پرۆژەیەک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان*

مەسعوود رۆستەمی

بەشی یەکەم؛
لە کۆمەڵگەیەکی سەراپا حیزبی، ئاخافتنی کەسێکی ناحیزبی کە بەس کەڵکەڵکە نەتەوایەتییەکان پاڵی پێوە دەنێ کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ دۆزینەوەی رێکار و رێگە چارەیێک لە راستای رێبازێک بۆ بووژاندنەوەی خەبات یان سەرکەوتنی خەبات، لەوانەیە نە تەنیا کڕیارێکی نەبێ، بەڵکوو بە چاوی گۆمانیشەوە سەیر بكرێ. بە داخەوە لەم کۆمەڵگەیەدا ئەمە تەنیا حیزب نییە کە بە دوای ئێنحساری حەقیقەتە؛ بە هەمان شێوە نووسەر و رووناکبیریشمان ئەگەر شتێک لە زاری خۆی نەیتە نەدەرەوە بێنرخی دەکات. لەم کۆمەڵگەیەدا ئەوەی گرینگە بێژەری وتەیە نەک حەقیقەت. بە هەر حاڵ ئەمەش نابێ ببێتە بیانوویێک بۆ خۆ دزینەوەمان لە ئەرکگەلێک کە لەم قۆناخە هەستیارە کە لە سەر شانمانە. نووسەر بە ئەرکی خۆی دەزانێ بۆ ژیاندنەوەی خەبات و سەرکەوتنی گەلەکەی ئەوەی وەکوو خۆم پێم دەکرێ هەستم بە ئەنجامی. جا ئەگەر ئەم نووسینە بتوانێ تەنانەت گۆشەیێک لە کێشە هەنووکەییەکانیشمان چارەسەر بکات مایەی خۆشحاڵییە.

ئەگەریش تەسەلۆبی حیزبی وا بکات کە پشت گوێ بخرێ، لانیکەم لای ویژدانی خۆمان شەرمەزار نابین. بۆیە هەڵدەستم بە نووسینی ئەم مانیفێستە و دەیخەمە بەر دەست ئەقڵ و ویژدانی حیزب و نووسەر و چالاکڤانانی کورد، بۆ هەستانەوەی خەبات لە رۆژهەڵات وەکوو ئەرکێکی نە تەنها نەتەوایەتی، بەڵکوو لە هەمان کاتدا وەکوو ئەرکێکی ئینسانی.

ماویەک لەمەو پێش کاک هێمن سەیدی باسێکی هێنایە ئاراوە بە ناو ئاشتی نەتەوایەتی. گوێبیستی قسەکانی بووم، بێ ئەوەی بمەوێ هەوڵەکانی کاک هێمن بێ نرخ بکەم، پێویستە بڵێم ئەوەی کاک هێمن باسی دەکات بابەتێکی عاتفییە و پێش ئەویش کەسانێک ورووژاندوویانە؛ بەڵام بە داخەوە هیچ ئاکامێکی نەبووە. هەر کوردێکی ئازادیخواز پێی خۆشە ئەم پرژ و بڵاوییە و ئەم دگان لە یەک ریچ کردنەوە لە ناو کۆمەڵگەی کوردی تەواو بێت و پێکەوە بۆ ئازادی نیشتمانمان کار بکەین. ئەمما بە داخەوە تا ئێستا نە تەنها بە ئاکام نەگەیشتووە، کە چی خراپتریش بووگە و جۆرێ لە بێهیواییشی بە دواوە هێناوە. پێویست ناکات بە وردی بچمە ناو ئاکامەکانی شکستی ئەو جۆرە هەولانە کە پاڵنەرەکانی هەست و عاتفەیە. بەڵام بۆچی هەوڵی رێکخستنی لایەنە سیاسییەکان- جا لە هەر بەشێکی کوردستان بێت- لە لایەن دڵسۆزانی کوردستان بە ئەنجام ناگات؟ ئەمە هەر ئەو پرسیارەیە کە دڵسۆزانی کوردستان کاتێ دڵسۆزانە داوا دەکەن لایەنەکان چیتر دژایەتی یەک نەکەن و پێکەوە هاوکار بن، لە بەر چاو ناگرن. وڵامی ئەم پرسیارە لە دوو شتدا دەدۆزرێتەوە: یەکەم مێژوو؛ دووهەم ئەقڵی کوردی.

دیارە خۆدی ئەقڵی کوردی بەرهەمی مێژووە، بەڵام ئەو مێژووەی مەدی نەزەری منە و لێرەدا لە ئەقڵی کوردی جیام کردۆتەوە، مێژوویێکە کە گۆڕانکارییەکانی خۆی لە سەروی کوردەوە بە سەرماندا سەپاندووە و کردار و پەرچەکردارەکانی ئەقڵی سیاسی کوردی -کە خۆی بەرهەمی ئەقڵی کوردییە -لە قەواعدی کایەی سیاسی لە نێو کایەکەرەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی کوردی و دراوسێکانی کورد، کە کوردستان لە نێوانیاندا دابەش بووە مۆتەعەیەن دەکات.

