١٤ هێکتار لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئیلام ئاگریان گرت

ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ئەوەی کە هاووڵاتییانی خەڵکی ئیلام، توانییان ئاگرکەوتنەوەی ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن، بەو حاڵەشەوە، ١٤ هێکتار لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە سووتان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ١٤ هێکتار لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئیلام لە ئاگردا سووتان.

لەم ئاگرگرتنەدا، ٧ هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکان\' لە ناوچەی \"عەرەب ڕوودبار\"ی نزیک لە مەزارگەی ئیمامزادە عەباس، لە ئاگردا سووتان.

لەم بارەیەوە، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری ئیلام ڕایگەیاند: \"لە بەرزاییەکانی \"چەرمین\" بە هۆی پووش و پاوەن، نزیکەی دوو هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە ئاگریان گرتووە.\"

لە لایەکی دیکەوە، لە گوندی \"فازڵ ئاوا\"ی شاری دەڕەشاری ئیلام، پێنج هێکتار لە گەنمی جووتیارانی ئەو شارەیە لە ئاگردا سووتان.

لە بەرەبەری وەرزی هاویندا و درەوکردنی گەنم و جۆی جووتیاران، بە هۆی ئاگرگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ساڵانە وەرزێڕانی کوردستان خەسارێکی بەرچاویان بەردەکەوێت.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاری و فریاكەوتنی ٢٤ کاتژمێری بۆ هەر ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوە و داڕمان لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، هاووڵاتییان خۆیان ئاگرکەوتنەوەکان کۆنترۆڵ دەکەن.