مامۆستایەكی ئایینی خەڵكی كامیاران بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات كرا

ئاژانسی كوردپا: سەید مراد فەتحی ئەندامی شۆرای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئان كوردستان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای كوردستان كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە پشا بەستن بە زانیاری ماڵپەڕی مەكتبی قورئان كوردستان، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 9ی خەرمانان، سەید مەراد فەتحی یەكێك لە ئەندامانی لەمێژینەی مەكتەب قورئان لە كامیاران و ئەندامی شۆرای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئان كوردستان بانگهێشتی ئیداری گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای كوردستان كراوە.

ناوبراو كاتژمێر10ی سەر لە بەیانیی بانگهێشتی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعات كراوە و هەتا كاتژمێر 30/1ی دوانیوەڕۆ لێپرسینەوەی لێكراوە.

ئەم مامۆستا و چالاكە ئایینیە لە ئاخاوتنێكدا لە شەوی 29ی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ لە مزگەوتی \"زەینەلی\"ی سنە كە لەو ئاخاوتنەیدا جیالە باسی دینی و مەزهەبی، رەخنەی لە هێندێ‌لە كردەوەكانی حكوومەت گرتووە و بەو هۆیەوە بانگهێشتی ئیتلاعات كراوە.

مزگەوتی زەینەلی یەكێك لە مزگەوتەكانی تایبەت بە ئەندامانی مەكتەب قورئانی كوردستانە.

لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا یەكێكی تر لە سیما ناسراوەكانی مەكتەب قورئان بەناوی عەبدوڵڵا عەباسی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كرا و هەتا ئێستا لە گرتنگەی ئیتلاعات دایە.