سەقز/ بڕینەوەی وەسیقەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بۆ سێ‌لاوی كورد

ئاژانسی كوردپا: دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشارستانی سەقز بۆ ئازادیی كاتی سێ‌هاووڵاتیی دەستبەسەركراو، داوای سپاردنی وەسیقەی ١٥٠ ملوین تمەنی كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەئێوارەیی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٢ پووشپەڕەوە سێ‌لاوی كورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر کراون و هەنووکە لە \"سویت\"‌ی زیندانی ئەو شارەدا راگیراون.

ئەو سێ‌هاووڵاتییە كوردە خەڵكی ئاوایی \" مەڵقەرەنی\"ی سەربە‌شارستانی سەقزن.

دادگای ئینقلابی شارستانی سەقز بۆ ئازادی هەر كام لەو لاوانە بڕیاری دانانی وەسیقەیەیەکی ٥٠ ملوێن تمەنیی لێكدروون.

شوناسی ئەو سێ‌كەسە لە لایەن ئاژانسی كوردپاوە هیوا ئازەری تەمەن ٢٨ ساڵ و كوڕی ئیسماعیل، محەممەد قانێع تەمەن ٢٤ ساڵ و كوڕی محیەدین و سالار ئازەری تەمەن ٢٦ ساڵ و كوڕی حەسەن راگەیەندراوە.

هەواڵنێری كوردپا لەشاری سەقز رایگەیاندووە، سالار ئازەری پێشتریش بۆ چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەكان كراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بنەماڵەی ئەو گیراوانە توانای دابین كردنی وەسیقەی ٥٠ ملوێن تمەنەیان نییە.

هەتا ئێستا هۆكاری دەستبەسەركرانی ئەو سێ‌لاوە کوردە نەزانراوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی مانگی پووشپەڕدا لەئوستانەكانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، كوردستان، كرماشان و ئیلام، ٢٤ هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كراون.