مۆڵەتی پیشانگای هونەریی هادی زیائەدینی هونەرمەندی كورد هەڵوەشایەوە

كوردپا: پیشانگای بەرهەمە هونەرییەكانی هادی زیائەدینی هونەرمەندی بە توانای كورد كە بڕیار بوو رۆژانی یەكشەممە و دووشه ممه لە زانستگای ورمێ‌بەڕێوە بچێت، لەلایەن بەرپرسانی ئەو زانستگایەوە هەڵوەشایەوە.

پیشانگای هونەریی هادی زیائەدینی كە پێکهاتبوو لە وێنەی کارە هونەرییەکانی\" پەیكەر، نیگاركێشی و تەڕاحی\" و بڕیار بووە لەژێر چاوەدێریی \"كانوونی فیلم و وێنە\"دا بەڕێوە بچێت كە لەناكاو لەلایەن بەشی كاروباری فەرهەنگیی زانستگای \"ورمێ‌\"وە مۆڵەتەكەی هەڵوەشاوەتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ورمێ‌، مۆڵەتی ئەو پیشانگا هونەریە رێكەوتی 15 خەزەڵوەر وەرگیرابوو، كەلە نامەیەكدا لەلایەن شۆای پێڕاگەیشتن بە كاروباری كانوونەكانەوە بە كانوونی فیلم و وێنە راگەیەنرابوو.

ئەو بڕیارەی زانستگای ورمێ‌لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی پیشانگای هونەریی هادی زیائەدینی لە كاتێك دایە كە تەواوی خەرج و هەزینەی ئەو كارە هونەریە جێبەجێ‌كرابوو، بەڵام هەتا ئێستاش هۆكاری هەڵوەشاندنەوە و ئیزن نەدان بە بەڕێوە چوونی رانەگەیەنراوە.

هادی زیائەدینی یەكێك لە هونەرمەندە بە تواناكانی كوردە كەلە چەندین بواری هونەری و بەتایبەت پەیكەرتاشیدا بەرهەمی ناوازەی خولقاندووە و پەیكەری زۆرَیك لە كەسایەتییە ئەدەبی و ناودارەكانی كوردی داتاشیوە.