فاشیزم و کارتێکەرییەکانی- کەژاڵ حاجی میرزایی

کەژاڵ حاجی میرزایی

پێشەکی
لەم وتارەدا هەوڵدراوە کە لە سەر کاریگەریی \"فاشیزم\" وەکوو دیاردەیەکی مودێڕن لە کۆمەڵگەی ئەورووپیی دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە باسێکی کورت بکرێت، پاشانیش لە سەر ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا لە پێکهێنانی ئەم دیاردەیەدا شیکردنەوەیەکمان ئەبێت. هەروەها بەشێکی گەورەی ئەم وتارە تەرخان کراوە بۆ باس کردن لەسەر\"ئایدۆلۆژیای فاشیزم\" و پیشاندانی ئەوەیکە ئەم ئایدۆلۆژیایە چ دەکا لە مرۆڤەکان و چۆن تاکەکان دەستەمۆ دەکات وهەروەها ئازادی تێفکرین و تێگەیشتنیان لێدەستێنێتەوە و تا چ ڕادەیەک کارتێکەری لە دونیای ناوەکی تاکدا هەیە کە ئەوەندە ڕادیکاڵ پەروەردە دەبێت کە وا بە ئاسانی دەبێتە مرۆڤێکی مرۆڤ کوژ.

بنەمای سەرهەڵدانی فاشیزم
بەرلە ئەوەیکە باسی \"فاشیزم\" وەکوو دیاردەیەک لە ساڵگەلێکی دیاریکراودا بکرێت بە پێویستی ئەزانم کە چاوێکیش بخشێنینە بنەمای بەدیهاتنی ئەم ڕەوتە و هەروەها هۆکارەکانی چێ بوونی ئەم هزرە.

پێش ئەوەێکە \"فاشیزم\" بە شێوەیەکی بەر بڵاو و بە دوای \"جەنگی یەکەمی جیهانی\"یەوە خۆی پیشان بدات و هەروەها بەر لەوەێکە ببێتە مەکتەبێکی تایبەت بۆ حزبێکی سەردەم و دوای ئەویش ببێتە ئایدۆلۆژیای ئەو حیزبە، لە نێو کۆمەڵێک باسی فەلسەفی تایبەتدا بەشێوەی نهێنی و کەم تا کورتێکیش ڕوون، بوونی هەبووە.

بەو واتایە کە کارتێکەریی کولتوور و ڕیگە و ڕەوشی ژیانی ئەورووپییەکان و هەروەها هزری فەیلەسووفەکان و باسە فەلسەفییەکان بوو کە بەرهەمێک وەکوو دیاردەی \"فاشیسم\"یان بەدی­هێنا.

لە ئاکامی شۆڕشی فەڕانسەدا بیروباوەڕی ڕووناکبیرەکان لە نێو کۆمەڵگەدا پەرەیان سەندبوو و ببوون بە بەشێک لە هزری سەردەم. هەروەها هاوکاتیش \"لیبرالیزم\" و \"مارکسیزم\" ڕۆڵێکی باشیان لە هزری سیاسییەکاندا ئەگێڕا، لەم نێوانەدا بوو کە فاشیزم سەری هەڵداو بوو بە دوژمنی ڕاستەقینەی هەر شتێک کە بە دوای شۆڕشی فەڕانسەوە هاتبوە گۆڕێ.

بەو واتایە کە فاشیزم دژ بە \"لیبرالیزم\"، \"مارکسیزم\"، \"ئیدئاڵیزم\" و هەروەها دژایەتییەکی هەرە مەزن بوو ژبۆ قوتابخانەی فەلسەفی \"پۆزیتیویسم\".

