پەیامی هاوبەشی بنکە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری پاوە، بە بۆنەی کۆچی هونەرمەند ئیسماعیل سابووری

ئاژانسی کوردپا: بنکە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری پاوە، بە بۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەند ئیسماعیل سابووری، پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا، هاتووە: \"ئیسماعیل سابوور ئەو مرۆڤەی کە لە هەورامانی بێشکەی مێژووماندا هاتە دونیاوە و گەرووی زێڕینی ستران و موسیقای کەوتە ژەنین و بوو بە سیمایەکی ناسـراوی هونەری میللیمان.\"

دەقی پەیامی هاوبەشی بنکە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری پاوە، بەم چەشنەیە:

\"نازانم لە کام وشە بلاڵێمەوە/ پەناهەندەی کام فیدراڵی حەسرەت بم/ چۆن بە پەژارە بڵێم/ ها ئەوە کەوشەکانت

کاتێ لەبەر چاوی هەمووتانەوە دارەبەڕوو ئەسووتێ/ دەبێ چۆن کریستاڵی بوون/ لە دەستا ڕاگرم\"


بە سترانی بلاوێنی \"دەرەگماڵێ\" و \"حەوزەلارە\" و نەرمەشنەی \"سۆنی\" و \"سەرکۆ\" فرچکی گرت و لە چەمی \"خانەگا\" و \"پاوە\"ی دەلالەوە \"دەرەیی\" چڕی و بەرەو \"ئاتەژگا\"ی سیاوچەمانە و \"شاهۆ\"ی مووزیکی کوردی باڵای نەخشـاند و گەرووی سۆزی لە کرماشانی شیرینـەوە تەقی و لە سنەی سەربەرزەوە بەرەو هەولێر و دیاربەکر و قامیشلۆ و کەرکووکی دڵ شەپۆلی دا و لە سلێمـانی پێتەختی ئاوەز و ڕۆشنبیرییەوە گیرسایەوە، ئیسماعیل سابوور.

ئیسماعیل سابوور ئەو مرۆڤەی کە لە هەورامانی بێشکەی مێژووماندا هاتە دونیاوە و گەرووی زێڕینی ستران و موسیقای کەوتە ژەنین و بوو بە سیمایەکی ناسـراوی هونەری میللیمان. ئەو کەڵەمرۆڤەی کە هەر لە یەکەم هەنگاوەکانی ژیانیەوە ئامێتەی ڕەنج و نەهامەتی و زەحمەت و کەسەر بوویەوە، کەچی بەردەوام ڕێچکەی پڕشانازی هونەری نیشتمانیی بەرنەدا و هەتا سەر ڕێبـواری ئەو ڕێگایە مایەوە و بە دەیان و سەدان کۆپلە و ئالبۆم و مانای زێڕین و سیحراوی سترانی لە سیاچەمانە و مەقام و... نەخشاند و بە شانازییەوە خۆی لە ڕیزی گەورەهونەرانی نیشتماندا جێ کردەوە و بوو بە هێمـای دەنگێکی ڕەسەن و میللی.

بە دڵنیاییەوە بە کۆچی دوایی هونەرمـەندی میللیمان مامۆستا ئیسماعیل سابوور، هونـەری کوردی هونەرڤانێک، کوردستان، سەردارێکی وەفادار، پاوە و هەورامان ڕۆڵەیەکی بەهەڵوێست و بەتوانا و ئێمەش مامۆستایەکی تەواومانانمان لە کیس چوو. بۆیە حەقمـانە ئەگەر لەم ڕۆژەدا و بەردەوام، بە پێکێک لە هەناسەکانی هەورامان و لێوارێک لە سیحری نۆتەکانی مووزیک و سیاوچەمانە و پڕژێک لە پڕچەکانی هەڵبەست و هەڵوێست، دەست لەسەر سینە و ڕێزمەند لە بەرانبەر هەست و سۆز و گەروو و جەستە و هونەریدا ڕاوەستین و دڵگران بەو کۆچەی، خەم دامان ‌بگرێت و ئازاری قووڵی لەدەست‌چوونی، سەدهێندەی‌تر شێلگیرترمان بکات لە بڕینی ئەو ڕێباز و ڕێچکەیەی کە ئەو و هەزارانی ‌تری وەک ئەو، بڕییان.

لە بەرەبەری ماڵاوایی یەکجارەکی لە جەستەی شکۆمەند و هونەرینی مامۆستا ئیسماعیلی سابووردا، وێـڕای دەربڕینی ئەوپەڕی خەم و ناڕەحەتیمان، پڕبەدڵ سەرەخۆشی دەکەین لە خۆمـان و لە بنەماڵەی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خەڵکی بەشەرەفی پاوە و ناوچەی هەورامـان و سەرجەم گەلی کوردستان و کاروانی دوورودرێژی هونەر و مووزیکی کوردستان و هەر لەو کاتەشدا لەگەڵ ڕۆحی ئەو نەمرەمان پەیمان دەبەستین کە درێژەپێدەری ڕێ و ڕێباز و هەڵوێست و هونەرە جوانەکانی دەبین و بە \"خان ‌باجی\" و \"کەمەرەشل\" و \"بیرەوەری\" و \"سەفەرنامەی کوردستان\" و \"یاری نازدار\" و دەیان و سەدانی ‌تری، هەست و سۆز و ئەندێشە و هونەرمان بە نیشتماندا دەدوورینەوە و پێدەشتەکانی شاخ سەوز و سەوزتر دەکەینەوە.

بنکە فەرهەنگی و هونەریەکانی پاوە:

١- بنکەی فەرهەنگی هونەری قەڵەمی هاوچەرخی کورد/ پاوە
٢- بنکەی موسیقای پاوە
٣- یانەی موسیقای هەورام پاوە
٤- فێرگای موسیقای نوانس
٥- فێرگای موسیقای دەنگ
٦- ئۆرکێسترای فیلارموونیکی پاوە
٧- یانەی سیاوچەمانەی پاوە
٨- یانەی دەفی پاوە
٩- ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبی مەولەوی
١٠- بنکەی فەرهەنگی ئەدەبیی هەورام
١١- بنکەی ژینگەپارێزیی ژیوای

پاوە/ ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی