هاوسەری "کامیل ئەحمەدی" وتەکانی دەزگای دادوەریی ڕەت کردەوە

ئاژانسی کوردپا: هاوسەری "کامیل ئەحمەدی" لە تویتێکدا، وتەکانی وتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێرانی لەبارەی پەیوەندیی "کامیل ئەحمەدی" لەگەڵ سرویسە بیانییەکان ڕەت کردەوە.

"شەفەق ڕەحمانی" هاوسەری "کامیل ئەحمەدی"، لە تویتێری کەسیی خۆیدا، وتەکانی "غوڵامحوسێن ئیسماعیلی"، وتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ پەیوەندیی "کامیل ئەحمەدی" لەگەڵ سرویسە بیانییەکان ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "لێکۆڵینەوەکانی هاوسەرەکەم، هەمووی بە شێوازی زانستی و گشتی لە پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکاندا بووە و ئاکامەکانی لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانی وەک ڕێکخراوی بێهزیستی، ناوەندی لێکۆڵینەوە و کۆمیسیۆنی ژنانی مەجلیس، وەزارەتی وڵات و ناوەندی کاروباری ژنانی دەوڵەت، کەڵکی لێ وەرگیراوە و هۆکارێک بۆ پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە بیانییەکاندا بوونی نییە".

ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی ڕەزبەر، "غوڵامحوسێن ئیسماعیلی"، وتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران لە یازدەیەمین پرێس کۆنفڕانسی خۆیدا، لەبارەی دۆسیەی "کامیل ئەحمەدی" و لەسەر ئەوەی کە "کامیل ئەحمەدی" بە سکاڵای کام یەک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان دۆسیەی بۆ سازکراوە، وتی: "دەسبەسەرکردنی ئەم کەسە ڕاستە و بابەتەکەی، پەیوەندیی ناوبراوە لەگەڵ وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە سرویسە بیانییەکانەوە".

ناوبراو ڕایگەیاند: "دۆسیەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدایە و بۆ ئێمە گرنگ نییە کە کام یەک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەدواداچوونی بۆ دەکات، بەڵکوو تۆمەتە وەپاڵنراوەکە و هۆکارەکان بۆ پاساوهێنانەوەی تۆمەتەکەیە کە گرینگە".

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، "کامیل ئەحمەدی"، نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە خانووی کەسیی خۆی لە تاراندا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و خەرمانانی ئەمساڵ، دادسەرای "موقەددەسیـ"ـی لقی ئەوین، ماوەی دەسبەسەرکردنی ناوبراوی بۆ مانگێکی تر درێژ کردەوە.