٨ هاووڵاتی لە سەلاسی باوەجانی، دەسبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ٨ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٨ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"شاهین ئاغاوەیسی، وەحید مێهروەرز، نازدار جەمشیدی، فەرامەرز ڕۆستەمی، عەلی ڕۆستەمی، ئیمان ڕۆستەمی، فەرشاد ئەمیری و پژمان ئومیدی\"، خەڵکی گوندی \"بزمیرئاوا\"ی شاری سەلاسی باوەجانی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ٨ هاووڵاتییە کوردە، لە ڕۆژانی چوارشەممە ٥ی پووشپەڕ هەتا ڕۆژی هەینی ٧ی پووشپەڕ، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو ٨ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کردووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە چارەنووسی ئەو ٨ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو ٨ هاووڵاتییە کوردە، هاتوچۆ لە گوندی \"بزمیرئاوا\"ی شاری سەلاس لە کاتژمێری ٩ی شەو بە دواوە قەدەغە کراوە و فەزایەکی ئەمنییەتی باڵی بە سەر ئەو گوندەدا، کێشاوە.