كوردستان مێژووی 110 ساڵەی چاپەمەنی/ دۆخی چاپەمەنی كوردستان خراپە

كوردپا: مێژووی بڵاوكردنەوەی چاپەمەنی لە كوردستان سنووری یەك سەدەی تێپەر كردووە و پارێزگاكانی كوردستان و كرماشان پشكی هەرە زۆریان لەو مێژووە وەبەر كەوتووە.

چالاكانی مەدەنی و رۆژنامەنوسی لەو باوەڕە دان لە دوای ساڵی 1380 وە بەرەبەرە ئاستی دەركرنی بڵاڤۆك و رۆژنامەكان لە كوردستان بە تایبەتی كرماشان و ئیلام و سنە و لوڕستان دابەزینی بە خوێەوە بینیوە.

هەواڵدەریی میهر بڵاوی كردەوە، پەرۆشیی سەرەكیی رۆژنامەنووسانی رۆژئاوای وڵاتی ئێران، داخستن و پێشگرتن بە وەشانی بڵاڤۆكە ناوچەیەكانە.

هەر هەمان سەرچاوە لە زاری چالاكانی رۆژنامەوانی كوردستان بڵاوی كردەوە، نەبوونی پشتیوانی ماڵی، پشتیوانی نەكردنی دەوڵەت لە رۆژنامەنووسان و سانسۆر كردنی بابەتەكان لە هۆكارەكانی دابەزینی ئاستی بڵاوكراوەكانی كوردستانن.

پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام سەرجەم مۆڵەتی دەركرنی70 بڵاڤوكیان هەیە.

خانجان كەرەمی كارناسی بواری چاپەمەنی رایگەیاندووە، لە حاڵی حازردا پارێزگای لوڕستان مۆڵەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی 41 بڵاڤۆكی هەیە.

ئەو كارناسە لەو باوەڕە دایە یاسای چاپەمەنیی وڵاتی ئێران لاوازیی زۆری پێوە دیارە و وتیشی، بڵاو كراوەكانی ئەمڕۆی كوردستان وەڵامدەری ویست و داخوازییەكانی خەڵكی نین.

فەرەیدون موعتەمێدیان لێپرسراوی خانەی چاپەمەنیی پارێزگای كرماشان ئاشكرای كردووە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەر كاتێك كە بەرپرسی گشتیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد گوڕدراوە، بێ‌ شك یاسای چاپەمەنیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و زیاتر ئەو یاسایانە سەلیقەیی بوون.

بە وتەی موعتەمێدیان، یاسای چاپەمەنیی كوردستان و هەروەها شێوازی بڵاوكراوەكان دەبێ‌ پێداچوونەوەی بەسەردا بكرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵدا مۆڵەتی 10 بڵاڤۆك درا بە پارێزگای كوردستان كە لە ماوەی رابردوودا دوو حەفتەی نامەی \"ئاوای ماد و بەهێز\" دەستیان بە وەشان كرد و هەروەها لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاواش لە مانگی رابردوودا یەكەم رۆژنامەی \"استانی\" بەناوی \"ئاراز\" بە زمانی فارسی دەستی بە وەشان كرد، ئەمە لە حاڵێك دایە كە رێژەیەكی زۆر كورد زمان لەو پارێزگایە دەژین، بەڵام دانەنانی زمانی كوردی لەو رۆژنامەیەدا بە واتای پشت گوێ‌ خستنی زمانی كوردییە لە بواری چاپەمەنیدا.

وێنە : میهر