شۆرای مەریوان رێژەیەکی بەرچاو لە زەوی ئەو شارەی قۆرغ کرد

ئاژانسی کوردپا: ریژەیەکی بەرچاو لە زەوییەکانی شاری مەریوان کەلە \"نەقشەی جامع\"دا بۆپارک و قوتابخانە تەرخان کرابوون، لەلایەن شۆرای شاری مەریوانەوە قۆرغ کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەپشت بە ستن بە هاووڵاتییانی شاری مەریوان، شۆرای شاری مەریوان بە هاوکاریی کۆمەڵێک کەسی \"دەستبڕ\" رێژیەکی بەرچاو لە زەوییەکانی ئەو شارە، کە بۆ شوێنی دروست کردنی پارک، قوتابخانە و وەرزشگا تەرخان کرابوو، قۆرغ کردووە و بەشێوەی نایاسایی بە هاووڵاتیانییان فرۆشتوەتەوە.

چەندین کەسی خۆجێیی دانیشتووی ئەو ناوچەیە بە هەواڵنێری \"کوردپا\"یان راگەیاند: “زەوییەکانی بەیەڵە، سەردۆشییەکان، ترمیناڵ و تەپۆڵکەی بازرگان بەشێک لەو شوێنانەن کە لەلایەن شۆرای شاری مەریوان و بەهاوکاری چەند کەسێکی بونگادار و دەستبڕەوە زەوت کراون و بە هاووڵاتیان فرۆشراونەتەوە”.

یەکێکی دیکە لەو هاووڵاتیانە ئاشکرای کرد، سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتیان لەمەڕ ئەو دەستبڕییەی شۆرای شار، لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ وڵامێکیان بە هاووڵاتیانی شاری مەریوان نەداوەتەوە.