پەردە لەسەر ئالبۆمی نوێی هونەرمەندی کورد لادرا

ئاژانسی کوردپا: ئالبۆمی هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە هۆڵی فەرهەنگیی ئیرشادی مەریوان، ڕوونوێنیی لێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، ئالبۆمێکی نوێی \"یەدوڵڵا شاکری\"، هونەرمەندی سنەیی، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، پەردەی لەسەر لادرا.

ئەو ڕێوڕەسمە، لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی- هونەریی \"ڤەژینـ\"ـەوە ڕێکخرابوو.
دوکتور \"حامید کۆنە‌پۆشی\" و دوکتور \"مەحموود موبارکشاهی\"، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕوونوێنیی ئەو بەرهەمە نوێیەی \"یەدێ شاکری\"، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، هونەرمەند \"یەدوڵڵا شاکری\"، لە گۆرانییە نوێیەکەی خۆی، پێشکەشی بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە کرد.

\"یەدوڵڵا شاکری\"، لەدایکبووی ساڵی ٥٦ی هەتاوی لە شاری سنەیە و زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە بیاڤی هونەریدا چالاکی دەکات و ناوبراو لە مامۆستایانی دیوان لە کوردستان و ئێران دێتە ئەژمار.