بە واتایێکیتر پێویستە چۆنییەتی هەڵسووکەوتی ئەقڵی سیاسیی کوردی کە خۆی هەڵقوڵاوی ئەقڵی کوردییە، لەگەڵ گۆڕانکارییە مەعریفی و سیاسییەکان بخوێندرێتەوە؛ ئانجا باس لە کاری هاوبەش بکرێ. مەبەست لە ئەقڵی کوردی، ئەقڵانییەتێکە کە لە دوو رەهەند پێک دێت. یەکەم، ئەو رەهەندەی لە ئەقڵانییەت کە لە هەموو مرۆڤیکدا هەیە و هاوبەشە؛ وە دووهەم ئەو رەهەندەی کە بە درێژایی هەزاران ساڵ شکڵی گرتووە و ئەمڕۆکە هەڵسووکەتی مرۆڤیکی کورد لە هەموو جۆمگەکانی کایە کۆمەڵایەتییەکان و روانینی بۆ مەقولەی هەبوون بە گشتی تەعین دەکات. هەر ئەم رەهەندەی ئەقڵانییەتە کە لایف ستایڵ یان شێوازی ژیانی هەر نەتەویێک لە نەتەوەکانیتری جیا دەکاتەوە. مەبەست لە ئەقڵی سیاسی-یش رەنگدانەوەی(بازتاب) هەمان ئەقڵی کوردییە، بەڵام لە بواری سیاسەت بە هەموو رەهەندەکانییەوە. تێگەیشنی مرۆڤی کورد بۆ دەسەڵاتی خۆدی، بێگانە، خاک و نەتەوە، هاوکاری و تەعامۆڵی سیاسی، هێز، ئازادی، ئەخلاق و هتد. کە وایە ئێمە کاتێ لە ئەقڵی کوردی قسە دەکەین مەبەستمان مەقولەیێکی مەعرفەت ناسانە- هەستی ناسانەیە. بێگۆمان ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی یان لانیکەم بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە بە دەستییەوە دەناڵێنێ و هەوڵ ئەدەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە و بەڵام ناتوانن، نەخوێندنەوەی ئەم ئەقڵی کوردی-ەیە. بۆیە گومانم نییە هەر هەوڵێک بۆ رێکخستن و هاودەنگ کردن، یان هەمان شت کە دەڵێن ئاشتی نەتەوایەتی نایێتە ئاراوە مەگەر ئەوەی کە گٶڕانێک لە ئەقڵی سیاسی کوردی بکرێ. بە راستی بۆ خۆمانی لێ بکەین بە گێل، مەگەر هۆکاری دابەش بوونی دێمۆکرات، بەس سەرکردەکانی ئەو حیزبە بوون. ئەو کات کە سەرەتای دابەش بوونەکە بوو، کەسانێک هاتن و رای منیان پرسی.
هەر ئەو کات گوتم کارێکی وا مەکەن. ئەم بەشەی وتەی من گرینگ نییە، زۆر کەس هەر لەو سەردەمە پێشنیاری وایان کرد. ئەوەی بۆ من گرینگە شێوازی لایەنگەرانی هەر باڵەکە بوون. بە راستی ئایا ئەو هەڵسووکەتانە، -سەرقاڵتان ناکەم بە وردە کارییەکانی- نەتیجەی هەمان ئەقڵانییەت نییە کە پێشتر باسم کرد. بە هەر حاڵ ئێستا باسی ئاشتی نەتەوایەتیە دەکرێ، وە ئەندامان و لایەنگرانی دێمۆکراتیش بە هەمان شوور و شەعەف کە باسی جوداییان دەکرد، ئێستە خوازیاری یەکگرتنەوەن، دەناڵێنن کە سەرکردەکان گوێبیستیان نین. جا نازانم ئەو کات کە بەشێک لە سەرکردەکان هەوڵی جودا بوونەوەیان دەدا و بەشێکیتریش هەوڵی رەوانە کردن، لە ژێر خوازیاری یان ئاهوناڵەی لایەنگرەکانییان بوو یا نە. باشە مەگەر مێژووی لادان هەر بۆ ئەمجارە دەگەڕێتەوە کە لایەنگرانی هەر دوو باڵ وا هەراسانن و ئاهوناڵە دەکەن. مەگەر پێشتریش لە سەردەمی شەهید قاسملوو رووی نەدا. هێگڵ دەبێژێ هەر رووداوێکی مێژوویی دووجار روو ئەدات. بەڵام مارکس بە جوانی وتەکی هێگل تەکمێڵ دەکات و دەبێژێ، ئەوەی هێگڵ فەرامۆشی کردووە بەم وتەیە زیاد بکات ئەوەیە کە هەر رووداوێکی مێژوویی دووجار روو ئەدات، بەڵام جاری یەکەم بە شێوەی تراژدی و جاری دووهەم بە شێوەی کۆمێدی. بەڕاستی دابڕانی یەکەمی دێمۆکرات تراژێدی بوو، بەڵام دووهەمەکەی کۆمێدی. هەمیشە دەبێژن هەڵە بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ. بە راستی گرینگ نییە کە هەڵە نەکەی چۆن هەڵە بەشێکە لە ژیان و تەنها کەسانێک هەڵە ناکەن کە کارێک ناکەن. گرینگ ئەوەیە کە هەڵەیێک دووپات و چەند پات نەکەیتەوە. چۆن ئیتر لەم حاڵەتدا هەڵەیێک نییە کە دووپاتت کردۆتەوە، بەڵکوو ئیتر حەماقەتە، حەماقەت. بە راستی بنەماکانی ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە چین؟ ئەگەر جیابوونەوە باش بوو، بۆ یەکیان گرتەوە و ئەگەریش خراپ بوو بۆ دووبارە جیا بوونەوە؟ رەنگە کەسانێ بێژن ئەوە شتێکی ئاساییە و لە سیاسەت ئەم شتانە روو ئەدات. لە وەڵام وەها تێگەیشتێک لە سیاسەت شتێکم نییە بڵێم جگە لەوەی کە بێژم: ئەویە ئەقڵی سیاسی کوردی. یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەقڵی سیاسی کوردی ئەوەیە کە شتەکان حەیسییەتی دەکاتەوە. هەروا کە پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەقڵی سیاسی رەنگدانەوەی(بازتاب) ئەقڵی کۆمەڵایەتییە. ئەگەر سەرنجتان دابێ دەبینن کە کۆمەڵگەی کوردی وەکوو کۆمەڵگەیێکی سونەتیی و نامۆدێڕن، بابەتەکان حەیسییەتی دەکاتەوە. لە کۆمەڵگەی کوردی کاتێ کەسێ بێژێ فڵانە شت نابێ، یان قبووڵم نییە، یان وا نییە و هتد، ئەوەندە لە سەری پێداگری دەکات کە بابەتەکە حەیسییەتی دەبێتەوە و ئیتر گەڕانەوە لە وتەکەی بەرامبەر دەبێ بە ئابڕوو چوون. بەڕاستی بۆ وای لێ دێت و بابەتەکان، -بە بابەتە سیاسییەکانیشەوە- بۆ حەیسییەتی دەکرن. ئەو کەسەی کە بابەتەکە حەیسییەتی دەکات، چۆن خۆی لە دڵی کۆمەڵگەکە پەروەردە بووگە بە باشی ئاکامی کشانەوەکی دەزانێ. چۆن ئەقڵی کۆمەڵایەتی بە وتەگەلێک دەیڕازێنێتەوە کە حەیای دەبات.

دەتوانین بە بەشێک لەم وتانە کە هەموومان رۆژانە دەیبیسین ئاماژە بکەین: ئاخرەکەی فڵانی دۆڕاندی؛ تۆ ئەمەتە ئەزانی بۆ هەر لە ئەوەڵەوە وات کرد؛ هەر لە ئەولەوە ئەمزانی کە دێیتە سەر قسەکەی من و هتد.

بابەت زۆر لەمانە قووڵتر دەبێ کاتێ سەرنج بدەین و ببینین لە دوای جیا بوونەوە کەسانێک کە لە هەر لایێک بیانەوەێ بڕۆن بۆ لایێکیتر چۆن سەیر دەکرێن. لەو لایە کە جیا دەبێتەوە وەکو خائین و لەم لایە کە دەگەڕێتەوە وەکو تۆبەکار. ئەمانەیە ئەو ئەقڵی کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کورد کە باسم کرد؛ هەرچەند زۆر بە کورتی و هێشتا نەڕۆیشتوومەتە ناو بابەتی پێچیدەتر.