شەڕی یەکەمی جیهانی و دیاردەی فاشیزم
فاشیزم دیاردەیەکە کە بەدوای \"شەڕی یەکەمی جیهانی\" یەوە کە لە ساڵەکانی (١٩١٨-١٩١٤) ڕوویدا و بە دوای ئەنجامەکانی ئەو جەنگەدا بەشێوەیەکی ئەوتۆ و زۆر مەزن سەریهەڵدا. ئەم شەڕە وای لە مرۆڤەکان کردبوو کە لێواولێو ببوون لە دوژمنایەتی و مرۆڤ کوژی و ڕق و ترس و کینە بەرانبەر بە هەر نەتەوەیەک کە لە جنسی ئەوان نەبوو و تەنانەت بەرانبەر بە یەکتریش، واتا، تەنانەت تاکەکانی کۆمەڵگە کە هاونەتەوەی یەکتر بوون بە شێوازێکی زۆر توندو تیژیانە و دڕندانە لەگەڵ یەک هەڵس­وکەوتیان دەکرد و لە قاڵبی گرووپگەلێکی چەکداریدا هاتووبوونە گۆڕەپانی کێبەرکێوە.

بێهێزی دەوڵەت لە هەمبەر ئەو گرووپە چەکدارانە و نەبوونی توانای ڕاوەستانی لە بەرانبەر لافاوی ئەو توندوتیژییە هێجگار قووڵ و سەرسووڕهێنەرە کە لە دوای شەڕەوە سەریهەڵدابوو و هەروەها چارەسەر نەبوونی قەیرانی بێکاری و بێ­پووڵی خەڵک و دەوڵەت وای لە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە کردبوو کە تەنیا بیرلە هێزێک بکەنەوە کە بە یەکجاری ڕزگاریان بکات.

هێزێکیان دەویست ئەوەندە قورس و قایم بێ کە بەبێ هیچ ئەم لاو ئەولایەک قبووڵی بکەن و بەدوایدا بڕۆن. لەم دۆخە هێجگار ئاڵۆزەدا بیروبۆچوونێک دێتە مەیدانی هزرییەوە ئەویش \"ئایدۆلۆژیای فاشیزم \"یە و هەر لەم چوارچێوەدا هێزێک درووست دەبێ بە نێو هێزی فاشیستی.
ئایدۆلۆژیای فاشیست
لەم کۆمەڵگە پڕاوپڕ لە بێ­هیوایی و ڕەشبینییەدا کە جەنگ درووستی کردبوو \"فاشیزم\" و ئایدۆلۆژیای فاشیزم\" دەبنە پێغەمبەرێک کە هاتووە و دەێهەوێ مرۆڤی ئەو سەردەمە لە هەموو هەژاری و چارە ڕەشی ڕزگار بکات و بیانباتە نێو دونیایەکی نۆی و کۆمەڵگەیەکی سەربەست و ئازادەوە، وەها کارەساتێک لە مێشکی مرۆڤدا ئەخۆڵقێنێت کە وا دەزانێت ئێسقانی کۆمەڵگە داڕزاوە و تەنیا خۆی\"(فاشیزم)\" ئەتوانێت ئەم پرتووکاوییە و داڕزاوییە لە ناو ببات ، بە بێ ئاگاداری لەوەیکە ئەم ئایدیۆلۆژییە بۆ خۆی دەبێتە بەربەستێکی هەرە گەورە لە بەر دەم تێفکرین و تێگەیشتنی ئازادی مرۆڤ و ڕێگاش بە تاکەکەس نادات کە هەست بە بوونی خۆی بکات.

لە نێو ئەم سیستەمەی کە بە دەستی مرۆڤەکانی لایەنگری \"فاشیزم \"چێ دەبێت تا ڕادەیەک تاکەکان ترسەنۆک پەروەردە دەبن کە خۆیان دەخوازن هەموو ژیانیان تەسلیمی ئەو سیستەمە بکەن، لێرەدا ترسەکە بە سەر مرۆڤی دەستکردەی ئەم ئایدیۆلۆژیایەدا ئەوەندە زاڵ دەبێت کە دەێکاتە قارەمانێکی مەزن و هەر لە ترسیشدا دەبێتە شەڕکەرێکی ماندووناس و لێواولێو دەبێ لە ڕق و توندوتیژی.

