ناڕازییەکی تر بە قەتڵی ژنان لە مەریواندا، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا

ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ناڕازییان بە قەتڵی ژنان لە مەریواندا، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، \"حەمید قوبادی\"، یەکێک لە ناڕازییان بە قەتڵی ژنان لە مەریواندا، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت کرا.

هۆکاری بانگهێشتی ئەم چالاکە کوردە، بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بانەمەڕە، کە لە مەریواندا بەڕێوەچوو.

لەم پەیوەندییەشدا، سێ کەس لە ناڕازییان بە قەتڵی ژنان لە مەریواندا، بە ناوەکانی \"دیمەن فەتحی، محەمەد دانش و سوومەیە ڕوزبە\"، بە تۆمەتی \"تێكدانی نەزمی گشتی\" تاوانبار و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری مەریوان، پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە کوشتن و خۆکوژیی ژنان لەو شارە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە دروشمی \"نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان\" و \" نا بۆ قەتڵی نامووسی\"، بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، ژمارەیەک لە ناڕازییان بە تایبەتی \"دیمەن فەتحی، سوومەیە ڕوزبە، محەمەد دانش، کەویار خیشکار، هێمن کانی سانانی، موژدە مەردۆخی و حەمید قوبادی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

حەمید قوبادی، هێمن کانی سانانی، کەویار خیشکار، دیمەن فەتحی، موژدە مەردۆخی، سوومەیە ڕوزبە، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کران و محەمەد دانش ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بانەمەڕ، لە گرتنگە ئازاد کرا.