"قەرار بازداشت"ی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور بۆ ١ مانگی دیکە درێژ کرایەوە

ئاژانسی کوردپا: قەرار بازداشتی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور، لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ٢ مانگ درێژ کرایەوە.

کەماڵ حوسێنی رۆژنامەنووس و هاوکاری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: \"ماوەی بازداشتی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بۆ ٢ مانگ درێژ کراوەتەوە\".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کەلە پاش رۆژانی پشووی نەورۆز، بەمەبەستی روون بوونەوەی چارەنووسی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە کوردە، هەموو رۆژێک سەردانی قازی بازپورسی پەروەندەی ئەو ٢ چالاکەی مافی مرۆڤییەمان لە شاری مەهابادمان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامیکیان پێ نەداوینەتەوە.

درێژ کرانەوەی ماوەی بازداشتی ئەو ٢ رۆژنامەنووسە کوردە لە حاڵێک دایە کە بەپێی یاساکانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کەسی دەستبەسەر کراو هەتا ٢٤ کاتژمێر تاوانەکەی روون بکرێتەوە و لە ژێر چاوەدێریی قازیی زینداندا بێت، بەڵام مەسعوود و خوسرەو کوردپوور هەتا ئێستا لە ژوورە تاکە کەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگیراون.