چارەنووسی \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی \"نۆژین\" هێشتا ناڕوونە

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی یەکێک لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، خۆیان دەبوێرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە دانی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، خۆیان دەبوێرن.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی محەمەدی، ئەنجومەنی نۆژین و چالاکانی مەدەنی، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەکی ورد، سەبارەت بە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی زارا محەمەدی، خۆیان دەبوێرن.\"

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی \"نۆژین\" ڕایگەیاند: \"پارێزەری دۆسیەی زارا محەمەدی، بە شێوەی یاسایی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ناوبراو و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی دەکات.\"

سەرەڕای هەوڵی بنەماڵە و پارێزەری \"زارا محەمەدی\" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی و هەروەها هەوڵی چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە وەرێخستنی کەمپینێک بۆ ئازادیی زارا محەمەدی، هەتاکوو ئێستا، چارەنووسی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی \"نۆژین، ناڕوونە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.