بە هەر حاڵ باسکردن لە ئاشتی نەتەوایەتی بە شێوەیێکی عاتیفی ناتوانێ کڕیارێکی یان سەرکەوتوو بێ. ئەگەر ئەمانەوێ بەڕاستی خەبات لە رۆژهەڵات بخەینەوە گەڕ ئەبێ خوێندنەوەیێکی وردبینانەی لێ بکەین، لە چۆنییەتیی یەکگرتنەوە تا دەگات بە هاوکاری نێوان حیزبەکان و پارچەکانیتری کوردستان. لەم مانیفێستەدا ئەمەوێ تا ئەو جێگەیە کە مۆمکێنە، رەهەندگەلێک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژهەڵات بخەمە بەردەست. بە تایبەت بە رەخنە گرتن لە چەمکی ئەقڵانییەتی سیاسیی کوردی. هیوادارم ئەم بابەتە رۆڵێکی هەبێ لە رزگار بوون لە باروودخی هەنووکەیی.

بەشی دووهەم؛

ماوەی دوو دەیەیە کە خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی شپرزی و ئاڵۆزی بووە. بەشێک لە کوردستان کە سەردەمێک یەکەم کۆماری کوردستانی راگەیاند، لە دوای گۆڕانکارییەکانی شۆرشی ئیران کانوون و پێشەنگی دیپلۆماسی کوردی لە ئاستی جیهان بوو، وە تا ئەو سەردەمەش گەورەترین حیزبی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان نوێنەرایەتی دەکرد، ئەمڕۆ ئەو حیزبە بە ئاقارێکدا رۆیشتووە کە نە تەنیا ئەم حیزبە نەیتوانیوە کەمترین مافەکانی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان دەستەبەر بکات، بەڵکوو لە هەمان کاتدا هێچ ئاسەوارێ لەو حیزبەش بەدی ناکرێ. حیزبێ کە بە سەرۆکایەتی شەهید قاسملوو یەکەم ئەندامی ئینترسۆسیالیسمی نێونەتەوەیی بوو، ئەمڕۆکە لە قەیرانێکدا بەسەر دەبات کە نە تەنیا وەکوو جاران لە ئاستی جیهانیدا ئەکتیڤ نییە، تەنانەت لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بێکردارە. بەردەوام لە ئەدەبیاتێکی کلاسیک لوول دەخوات و وێنایێکی لادێی لە خەبات و نەتەوە پیشان دەدات و ناوچەگەرایی چارشێوێکی رەشی بە سەردا کێشاوە؛ بێ هیچ نوێگەریێک بەردەوام لە نۆستالۆژیایێکی مێژوویی بە سەر دەبات و لە سەر خوانی پێشەوای نەمر و شەهید قاسملوو دەژیت، تا ئەو جێگەیەی کە دیوارێکی پۆڵایینیشی لە شەهید قاسملوو درۆست کردووە و خۆی تێیدا زیندانی کردووە.

ئەمە هیچ بەو مانایە نییە کە پێگەی شەهید قاسملوو نەزانین یان بمانەوێ سووکایەتی پێبکەین. ئەبێ هەر سەرکردەیێکی سیاسی لە سێ رەهەندەوە شرۆڤە بکەین؛ یەکەم وەکوو کەسایەتی، کە جێگەی رێز و حورمەتن؛ دووهەم وەکوو سیاسی کار، کە رەنگە هەڵەی سیاسییان کردبێ یان لە شوێنگەلێکدا ئاخافتنییان مەسڵەحەتی بووبێ؛ سێهەم وەکوو کەسێک کە رەنگە خاوەنی نووسین بێ. لە دوو حاڵەتی ئاخر جێگەی رەخنەن و ئەبێ ئەو کارەش بکرێ، ئەگینا ستەمێکی گەورەمان هەم لە هەقی خۆدی ئەو کەسانە کردووە و هەمیش لە خەبات و داهاتووی گەلەکەمان. بە دەاخەوە فرەهەنگی رۆژهەڵاتی ناڤین بە پێی ئەو مێژووەی کە هەیەتی هەمیشە هەوڵ ئەدات سیاسەتمدار وەکوو کەسێک پێناسە بکات کە بێ هەڵە، رەها و مۆقەدەسە. مێژووی ئەم رووانینە بۆ سیاسەتمدار و دەسەڵاتدار دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی لە هەزاران ساڵ لەمەو بەر. ئەوکات کە پاشاکان خۆیان بە هەناردەی خودا دەناساند و بەم شێوەیە دەسەڵاتەکەیان رەواییێکی ئاسمانی بە دەست دەهێنا و خەڵکیش هەر بەو چاوە سەیری دەکردن. تیۆری پاشای هەناردە یان خودا-شا لە رۆژهەڵاتی ناڤین دزەی کردە یۆنان و لە فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتوون بە ناوی فیلسووف-شا خۆی دۆزیەوە. بۆ ئەقڵی یۆنانی کە هەنگاوی بۆ قۆناخێکی نوێی ئێپیستمەیی هەڵێنا بوو، خودا-شا خاوەن هێزی راکشانی فەلسەفی نەبوو. ئەمما لە هەمان کات دا، ئەم شێوە دەسەڵاتدارییەتیە هێندە کاریگەریی هەبوو کە کەسێ وەک ئەفلاتوون بەرەو لای خۆی رابکێشێ و لە ژێر ناوی فیلسووف-شا دا رواڵەتێکی فەلسەفی پێ ببەخشێ. فەلسەفەی مرۆڤی سیاسی-کۆمەڵایەتی مۆقەدەس و رەها، بەس لە دەسەڵاتدار خۆی نەدەبینیەوە. پێغەمبەرەکانیش بۆ نارەزایەتی و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ستەم، هەڵاواردن، وە لە سەروویانەوە ئەو ئایدیۆلۆژیەی کە دەسەڵاتدار نیازی پێ بوو تا کۆمەڵگە بچەوسێنیتەوە دەست بە دامێنی هەمان ئامراز دەبوون. پێغەمبەرەکان نارازیگەلێکی خوازیاری گۆڕانکاری بوون، بەڵام وەکوو مرۆڤی سادە نەیاندەتوانی رەوایی کۆمەڵایەتی-سیاسی بە دەست بێنن. بۆیە زمانیان ئەبوو بە زمانی خودا و وتەکانیان ئەبوو بە وتەکانی خودا، بۆ خۆشیان ئەبوون بە نێردراوی خودا، تا بەم شێوەیە لە دڵی کۆمەڵگەوە هەمان رۆڵی خودا-شا بگێڕن.

