شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە

ئاژانسی کوردپا: شۆرای ڕێکخراوە فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان، سەبارەت بە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە و ئەو هێرشەیان ئیدانە کردووە.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە، بەم چەشنەیە:

‍بە ناوی بەرزەناوی خودای گەورە و دلۆڤان

بەیانییەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە بۆنەی هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا.

بۆ بیروڕای گشتیی کوردستان و هەموو جیهان؛

هەروەها کە ئاگادارن دەوڵەتی فاشیستی تورکیە لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشێکی دڕندانەی کردووەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بیروڕای گشتیی جیهان بێ ئاگا نین کە کوردانی ڕۆژاوا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهان و بۆ پارێزگاری لە مرۆڤایەتی، لە تێکشانی داعش و داعشیزمدا دەوری سەرەکییان گێڕاوە و نیشانیان داوە کە لە نیشتمانی خۆیاندا هەموو نەتەوەکانی ناوچە دەتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا پێکەوەژیانێکی ئاسوودەیان ببێت. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ کەوتوونەتە بەر هێرشی جینایەتکارانەی سپای داگیرکاری تورکیە.

هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا، بێگومان دەتوانێت ئەنجامێکی ترسناکی بۆ وڵات و ناوچە و جیهان ببێت. ئەردۆغانی پەتیارە و زڕباوکی داعش، بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ تێرۆریزم و پێکهێنانی ناوچەی ئەمن، دەیەوێت نیشتمانی سیاسی و پێکەوەژیانی کوردان و نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژاوا لەنێو ببات و کۆمەڵکوژییەکی دیکە ئەنجام بدات.

گەرچی دەوڵەتی تورکیە و پارتە دەسەڵاتدارەکەی بۆ مانەوەی خۆیان و پاراستنی حکوومەتە لەرزۆکەکەیان پێویستیان بە شەڕ و کوشتارێکی دیکە هەیە، بەڵام گرنگترین ئامانجی ئەم تورکانە ڕزگارکردنی داعش و ڕێکخستنی دووبارەیان بۆ پاوانخوازی ئەرزی و مەرامیی خۆیان و کوشت و بڕی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو جیهانە. دیارە بیروڕای گشتیی جیهان بە باشی تێدەگات کە ئەم شێوازی هەڵسوکەوتە مەترسییەکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان.

ئەمڕۆ کۆمەڵگای جیهانی لە هەمبەر هێرشی سپای داگیرکاری تورکیە بۆ سەر خەڵکی بێ پەنای ڕۆژاوا بێ هەڵوێست نییە. کۆمەڵگای مەدەنیی جیهان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جووڵە دژەمرۆڤانەیە بە ئاگا هاتەوە و هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی خستووەتە ژێر گوشار و داوای کاردانەوەیان لێ دەکات. دیارە دەمێکە کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی سەقامگیر بووە و بەردەوام پابەند بە دادپەروەرییە و دژایەتیی ستەمگەری لە هەموو ئاستێکدا دەکات. بە بڕوای کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، دامەزراوە بەرپرسەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ! کارایی خۆیان لەدەست داوە و بە بێدەنگی و ئامۆژگاریی بێ بنەما، داگیرکارانیان بۆ لەژێرپێنانی زۆرتری مافی خەڵکی بێ پەنا بەتایبەت کوردەکان دڕتر کردووە.

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، هاوڕێ و هاودەنگ لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، بێدەنگی و هاوڕێیی دامەزراوە و دەوڵەتەکان لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکان بەتوندی ئیدانە دەکات و پێی وایە، پێویستە کە هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی ناوچە و جیهان لە هەمبەر پێچەوانە نیشاندانی چەمکە مرۆییەکانی وەک ئاسایش، ئاشتی و مروڤدۆستیی دەوڵەتی داگیرکاری تورک بەربەرەکانێ بکەن و نەهێڵن مانا دەروونییەکانی ئەم چەمکانە بەهۆی داگیرکارانەوە پێچەوانە ببێتەوە و هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتن بەم مەبەستە نامرۆڤانە لەژێر ناوی ئەم چەمکانە لە قاو بدەن و ڕیسوای بکەن.

ئێمە داواکارین کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی وەک: شۆرای ئاسایش، یەکیەتیی ئورووپا و یەکیەتیی وڵاتە عەرەبەکان و دیکەی ڕێکخراوە چالاکەکان بێ هەڵوێست نەبن و بەر بە کۆمەڵکۆژی و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بگرن.

شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، وێڕای ئیدانەکردنی هێرشی دڕندانەی چەکمەسوورەکانی ئاتاتورک و خوازیارانی ئیسلامی توندڕەو، کە ڕێچکەیەکی لادەرانە لە ئایینی ئیسلامە، لە هەموو گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهان داوا دەکات لە هەمبەر ئەم بارودۆخەدا، هەڵوێست و چالاکیی بە کردەوەی خۆیان بسەلمێنن و لە هەر ڕێگایەکەوە کە پێیان دەکرێت یارمەتیت خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژاوا بدەن.

شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین

ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی ڕۆجیار

یەکێتیی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان (انجمن صنفی معلمان مریوان)

ئەنجومەنی خەڵکیی بەرگری لە ماددە هۆشبەرەکان- ژیانەوە 

ئەنجومەنی فەرهەنگیی- ئەدەبیی مەریوان

ناوەندی زانستی- فەرهەنگیی ڕۆنان

ئەنجومەنی سەوزی چیا