سێ هاووڵاتیی کامیارانی دەسبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، \"سیروان مورادی، بێهزاد کەمانگەر و ئارمان قەیتاسی\"، خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، لە چالاکانی مەدەنیی شاری کامیاران دێنە ئەژمار و بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەریدا، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بێڕێزییان پێکراوە.

دەسبەسەرکردنی ئەم سێ چالاکە، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی \"بورهان کەمانگەر\" بووە و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.