دیارە لە ناوچەیێک بەم پێشینەیە و خاوەن وەها ئەقڵانییەتێک، خەڵک چۆن بۆ سیاسەتمەدار و رێبەر دەڕوانن. سیاسەتمەدار ئەبێ مرۆڤێکی بێ هەڵە، هەمووشتزان و فیلسووف بێ. لەوانەیە ئێستا هیچ سیاسەتمدارێک خۆی بە نێردروای خودا نەزانێ. ئەمما لە حافێزەی مێژوویی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئێمەی کورد وەک بەشێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناڤین کاریگەرییەکانی بەجێماون تا بە هەمان چاو سەیری رێبەرەکان بکات. خۆ بەبێ نیاز زانینی سیاسەتمەدارەکانمان لە راوێژ و راوێژکاریش بۆ هەمان حافێزەی مێژوویی دەگەڕێتەوە. سیاسەتمەدارەکانمان پێیان وایە راوێژ هی کەسی نەفام و گەمژەیە. بۆیە لە کۆمەڵگەی ئێمە نەویستنی راوێژ و راوێژکار نە تەنها خاڵی نێگاتیڤ نییە، بەڵکوو جێگەی شانازییە. لە وەها فەزایێکدایە کە رێبەری موقەدەسکراو و بێ هەڵە خۆی دەبێتە بارێکی گران بە سەر گەل و حیزب. ئەگەر چاوێک بخشێنینە سەر کۆمەڵگەی کوردی، ئەبینین کە هەر حیزبێک خۆی لە پشتی سیاسەتمدارێکدا حەشار داوە و رواڵەتێکی ئۆستوورەیی پێ بەخشیوە. تەنانەت ئەگەر حیزبێکیش وەها کەسایەیتییەکی نەبێ، هەوڵ ئەدات درۆستی بکات. ئەگەر بڕۆمە ناو زیانەکانی ئەم ئەقڵییەتە گەلەک لە بابەتەکە دوور ئەکەومە، بۆیە هەر ئەوەندە ئەڵێم کە رێبەری ئۆستوورە-مۆقەدەس لە داهاتووێکی کورت خۆی دەبێتە گەورەترین کۆسپ لە رێگەی سیاسەت، خەبات، نوێگەری و گەشەی جیلی نوێ. بە پێویستی ئەزانم دووبارەی بکەمەوە ئەوەی وترا بە هیچ شیوەیێک بە مانای بێڕیزی کردن بە سیاسەتمدار و سەرکردەکانی کورد نییە. هیچ شتێک خۆشەویستتر لە ژیان و گیان نییە کە تاک بە تاکی خەباتگێرانی کوردستان لە پێناو ئازادی کوردستان دەیبەخشن. بۆیە هەموویان جیگای رێز و پێزانینن.

هەروا کە ئاماژەم پێکرد حیزبی دێمۆکرات هەنووکە لە قەیرانێکی گەورەدایە. لە پاڵ حیزبی دێمۆکرات، کۆمەڵەش پاش توانەوەی لە ناو کۆمۆنیستە فارسەکان، چیتر پێگەی حیزبەکەی پێش توانەوەی نەما، ئەگەرچی لەوانیش دابڕا. ئەگەر ئێمەی کورد خاوەنی دەوڵەتێکی کوردی بواین ئەمڕۆ خوێندوەمان بۆ ئەم رابردووە، بە شێوەیێکیتر دەبوو. ئەمما بە هۆی باروودۆخی هەنووکەیی کورد کە سەدان هەزاربارە کراوەتەوە، خوێندنەوی خەسارناسانەی ئەم قەیرانە کە ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا گرفتارە نە هەر پێویستە، بەڵکوو ئەرکی سەرشانمانە. بەڵام ئەم خەسارناسییە ئەبێ چۆن بێ، لە کوێیەوە ئەبێ دەستپێبکرێ و چۆن ئەکرێ رێگەیێک بدۆزینەوە کە رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانێ هەنگاو بەرەو سەرکەوتن هەڵێنێ؟ ئایا پێویستە هێز و توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ژیانەوی حیزبگەلێک کە ئەوە ماوەی دوو دەیەیە کەمپنشینن و لە قەیراندان و تەنانەت یەک رستەی نوێشیان بەرهەم نەهێناوە؟ ئەگەر نە، ئاڵتیڕناتیڤەکان کامانەن؟ ئایا پەکەکە یان بە واتایێکیتر پەژاک ئەتوانێ ئاڵتێرناتیڤ بێ؟ ئایا باشتر نییە ببینە باڵی درێژکراوی یەکێیەتی و پارتی لە رۆژهەڵات؟ ئیسلامی سیاسی چۆن؟ خۆ هەر نەبێ ئیسلامی سیاسی سونەگەری دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتێک دەکات کە لەسەر ئایدۆلۆژیای شیعەگەری دامەزراوە و بەشێک لە گەلی کورد لەم پارچەیەی کوردستان-یش سونین!!! ئایا ئەتوانین حیزبێکی نوێ درۆست بکەین و پشت لە هەموو ئەمانە بکەین؟ یان نە، با هەموومان دلخۆش بین و چاوەڕوان تا بەڵکوو رێفۆرمخوازانی کورد و فارس، ئێرانی خۆشەویستمان!!! بۆ بکەن بە بەهەشتی دێمۆکراسی و فێدراڵیزم!!! بە راستی ئەبێ لە کوێوە دەست پێبکەین. بۆ ئەوەی کە بتوانم وێنایێکی باشتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بنەخشیێنم و پاشان بچمە ناو وردە کارییەکانەوە، هێڵێک دەکێشمە نێوان هەموو خەباتگێڕان، چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی، مۆعتەرێزان و خوازیارانی گۆڕان لەم بەشەی کوردستان. ئەم هێڵە جیا کردنەوەیێک نییە بە پێی ئایدیۆلۆژیا یان جیاوازییە فیکرییەکان، بەڵکوو خەتێکی جۆگرافیاییە لە نێوان ئەوانەی کە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتن و ئەوانەی کە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتن. ئەگەرچی ئەمە خەتێکی جۆگرافیاییە، بەڵام بێگۆمان دوو هەڵسووکەوتی سیاسی و روانگەیی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەوانەی ناوخۆ، بە دوو دەستە دابەش دەکەم. یەکەم، هەموو ئەو کەسانەی، بە گشتی نووسەران، هونەرمەنەدان، شاعیران و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی کە بە هیچ شێوەیێک تێکەڵاوی کایەکانی حکوومەت نەوگن. دووهەم، ئەوانەی کە لە ژێر ناوی رێفۆرمخوازی تێکەڵاوی حکوومەتن. ئەوانەش کە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتن، بریتین لە حیزبە کوردییەکان بە گشتی، دێمۆکراتەکان، کۆمەڵەکان، کۆمەڵەی کۆمۆنیست، پاک و پەژاک. بە بڕوای نووسەر لە قۆناخی هەنووکەیی، تەئکید دەکەمەوە لە قۆناخی هەنووکەیی، تەنها حیزبی دێمۆکراتە کە ئەتوانێ خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان گەش بکاتەوە، هەموو حیزبەکان لە ژێر یەک ئاڵا کۆ بکاتەوە، وە هەموو هێزە بێلفێعل و بێلقوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵات کۆدەنگ و یەک دەنگ بکات. هەرچەند نازانین کام حیزبی دێمۆکرات!!! هەر لە ئیستاوە دەزانم پرسیارێکی رەخنەگەرانە لەم شێوە ئاراستەی ئەم بۆچوونەم دەکرێ: ئایا حیزبێک کە خۆی نیازی بە ژیانەوەیە، ئەتوانێ عامڵی ژیاندنەوەی خەبات لە رۆژهەڵات بێ؟ با هەر لەم سەرەتاوە وەڵامی ئەم بۆچوونە بدەمەوە. جیا لە دێمۆکرات، تەنها حیزبێک کە ئەتوانێ ئەم کارە بکات پەژاکە. بەڵام هەموومان دەزانین کە پەژاک باڵێکی پەکەکە-یە، وە بێ رەزامەندی و چرای سەوزی پەکەکە هیچ هەنگاوێک هەڵناگرێ. هەمووشمان دەزانین کە پەکەکە لەم کاتەدا هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامییە و لانیکەم لەم قۆناخەدا هیچ بەرنامەیێکی وەکوو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە.

