەی لەباربردن و بە لاڕێدابردن دان.

بەجۆرێک، لەم ڕۆژانەدا هەر قسەیەک بکرێت لەسەر سیاسەت، بێ شک دەستی حزبێک یان لایەنێک دەخرێتە پشتتەوە. لە زرووفێکی ئاوادا ڕەنگە کارێکی ئاسان نەبێت قسە لەسەر ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دوایی بکرێت، چونکە مەترسیەک ئەوەیە کە ئەو ڕووداوە وەک خۆی، وەک کردەیەکی سیاسی بە نادیدە دەگیرێت و پتر خوێندنەوەکان بە ئاراستەی تەسکی بەرژەوەندی حزبی و دەمەدەمی سەر تەلەفزیۆن و موزایەدەی حزبی مل دەنێن. لەلایەکی تر، سادەکردنەوەی تاوانی سیاسی و خوێندنەوەی هەڵە بۆ ڕووداوەکە گرفتێکی ترە و دەشێ هێندەی تر هەوڵی تێگەیشتن لەبار ببات.

ڕووداوەکانی ١٧ ی شوبات دەکرێ لە سێ لاوە هەوڵی لێتێگەیشتنی بدەین. لە ئاستی یەکەمدا، کاریگەرییەکانی ڕووداوەکە؛ وەک کارەساتێکی دڵتەزێن. لە دەستدانی ئەو هەموو خەڵکە مەدەنییە لەخۆیدا کارەساتێکە و دەکرێ چەندین توێژینەوەی گرنگی لەبارەوە بکرێت. کاریگەری ڕووداوەکە لەسەر کەس و کاری قوربانییان؛ کاریگەری ئەو ڕووداوانە لەسەر ڕای گشتی دەربارەی دەسەڵاتی کوردی؛ گاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی هەستی نیشتمانپەروەری، تاد. هەر لەم ئاستەدا، دەکرێت تێفکرین و تیۆریزەی ڕۆلێ نەزۆکانەی یاسا لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت. یاسا وەک بێدەستەڵات-ترین کایەی ژیانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا.

لە ئاستی دووەمدا، دەکرێت ڕووداوەکانی ١٧ ی شوبات وەک ئاماژەیەک سەیربکرێن. ڕووداوەکان وەک ئاماژە بۆ شتێکی تر. ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات دا دەبینرا ناڕەزاییەکی قووڵی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم هەرێمەبوو دەرهەق بەو کوشتار و گەندەڵی و ناعەدالەتیانەی لەم ناوچەییەی ئێمەدا دەگوزەرێت. لێرەدا بەشێک لە نووسەران و میدیای ئەهلی و میدیای ئۆپۆزسیۆن ڕوووداوەکانیان وەک ئاماژە بۆ ئەو زوڵم و چەوساندنەوانە لێکدەدایەوە کە یەکێتی و پارتی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەسەر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیان هێناوە. دیارە میدیای دەسەڵات و قەڵەمەکانی سەر بە یەکێتی و پارتی تێڕوانینێکی تریان سەبارەت بە ڕووداوەکان پەخش دەکرد. هەندێک دەیانگووت ڕووداوەکان ئاماژەن بۆ دەستێکی نادیار و هەندێکی تریش لایان وابوو کە ١٧ ی شوبات ئاماژەیەکی ڕووت بوو بۆ ڕۆلێ نەرێنی ئۆپۆزسیۆن لە مەیدانی سیاسیەتی هەرێمی کوردستاندا.

گرفتێک کە لەو دوو خوێندنەوەیەی سەرەوەدا، بەدەر لەوەیە کە ئایا ڕاستن یان هەڵەن، ئەوەیە کە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکە خۆی ناکەن، بەڵکو لە کاریگەرییەکانی ڕووداوەکە یان لە دەلالەتەکانی دەکۆڵنەوە. واتە پێمان ناڵێن ڕووداوەکە خۆی چییە و لە کوێوە دێت. بۆ ئەمە پێویستمان بە بەختیار عەلی هەیە. بەختیار عەلی ئاشنامان دەکات بە خوێندنەوەی سێهەم بۆ ڕووداوەکە، ڕووداوەکە وەک خۆی. لە ئاستی سێهەم دا،دەشێ ڕووداوەکان وەک دەرکەوتە سەیر بکەین؛ وەک دەرکەوتەی شتێکی گەورەتر؛ وەکدەرکەوتنی ئەندامێێکلە لاشەیەکی زەبەلاح کە بە رەنگی خوێن خۆی نمایش دەکات. بەختیار عەلی لە زۆر شوێندا ئەو لاشەیە وەک \"فاشیزم\" ناودەبات. بە بڕوای بەختیار ڕووداوی کوشتارەکەی حەڤدەی شوبات و تیرۆری سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمە ڕووداوگەلێکی ڕیزپەڕ و چاوەڕواننەکراو نین. تاوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەرهاویشتەی هەڵەیەکی تەکنیکی، یاخود هەڵەی چەند بەرپرسێک نییە. بگرە، بە تێڕوانینی بەختیار، تاوانی سیاسی بەشێکە لە هەناوی ئەو سیستمەی کە لە ژێڕەوەڕا تەکان بە هەموو جوڵەیەکی دەسەڵات دەدات لەم هەرێمەدا. واتە، سادەترین دەرکەوتەی ئەو سیستمە توندوتیژی و خوێن ڕێژییە. کوشتن و توندوتیژی دیاردەیەکی ناوازە نین بەڵکو بەشێکن لە ناوکۆی ئەو سیستمە کە بەختیار بە \"فاشیزم\" ناوی دەبات.

هەر بۆیە، ئەوانەی کە دەڵێن گوایە ئەو کوشتنانە دەرئەنجامی کەم و کوڕی، بێ دیسیپلینی یاخود بێ بنەماییە لە حوکمڕانیدا هەڵەیەکی کوشندە دەکەن لەوەی کە ناتوانن پەی بە قووڵاییەکانی کێشەکە ببەن. سادەکردنەوەی کێشەکان و بەستنەوەیان بە کەمتەرخەمی هەندێ بەرپرس یان هەڵەیەکی تەکنیکی لە بنەڕەتدا نەک تێگەێشتن نییە لە سیستم بەڵکو خزمەتکردنە بە مانەوەی سیستم. بە واتایەکی تر، ئەم سادەگۆییە پتر وادەکات سیستم لە یادبکرێت.

بەو پێیە، تێگەیشتن لە کوشتارەکەی حەڤدەی شوبات دەبێ لەوێوە دەستپێبکات کە لە کوردستاندا سیستمێکی فاشیستی توندوتیژ هەیە نەک تەنها چەند حزبێک یان بەرپرسێکی خوێنڕێژ. کەی گرفتەکەمان لە چەند هەڵەیەکدا کورت کردەوە، ئەکاتە لە گێژاوی سیستم داین و بێ ئاگا درێژە بە مانەوە و بەرهەمهێنانەوەی دەدەین.

ئەو بابەتە را و سەرنجی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نیە.