چوار هاووڵاتی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کران

ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣ی خاکەلێوە، چوار هاووڵاتی کورد، بە ناوەکانی \"حەیدەر شێخ محەممەدی، محەممەد ئەسەدی، حامید ڕەشیدپاک و حەمزەی مام قادری\" خەڵکی گوندی \"ئالیاوێ\"ی شاری شنۆ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، بە بۆنەی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ بووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٩٧، دەستیان بە سەر موبایل و هێندێک کەرەستەی شەخسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەدا، داگرتووە و ڕۆژی شەممە ٣ی خاکەلێوە، ناوبراون بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممە، هێزەکانی سپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ و لەگەڵ بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە، تووشی شەڕ بوون.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٩٧، پاش هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە شاری مەڵەکشای پارێزگای ئیلام، ژاکان باران شاعێری کورد خەڵکی مەڵەکشا، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ زیندانی ناوەندی شاری ئیلام ، ڕاگوێزرا.

هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو شاعێرە کوردە، لە لایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانەوە، ناڕەزایەتی دەربڕینی ناوبراو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە بووە.