هاووڵاتییەکی روانسەری بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری روانسەر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی دێزڵ‌ئابادی شاری کرماشان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە \"هادی ئاقایی\" تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی ئەسەدوڵڵا و خەڵکی شاری روانسەر، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری, رەوانەی زیندانی دێزڵ‌ئابادی شاری کرماشان کرا.

\"12028.jpg\"
هادی ئاقایی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩١ هاوڕی لەگەڵ ٧ کەسی دیکە لە شاری روانسەر دەستبەسەر کرا و لە رێکەوتی ١٥ی رێبەنداندا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری روانسەرەوە هاوڕێ لەگەڵ فوئاد ئەنگوشتان، به‌ختیار نه‌زه‌ری و عادڵ مورادی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی \" ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری\"یان بۆ بڕایەوە.

عادڵ مورادی، به‌ختیار نه‌زه‌ری و فوائاد ئه‌نگوشتان چالاکانی سیاسی کورد بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتیان بەجێهێشتووە و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران گیرساونه‌تەوە.