بۆیە باسم لە قۆناخی هەنووکەیی کرد، چۆن لەوانەیە ئەم هانی موونە یان هەمان مانگی هەنگوێنی پەکەکە و کۆماری ئیسلامی لە کات و ساتێکدا تەواو بێ، وە لەو کاتەدا پەژاک ئەبێتە دژبەرێکی گەورە بۆ ئێران. حیزبی پاکیش کە هەم لە ناو رۆژهەڵات پێگەی لە ئاستی حیزبی دێمۆکرات نییە و هەمیش باڵی پارتییە. پارتیش ئەم حیزبەی بۆ رۆژی خۆی داناوە و قەت نایدات بە گژی ئێراندا. بەڵام لە هەمان کاتدا بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ پەژاک، لەو باوەڕە نیم کە بە حیزبێکی رۆژهەڵاتییان نەزانین. چونکە جیا لەوەی کە ئەندامەکانییان رۆژهەڵاتین و لایەنگرێکی زۆریشیان لە ناوخۆی رۆژهەلات و تاراوگە هەیە، لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بە رۆژهەڵاتییان نەزانین لە شرۆڤەی ئەقڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد و کاریگەرییەکانییان خراونەتە دەرەوە. پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵات وە لە سەرووشیانەوە دێمۆکرات روانینی خۆی بۆ پەژاک بگۆڕێ؛ وە ئەگەر مانگی هەنگوینی ئێران و پەکەکە تەواو بوو بە باوەشێکی بازەوە پێشوازی لە پەژاک بکات بۆ بەشدار بوون لە خەبات. بە هەمان شێوەش ئەبێ پەژاک ئەوە بزانێ کە دەیان ساڵ دابەشبوونی کوردستان تایبەتمەندیگەلێکی لە هەر پارچەی کوردستان بە دواوە بووە، کە ئەقڵانی نییە پشت گوێ بخرێ. ئەگەر پەژاک ئەیەوێ بەشداریێکی چالاکانەی هەبێ و لە هەمان کاتدا بە جێگەی باشتر کردنی رەوتی خەبات زەربەی لێ نەدات و نەبێ بە کۆسپ، پێویستە ئەم تایبەتمەندیگەلە لە پێش چاو بگرێ. ئەبێ ئەوە بزانین کە پەژاک و پەکەکە و پارتی و یەکێیەتی و هتد لە دایەرەی ئەو ئەقلانییەتەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، دەگۆنجن. بە راستی کێشەی من لەگەڵ ئەوەدا نییە کە پەکەکە، پەژاک یان هەر حیزبێکی کوردی بە خائین بزانم یان ئەوەی کە ئەمانە خاک و گەلی کوردستانیان لاوە گرینگ نییە. بەڵکوو بە رای من ئەبێ هەموو کردارەکان لە ناو ئەقڵێکی سیاسی سەقەت بخوێندرێتەوە کە تا ئێستا کۆسپی بۆ سەرکەوتن پێکهێناوە و هەموو حیزبەکانی کوردستان لە هەر چوارپارچە لە دایەرەی هەمان ئەقڵانییەت دەسووڕنەوە. بە هەر حاڵ بە پێی ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەم پێ کرد، تەنها حیزبێک لە قۆناخی هەنووکەییدا بتوانێ خەباتی رۆژهەڵات زیندوو بکاتەوە دێمۆکراتە. ئەگەرچی خودی ئەو حیزبە خراو جۆرێ نەخۆشە. حیزبی دێمۆکرات ئەبێ ئەوە بزانێ ئەگەر هەڵنەستێ بە زیندوو کردنەوەی خۆی، شتێکی لێ ناگەڕێتەوە کە وەکوو جبهەی ملی فارسەکانی لێ دێت؛ کە جەماعەتێکی پیر و پاتاڵ، کە لە نۆستالۆژیای سەردەمی مۆسەدیق ئەژین و بە هێچ شێوەیێک حازر نین قبووڵی بکەن جبهەکەیان وەک خۆیان پیر بووە و توانای جووڵانەوەی نەماوە. ئەم جەماعەتە بەس بەوە دڵخۆشن کە ساڵانە لە ژێر وێنەی مۆسەدێق کۆ ببنەوە و یادێ لە رابردوو تازە بکەنەوە و وێنەیێکیش بۆ یادگاری بگرن، وە بە ناوی جبهەی ملی بڵاوی بکەنەوە. بە راستی حیزبی دێمۆکرات پێگەیێکی باشی هەیە لە ناو رۆژهەلات و ئەگەر ئەندامەکانی ئەیانەوێ بەو ئاقارەدا نەڕۆن، باشترە هەنگاو هەڵێنن. بەڵام نە هەنگاوێک کە لە رووی بێهیوایی و یەئسەوە بێت. لەو باوەڕدام، هەستانەوەیێک لە رووی یەئەسەوە بێت، لە یەکەم هەنگاو شکستی خواردووە کە هیچ، بەڵکوو خۆی لە خۆیدا یانێ فی نەفسە شکستی خواردووە. بۆیە ئەبێ هەموو هەنگاوەکان لە رووی بەرنامەوە بێت و لەوپەڕی هیوا و ورەبەرزی. لێرەدا وتەیێکی نووسەران و سیاسەتمەدارانی فارس هەیە کە پێویستە ئاماژەیێکی پێ بدەم. فارسەکان لە باوەڕەدان کە هەر کات ناوەند لاواز بووبێ، نارەزایەتی قەومی سەر هەڵدەدات و ئێران تووشی قەیران دەبێت؛ بۆیە پێویستە ناوەند یان هەمان قەومی سوڵتە هەمیشە بەهێز بێت. بە رای من ئەم وتەیە هەم راستە و هەم ناڕاست. ناڕاستە چۆن لێکدانەوەی ئەوان بۆ نارەزایەتی نە کێشە سیاسییەکانی، بەڵکوو لاوازی ناوەندە. کە وایە ئەوە خۆدی ئەقوام نین کە نارازین بەڵکوو ئەوە قەیرانی ناوەندە کە ئەبێتە هۆی قەیران. بەڵام ئەوەی کە زۆر راستە و گرینگە و لەم وتەیە ئەبێ بە وردی بخوێندرێتەوە، چییە: بی توانایی کورد بۆ خۆڵقاندن و هەروەها، کەوتنە پێش رووداوەکان، بە شێوەیێک کە خۆی خۆڵقێنەری رووداو بێ نەک دوای رووداو بکەوێ و رووداو ئەو بخۆڵقێنێ. ئەوەی کە لە هەر قەیرانێک نارەزایەتی سەر هەڵدەدات، خۆی نیشاندەری ئەو واقعییەتەیە کە نارەزایەتی هەیە. بەڵام ئەوەی کە لە کاتی قەیرانی ناوەند سەرهەڵدەدات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات توانای خوڵقاندنی رووداو و پێش رووداو کەوتنمان نییە. بۆیە ئەقڵی بیماری سیاسی کورد هەمیشە چاوەڕوانی قەیرانێکە کە خۆی تێدا بدۆزێتەوە. بە راستی سەیرە کە کورد هەمیشە چاوەڕوانی بووکی رووداوەکان بووگە. ئەمما ئەوە نازانن کە بووکی رووداو، چۆن دەسکردی خۆت نەبووە، روخساری خۆی لە ژێر تارایێکی رەنگین شاردۆتەوە، وە نزیک بوونەوە لێی دۆراندنە؛ هەروا کە لە رابردوودا بینیومانە. بۆیە نە لە رووی هەست و عاتفە، بەڵکوو بە ئەقڵ و پلان ئەبێ هانگاو هەڵێنین. حیزب ئەبێ زۆر هەستیارانە هەم خۆی لە قەیران رزگار بکات و هەم رۆژهەڵات؛ لە هەمان کاتیشدا خۆی خۆڵقێنەری رووداوەکان بێ تا رووداوەکان ملکەچی ئیرادەی ئەقڵی کوردی بن. بەڵام ئەگەر حیزبی دێمۆکرات بیەوەێ خۆی و رۆژهەڵات لەم قەیرانە رزگار بکات و لە هەمان کاتیشدا خۆڵقێنەر بێ، پێویستە قەیرانێ کە خۆی تێیدا گرفتارە بناسێ و لە هەمان کاتیشدا ئەویتر یان هەمان قەومی سوڵتە بە باشی بناسێ.