ئەم ئایدۆلۆژیایە وەکوو دیاردەیەکی مودێڕن دەردەکەوێ بەڵام لە گەڵ هیچ یەک لە مافەکانی ڕەوای سەردەمیانەی مرۆڤدا نایەتەوە؛ بە شێوەیەک کە ئازادی سیاسی، ئازادی بیروباوەڕ، ئازادی ڕا دەربڕین و ... پێشێڵ دەکات و نە لەگەڵ \"دیموکراسی\" و نە لەگەڵ \"پلۆڕالیزم\" و باقی بایەخە مۆدێڕنە مرۆییەکان یەک ناگرنەوە و تەنانەت دژ بە ئەوانیش ڕادەوەستێت.

ئایدۆلۆژیستی سەرکوتکەر

بە دوای چێ بوونی ئەو جیهانە نۆێیە لە مێشکی تاکەکەسدا، \"ئایدیۆلۆژیستی سەرکوتکەر\" چێ دەبێ. \"ئایدۆلۆژیستی سەرکوتکەر\" یانی کەسانێک کە باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیای فاشی هێناوە، ئەوانەیکە ڕوویان لە توندوتیژی کردووە و کەرامەتی نەتەوەکانی دیکە جیا لە نەتەوەی خۆیان ئەدەنە بەر شەق و زلە. ئەوەندە دەمارگرژ و بیر تەسکن کە توانای قبووڵکردنی هزر و بیر و باوەڕی جیا لە بیر و باوەڕی خۆیان لە لا نامێنێت و وا بیر دەکەنەوە ئەو قوڕەی کە بە دەستی \"لیبڕالیزم\" و... بە سەریان گیراوە بە دەستی \"فاشیزم\" خاوێن دەبێتەوە.

وایان لێدەکات کە وابزانن کە تەنیا ئەمان لە دونیا و چۆنییەتی بوونی دونیا زانیاریان هەیە، لەم جیهانەنۆێیەدا تاکەکان وایان بە سەر دێت کە وائەزانن تەنیا فاشیزم ئەتوانێت نەخۆشییەسیاسییەکان و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆیان چاک بکاتەوە و کەمایەسییەکانی ڕابردووش بە تەواوی قەرەبوو بکاتەوە.

کۆبەند
بەر لە سەرهەڵدانی هەر هزر و بیر و بوچوونێک هە روەها بە دوای ئەویش دروست بوونی هەر ئایدیۆلۆژییەک و هەر مەکتەبێک، سیاسەت، حکوومەت، دەوڵەت، ئائین و هەروەها خەڵکی ئەو کۆمەڵگەیە جێگایەکی باش بۆ ئەو چەشنە سەرهەڵدانە دەکەنەوە و خۆیانن کە ئامادەکاری بۆ ئەو پەیدابوونە دەکەن، ڕەنگە خۆشیان ئاگاداری ڕەنگدانەوەی ئەمکردەوەیە نەبن.

ڕەنگە مرۆڤ لە بەر ئەوەێکە بتوانێت جێگا والاکانی خۆی لە دەروونیدا و هەروەها لەکۆمەڵگەدا پڕ بکاتەوە، ڕوو بێنێتە قبووڵکردنی هەر ئایدۆلۆژیایەک بە بێ ئەوەیکە تێفکرینی باش و ڕاستەقینەی هەبێت لە سەر ئەو هزر و ڕووتێکردنە، بە بێ ئەوەێکە تێگەیشتنێکی واقعی هەبێت لەسەر کارتێکەرییەکانی ئەو بیر و باوەڕە، مخابن زۆربەی هەرەزۆری لەم چەشنە قبووڵکردنگەلە ئەبنە هۆکاری سەرەکی ورد کردنی نەتەوە و بایەخە نەتەوەییەکان و بەدوای ئەویشدا هێرش هێنانی ڕایەڵەکی هێجگار ئاڵۆز بۆ سەر کۆمەڵگە.

کە واتا مرۆڤ بۆ خۆیە کە ئەتوانێت هێمنیەکی قووڵ لە کۆمەڵگە چێ بکات، یان بوومەلەرزەیەکی گەورە.

سەرچاوەکان:
مارک، ن. فاشیسم.
لیپست، م. س. انسان سیاسی
لیپست، م. س. و سیمون مارتن. مرۆڤی سیاسی.
قزلسفلی، م.ت. از پوزیتیویسم تا آنارشیسم