هەڵبژێردراوانی حەوتەمین فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی لەندەن دیاری كران

كوردپا: هەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕكێی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی لەندەن و بیرئانینی دەرهێنەری ناودار و گەورەی كورد \"یەڵماز گۆنەی\" دیاری كران.

بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی لەندەن، رێوڕەسمی كۆتایی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی لەندەن بە بەشداریی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان، دەرهێنەرەكان و هەروەها ئەكتەرەكانی كورد و بیانی فیلمە بەشداربووەكان لە فێستیڤاڵ، لە هۆڵی سینەمای \"پیكچێڕ هاوس\"ی شاری لەندەن بەڕێوە چوو.

لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی لەندەن، هەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕكێی سێیەمین بیرئانینی دەرهێنەری ناودار و گەورەی كورد \"یەڵماز گۆنەی\" دیاری كران و تەندیسی فێستیڤاڵ و خەڵات بەسەریاندا دابەش كرا.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە كە بریتی بوون لە: \"ماریا ئۆلسێن\" بەرهەمهێنەر، دیكیۆمێنت ساز، رۆژنامەنووس لە بریتانیا، \"ڤیدا ساڵحی\" سیناریۆ نووسی زنجیرە درامای تەلەفیزیۆنی و كورتە فیلمەكان و بەرپرسی كۆمپانیای سینەمایی \"ستاك فیلمی سنە\" لە كوردستانی ئێران، \"نەزیرە توران\" دەرهێنەری چەندین كورتە فیلم و دەرچووی توێژینەوەی سینەما و میدیا لە كوردستانی توركیە، \"ئازاد ناسح عەلی\" دەرهێنەری چەندین كورتە فیلمی چیرۆكی و دیكیۆمێنتی و زنجیرە درامای تەلەفیزیۆنی و دەرچووی سینەما لە زانكۆی فیلمی مۆسكۆ لە هەرێمی كوردستان و \"شیار عەبدی\" دەرهێنەری چەندین كورتە فیلم لە هەرێمی كوردستان، دەنگی خۆیان لە بەشی پێشبڕكێی سێیەمین خولی بیرئانینی دەرهێنەری ناوداری كورد \"یەڵماز گۆنەی\" بەم شێوەیە راگەیاند:

پلەی یەكەم:
كورتە فیلمی \"هەنار میوەی بەهەشتە\" لە دەرهێنانی تەیموور قادری لە كوردستانی ئێران، پلەی یەكەمی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا و خەڵاتی زێڕی پێ بەخشرا.
پلەی دووەم:
كورتە فیلمی \"پێنج بەرد\" لە دەرهێنانی \"كەنان تێكس\" و \"ریزا بارووت\" لە كوردستانی توركیە، پلەی دووەمی بەشی كێبڕكێی بیرئانینی \"یەڵماز گۆنەی\" بەدەستهێنا و خەڵاتی زیوی فێستیڤاڵی پێ بەخشرا
پلەی سێیەم:
كورتە فیلمی \"نیشتمانی پاڵەوانەكان\" لە دەرهێنانی \"سەهیم عومەر خەلیفە\" لە هەرێمی كوردستان، پلەی سێیەمی ئەم بەشەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا و خەڵاتی زیوی پێ بەخشرا.
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران:
كورتە فیلمی \"دەنگی باران\" لە دەرهێنانی \"جەلال ساعید پەنا\" لە كوردستانی ئێران، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵەی پێ بەخشرا.

هەروەها كورتە فیلمی \"بریشك\" (سووتان) لە دەرهێنانی \"سەربەست رەزا گەرمیانی\" لە هەرێمی كوردستان، بە هۆی ناوەرۆكی فیلمەكە سەبارەت بە ژنان، لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵەوە رێزی لێگیرا.

لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لەندەندا، 18 فیلمی سینەمایی، 30 فیلمی دیكیۆمێنتاری، 20 كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێی و هەروەها 36 كورتە فیلم لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی (لاوەكی) لە دەرهێنەرانی كورد و بیانی لە وڵاتانی عێراق، ئێران، توركیە، بریتانیا، سوید، ئاڵمان، سووریە، فەرانسە، ئوتریش، هولەند، ئیتالیا، ئیمارات، نۆروێژ، فەلەستین و ... نمایش كران و بە گشتی بەشداریی ئەو هەموو فیلمە لە دەرهێنەرانی كورد و بیانی، یەكێك بوو لە خاڵە بەرچاوەكانی ئەم فێستیڤاڵە.

حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی لەندەن و سێیەمین خولی پێشبڕكێی \"یەڵماز گۆنەی بۆ كورتە فیلم\" بە نمایش كردنی 104 فیلمی سینەمایی، فیلمی دیكیۆمێنتاری، ئەنیمەیشێن و كورتە فیلم بە ناوەرۆكی چیرۆكی و دیكیۆمێنتاری لە دەرهێنەرانی كورد و بیانی لە رۆژانی 17 تا 27ی نوامبری 2011 لە سینەمای \"هاكنی پیكچێر هاوس\" و \"ویستبۆرن ستۆدیۆ\" لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بریتانیا بەڕێوە چوو.

هەروەها شارەوانی كێنزیگتێن و چێلسی خاتوو جۆلی میلز لە رۆژئاوای لەندەن، رۆژی 25ی نۆڤەمبەر لە هۆڵی \"ویستبۆرن ستۆدیۆ\"ی شاری لەندەن ئامادە بوو و بە فەرمی ئەم فێستیڤاڵەی لە رۆژئاوای لەندەن كردەوە.