بەشی سێهەم؛
خوێندنەوەی ئەو قەیرانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێمۆکرات تێیدا گرفتارە بە هۆکارێک نابەسترێتەوە. ئەوەی کە بڵێین گۆشەگیری و کەمپ نشینی حیزبەکان هۆکاری ئەم قەیرانەن، بێگۆمان دەربڕی هەموو واقعییەتەکە نییە. بۆ نموونە ئەگەر هەر ئێستا گرمەی چەکی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ناوخۆ بهاتبایە گوێ، بەڵام خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازیان نەکردبایە، ئایا بازەم قسەمان لە قەیرانی خەبات نەدەکرد؟ ئەتوانین بەم نمونەگەلە زیاد بکەین، بەڵام با خۆمان بە نموونەەوە سەر قاڵ نەکەین. کە وایە ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات لەگەڵ خۆدی چەمکی قەیران- یش کێشەمان هەیە. بە راستی کاتێ دەربارەی قەیران قسە دەکەین دەقاودەق مەبەستمان چییە؟ ئایا پێویستە بکەوینە پێناسەی قەیران و چەند پێناسەیێکی ئاکادێمیک و زانستییانە لە ناو لاپەڕەکانی کتێب دەربهێنین و بیخەینە بەردەست و بڵێین ئەمەیە مەبەستی من لە قەیران؟ بێگۆمان ئەوەش کێشەمان چارەسەر ناکات. کە وایە ئەبێ چی بکەین؟ هەروا کە پێشتر باس کرا، کێشەی ئێمەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵی سیاسی- مان کە خۆی ریشەی لە ئەقڵی کوردی-دایە. لە راستیدا ئەمە خۆدی ئەقڵانییەتی سیاسی کوردە کە قەیرانەکەی درۆست کردووە؛ بۆیە ئەگەر ئەمانەوێ لە قەیرانی هەنووکەیی رزگار بین، پێویستە خۆدی ئەقڵانییەتی سیاسی-مان چارەسەر بکەین و بە ئاڕاستەیێکی نوێدا بیبەین. کەوایە با بەپەلە بڕۆینە ناو کۆمەڵێ پرسیار و بزانین ئەقڵی سیاسی کورد بە درێژایی لانیکەم سەد ساڵی رابردوو، چ کردار و پەرچەکردارێکی لە هەمبەر ئەم پرسیارانەی کە ئێمە دایدەریژین پەیرەو کردووە؛ وە هەڵە مەعرفییەکان چی بوون و چۆن بوون. رەنگە هەر لە سەرەتاوە تۆمەتبار بکرێم بەوەی کە عامڵی دەرەکی، جا چ داگیرکەرانی کوردستان بێ یان ولاتگەلێکیتر لەم مانیفێستەدا غایبە. وەها رەخنەیێک تەنها لە لایەن کەسانێ ئەتوانێ ئاڕاستە بکرێ کە ئاگا نەبن بەوەی کە تەکلیفی ئەوان روون و ئاشکرایە. دیارە ئەوان هەوڵ ئەدەن کە بە سەر رووداوەکاندا زاڵ بن، لەو سۆنگەوە خەباتی کورد تووشی قەیران بکەن، بیخنکێنن و لە ناوی بەرن. گرینگ ئەویە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتگەلە چی دەکەین و چۆنی دەخوێنیەوە. نها با دەست بکەم بە دارشتنی کۆمەڵیک پرسیار و تا ئەو جێگەیەی پێم دەکرێ هەوڵ بدەم وەڵامەکانی بخەمە بەر دەست خوێنەری بەڕێز، تا لە هەمان کاتدا پێناسەی قەیرانی خەباتیشمان لە رۆژهەڵات کردبێ. خوێنەری بەرێز ئەوە بزانێ کە چۆن باسی ئەم مانیفێستە رۆژهەڵاتە، بابەتەکە لەو سۆنگەوە دەخوێندرێتەوە، ئەگینا هەموو ئەمانە کە باس دەکرێ لە بەشەکانیتری کوردستانیش بە زەقی بەر چاو دەکەوێ.

پرسیارەکان ئاوا دەست پێدەکەم:
پەرچەکردای ئەقڵی سیاسی کورد لە بەرامبەر پەیامەدەکانی جەبری مێژوویی(نە بە مانا مارکسییەکی) کە بوو بە هۆی دابەشبوونی کوردستان، چۆن بوو؟ ئایا کورد خوێندنەوەیێکی واقعبینانەی هەبوو لە هەمبەر ئەو بارودۆخەی کە تێیدا گرفتار بوو؟ پەیامەدی ئاڵوگۆڕییەکانی دوای شەڕی سارد چییە و ئەقڵی سیاسی کورد چۆنی دەخوێنێتەوە؟ گوزەر لە قۆناخی بزووتنەوەیی بۆ قۆناخی حیزبگەرایی لە کوردستان هەنگاوێکی بەرەو پێش بوو یان نە؟ ئەگەر وەڵاممان ئەرێنییە کاردانەوە ئەرێنێییەکانی کامانەن، ئەگەریش نەرێنییە بۆ ئەم هەڵە ئێپیستێمۆلۆژییەمان کرد و بۆ بەردەوامین لێی؟ ئایا ئاکامی عەقڵێکی سیاسی پێنەگەیشتوو بوو، یان پەرچەکردارێک بوو لە بەرامبەر گۆڕناکاری ناوچەیی و نێونەتەوەیی؛ یان هەردووی؟ ئەگەر ئاکامی گوزەرێکی ئێپیستێمۆلۆژیکی بوو، بنەماکانی ئەم ئێپیستێمە چی بوو؟ ئایا ئەمە تەنیا رێگە و باشترین رێگەی گوزەر لەم قۆناخە بوو؟ یان ئەم گوزەرە نە ئاکامی قەیرانێکی ئێپیستێمۆلۆژیک، بەڵکوو پەرچەکردارێ بوو لە بەرامبەر گۆڕانکارییگەلێک کە لەسەرووی کوردەوە تێدەپەڕی، کورد بێ ئەوەی پێناسەی ئەم قەیرانگەلییە کردبێ، لە تاریکییدا هەنگاوی دەنا و دڵخۆش بوو بەوەی کە خەبات دەکات؟ ئەگەر وا بووە، حیزب وەکوو دیاردەیێکی مۆدێرن چۆن لە دڵی کۆمەڵگەیێکی خێڵەکی سەری هەڵێنا؟ ئۆسوڵەن خوێندنەوەی ئەقڵی سیاسی کورد لە حیزب چییە؟ ئایا ئەمڕۆکەشی لەگەڵدا بێ، کارکرد و رۆڵی حیزبمان لە قۆناخی شۆرش پێناسە کردووە؟ ئایا حیزب کە فەلسەفەی وجوودییەکەی تێکۆشانە لە وڵاتێکی دێمۆکراتیک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، ئەیتوانی هەمان رۆڵ لە کۆمەڵگەی نادێمۆکراتی ئێران، ئێراق، تورکیا و سوریە ئەویش لە لایەن کوردەوە بگێڕێ؟ ئایا دیاردەی حیزب لە کوردستان هەوڵێ بوو بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، یان بۆ رزگارکردنی کورد لە ژێر ستەمی سیاسی قەومی سوڵتە؟ ئەگەر هەوڵ بۆ رزگار کردنی کوردستان بوو، بۆ تووشی فرەحیزبی بووین؟ کێشە و کەم و کۆڕییەکانی خەباتی تەک حیزبی لە قۆناخی شۆرش چی بوو کە رێبازمانی بەرەو فرەحیزبی برد؟ ئایا ئەم فرەحیزبییە حیکایەتە لە دێمۆکراتیک بوونی کۆمەڵگەی ئێمە؟ یان بە پێچەوانە گوزارشە لە نەخۆش بوونی عەقڵییەتی کۆمەڵگەکەمان؟ فەلسەفەی وجوودی خەباتی ئێمەی کورد چییە؟ ئایا حیزب رەنگدانەوەی (بازتاب) فەلسەفەی وجوودی خەباتەکەمانە؟ ئەگەر نا، بۆ مۆتێعەسێبانە پێداگری لەسەر هەمان رەوت دەکەین؟ ئەگەر ئەرێ، ئەم هەموو پارادۆکسە تێوریک و مێتۆدۆلۆژیکە چییە؟ بۆ حیزبمان مۆقەدەس کردووە؟ ئایا حیزب ئامرازە یان ئارمانج؟ بۆ حیزبێکمان ئەیەوێ دێمۆکراسی بۆ ئێران بە ئەرمەغان بێنێ و حیزبێکیتریشمان سۆسیالیسم و حیزبێکیتریشمان کۆنفدراڵیسمی دێمۆکراتیک و حیزبێکیترمان کۆمۆنیزم و هتد؟ لەم نێوەندەدا رۆڵی ئایدیۆلۆژیای سیاسی چی بووە؟ ئایا قۆناخی شۆرش پێویستی بە ئایدیۆلۆژیا هەیە؟ ئەگەر وایە، چ شۆڕشێ چ ئایدیۆلۆژیایێکی پێویستە؟ جیاوازی نێوان ئایدیۆلۆژیای شناسگەرایانە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای ئابووری چییە؟ ئایا کێشەی ئیمەی کورد لە رۆژهەڵات کێشەی شوناس و خاکە، یان ئابووری یان سیستەمی سیاسی؟ ئەگەر کێشەی شوناسە، ئەم شوناسە، شوناسی دینییە یان نەتەوایەتیی؟ ئایا ئەقڵی سیاسی کورد ئێستاشی لەگەڵدا بێ، توانیویە ئەم جیاوزییە بە تایبەت لە نێوان ئایدیۆلۆژیای ئابووری و شوناسگەرایانە، پێناسە بکات؟ ئایا حیزبێک بۆی هەیە ئایدیۆلۆژیای خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ؟ پرسی ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات پێوەندی بە حکوومەتەوە هەیە یان بە عەقڵی قەومی سوڵتە؟ ئەگەر بە حکومەتەوە هەیە ئەی قەتڵ و عام کردنی گەلی کورد بە دەست حکوومەتەکانی پێشوو لەم چوار وڵاتە چۆن پاساو دەکرێ؟ ئایا لە قاڕەیێکیتر هاتبوون؟ یان بەرهەمی ئەقڵی سیاسی یەک قەوم بوون؟ ئەگەر بەرهەمی عەقڵی سیاسی قەومی سوڵتە بووگە، ئەبێ سیاسەتمان لە سەر چ بنەمایێک دابڕێژین؟ ئایا بە راستی کورد بەشێکە لەو مێژووەی کە فارس باسی دەکات؟ روانین و باوەڕی خۆمان بە نێسبەت ئەو مێژووە چۆنە؟ ئەگەر قبووڵمان نییە بنەما تاریخی و تیۆریکەکەی کامانەن؟ ئەگەر خۆمان بە ئێرانیێکی ئەسیلتر لە هەر ئێرانیێک دەزانین ئیتر بۆ خۆمانمان سەرقاڵ کردووە؟ ئۆسووڵەن ئێرانیگەری چییە و چۆن خۆمانی تێیدا پێناسە دەکەین؟ جوانناسی سیاسی لە کوێی خەباتی کوردی وەساتەوە؟ ئایا بە نادیدە گرتنی جوانناسی سیاسی یەکێ لە رەهەندە هەرە گرینگەکانی خەباتمان(بەتایبەت لە رۆژهەڵات) فەرامۆش نەکردووە؟ رۆڵی رووناکبیری کورد لە پڕۆسەی خەباتی کوردی بەتایبەت لە دوو دەیەی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بووگە؟ ئایا لە قۆناخی شۆرش شتێک بە ناو رووناکبیری سەربەخۆ ئەتوانێ بوونی هەبێ؟ ئایا سەربەخۆ بوونی رووناکبیران گوزارشە لە عەقڵێکی پێگەیشتوو یان کۆمەڵگەیێکی بیمار؟ ئایا ئەمە نەخۆشی فرەحیزبی لەقۆناخی شۆرش نەبوو کە بووە هۆی سڵکردنی رووناکبیران لە نزیک بوونەوە لە حیزبەکان و هاتنە ئارای ئەدەبیاتی رووناکبیری سەربەخۆ؟ سەرگەردانیمان لە نێوان گاندیگەرایی و خەباتی چەکدارانە چی؟ بنەمای فەلسەفی لایەنگرانی گاندیگەرایی چییە؟ ئایا ئەوانیش درێژەی هەمان هەڵەی چەپەکان و سەپاندی فەلسەفە و تیوریێک بەسەر کۆمەڵگەدا نین بێ ئەوەی کە خۆدی کۆمەڵگەی کوردییان خوێندبێتەوە؟ بۆ رۆژهەلات نەیتوانی دوای شۆرشی ئێران ئەو حوزوورە بەر بڵاوەی ژنان لە ناو خەبات، پەرە پێبدات؟ ئایا کەمرەنگ بوونەوەی حۆزووری ئافرەتان، ئاکامی گوتاری پیاوسالاری ناو حیزبەکان بوو؟ ئەگەر بمانەوێ درێژە بەم پرسیارانە بدەین، بێگۆمان ئەبێ چەندین لاپەرەی بۆ تەرخان بکەین. خوێنەری بەڕیز نابێ چاوەڕوانی ئەوە بێ کە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی لەم مانیفێستەدا دەست بکەوێ. ئەم پرسیارانە و گەلەک پرسیاریتر هەیە کە پێویستە لەسەری رابوەستین، ئەگەر ئەمانەوێ چیتر هەمان رێچکەی خەبات نەپێوین. ئەبێ ئەوە بزانین کە گەلی ژێردەسەڵات ئەگەر شۆرش دوای شۆرش دوچاری شکست بێ، ئەوا خۆی ئەنگیزەی خەباتی نامێنێ و تووشیاری فەرسایش دەبێت، وە خۆی خەبات رادەوەستێنێ. هەمان شت کە ئێستا تا رادەیێکی زۆر رۆژهەڵاتی کوردستان دوچاری بووگە و بە روخساریەوە دیارە. وە ئەمە هەمان شتە کە دەسەڵات هەوڵ ئەدات بەسەرمان بیسەپینێ و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە. بە راستی ماندوویەتی خەبات بە روخساری کوردەوە (بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان) دیارە، وە هەر ئەوەش کە نیمەچڵ درێژەی پێدەدرێ خۆی جێگەی دڵخۆشییە. نەتەوەیێک بییەوێ رزگار بێ، ئەبێ یەکجار خەباتێکی بەرفراوان دەست پێبکات. جا گرینگ نییە ماوەی ئەو یەکجارە چەندە و تێچووەکەشی چەندە، گرینگ ئەوەیە کە بەردەوام لە سەرکەوتندا بێ؛ هەروەک چۆن ویتنام بۆ نزیکەی یەک دەیە لە بەرامبەر ئەمریکادا وەستاو بە سەدان هەزار کەسی لێ کوژرا، بەڵام یەکجار بۆ هەمیشە سەرکەوتنی بە دەست هێنا. لەو باوەڕەدام ئەگەر ویتنام شکستی خواردبایا، وە پاشان هەڵبسابایە بۆ خەباتێکی دووبارە خەباتی، قەت سەرنەدەکەوت. عادەت کردن بە شکست، جیا لە تەهقیر بوونی نەتەوایەتی و بێ ئەنگیزەگی سیاسی و سست کردنی ئیرادەی خەبات، کۆمەڵگەش دوچاری بێ ئەخلاقی دەکات، رێگە بۆ ئۆپۆرتونیستەکان باز دەکات، جا بە هەر جل و بەرگێکەوە بن. ئەگەر نەختێ ورد بینەوە، هەموو ئەمانە لە کۆمەڵگەی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێ. هەرچەند هەر ئەمانەشمان لە بەشەکانیتری کوردستان هەبووە، بەڵام بە پێی ئەو باروودۆخەی ئێستای چوارپارچە، رەنگدانەوەی لە رۆژهەڵات گەلەک بەرچاوترە. گرینگی پەکەکە و خەباتی پەکەکە لەوەدایە کە توانی نەتەویێک لە لێوارێ مەرگ نەجات بدات و زیندووی بکاتەوە. پەکەکە لە کۆمەڵگەیێک هەستا بە خەبات کە خەڵکەکەی کە هێچ، تەنانەت رێبەرەکەشی کوردی نەدەزانی و نازانێ! هیچ ئەیبە نییە کە حیزبی دێمۆکرات لە ئەزموونی پەکەکە دەرس بگرێ. بە هەمان شێوە کە پەکەکە لە ئەزموونی خەباتی رۆژهەڵات و گەلانیتری دەرسی دەرسی گرت. بۆیە لەسەر ئەو باوەڕەم، ئەبێ خەباتێکی بزووتنەوەیی هەمەلایەنە لەسەر بیر و بنەمایێکی نوێ، وە بە ئەقڵییەتێکی سیاسی نوێ، لە رۆژهەڵات دەست پێبکەین، بێترس لە زەمەن و تێچووی ئەو خەباتە، بەڵام بێپچڕان. دەبێژن شەهید دۆکتۆر قاسملوو کاتی خۆی وتوویەتی ئێمە ئەمانەوێ هەم خەباتمان هەبێ، وە هەم لە کەنار ئەوەدا ژیانمان هەبێ. من خۆم نە شتێکی وام لە شەهید قاسملوو خوێندووەتەوە و نەش بیستوومە؛ بە دوای سەپاندنی راست یان ناڕاست بوونی ئەم وتەیەش لە لایەن شەهید قاسملووەوە نیم. بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە ئەم وتەیە بووە- جا چ شە‌ید قاسملوو وتبێبتی یان نە- بە باوەڕ لە نێو کەسانێکدا کێشەم هەیە. بە ڕای من نەتەوەیێک یان ژیان دەوەستێنێت و خەبات دەکات تا دوایی ئازادانە بژیت، یان ژیانیکی سەرشۆڕانەی دەوێت بێ خەبات؛ دیارە لێرەدا مەبەستی من لە ژیان چییە. نامەوێ بڕۆمە ناو بابەتێکی بە تەواوی فەلسەفی و بێژم سەراپای ژیان خەباتە. مەبەستی من لێرەدا لە خەبات، رووبەڕووبوونەوەیێکی گشتگیر دژ بە قەومی داگیرکەرە تا چرکەساتی ئازادی نەتەوایەتی. بۆیە ئەم وتەیەی شەهید قاسملوو بەرز دەنرخێنم کە دەبێژێت: نەتەوەیێک بیەوێ ئازاد بژیت، ئەبێت نرخی ئەو ئازادییەش بدات.

ئەم نووسینە لە فەیسبووکی (مەسعوود رۆستەمی) وەرگیراوە.