منداڵێكی كورد لە فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ئێران، خەڵاتی باشترین ئەكتەری بەدەستهێنا

كوردپا: منداڵێكی كورد بەناوی هەڤاڵ ئیسماعیل نووری وەك ئەكتەری سەرەكیی فیلمی سینەمایی\"كێشەی چارلی\" توانی دیپلۆمی شانازیی بەدەست بهێنێت و وەك باشترین ئەكتەری سەرەكیی 25مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی منداڵانی ئیسفەهان دەست نیشان كرا.

بەشی هونەریی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردتەوە، فیلمی سینەمایی \"كێشەی چارلی\" لە دەرهێنانی سینەماكار عەلیڕەزا سەعادەت نیا، كەلە 25مین خولی نێودەوڵەتیی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە ئیسفەهان بەشداری كرد، ئەكتەری سەرەكیی ئەو فیلمە دیپلۆمی شازیی پێ‌بەخشرا.

ئەندامانی لێژنەی داوەرانی 25مین خولی فێتسیڤاڵی فیلمی منداڵانی ئێران بریتی بوون لە: محەممەد رەزا عەرەب، گیتی خامنە، رەسووڵ سەدر عاملی، جەماڵ شوورجە و غوڵامڕەزا رەمەزانی كە بە بۆنەی رۆڵی سەركەوتوانەی هەڤاڵ ئیسماعیل نووری ئەو خەڵاتەیان پێ‌بەخشیوە.

فیلمی سینەمایی \"كێشەی چارلی\" كە بەرهەمی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەمای وەرزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێم و ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دێكۆمێنتی و ئەزموونی ئێرانە هەر لەو فێستیڤاڵەدا توانیویە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بەدەست بهێنێت.

هەر لەو فێستیڤاڵەدا خەڵاتی ئەنجومەنی كورتە فیلمی ئێران لە بەشی بەرهەمی كورتە فیلمی سینەمای ئێران درایە كورتە فیلمی \"هەنار میوەی بەهەشت\" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد تەیموور قادری.