شاهرۆخ زەمانی و خالید حەردانی کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا

ئاژانسی کوردپا: دو زیندانیی سیاسی لەسەر داوای خەڵکی زوڵم لێکراوی ئەهواز، پاش ١٠ رۆژ مانگرتنەکەی خۆیان شکاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"خالید حەردانی\" و \"شاهرۆخ زەمانی\" کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە رووخاندنی ماڵی ٧ هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز مانیان لە خواردن گرتبوو، سەرئەنجام رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی جۆزەردان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.

پیرێژنێکی ئەهوازی لە پەیامێکدا بەو دوو زیندانییە سیاسییە گوتووە، ئێوە بەو هەڵوێستە کەرامەت و شەرەفتان بە ئێمە بەخشی، ئێمە وامان دەزانی لەم جیهانەدا مرۆڤێکی لەبیر کراون، بەڵام ئێوە بەو هەڵوێستەتان ژیان و بەختەوەریتان بۆ نێو ماڵەکانی ئێمە بەدیاری هێنا.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ، خانووبەرەی ٧ هاووڵاتیی عەرەب لە گەڕەکی \"شلەنگ ئاباد\"ی ئەهواز لەلایەن مەئموورانی شارەوانیی ئەو شارەوە بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت تێکدران.

خالید حەردانی و شاهرۆخ زەمانی بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی ناوەند و رێکخراوە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە پشتیوانی کردن لەو ٧ بنەماڵە ئەهوازییە، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج مانیان لە خواردن گرتبوو.