سێهەمین کۆڕی شێعری مانگانە لە شاری ئیلام بەڕێوەچوو

ئاژانسی کوردپا: سێهەمین کۆڕی شێعری مانگانە لە نووسینگەی وەشانگەی باشوور، لە شاری ئیلامدا بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، سێهەمین کۆڕی شێعری مانگانەی وەشانگە لە شاری ئیلام ، بە بەشداریی شاعیر \"شوعەیب میرزایی\" و هەروەها، ژمارەیەک لە شاعیران و نووسەرانی خەڵکی شاری ئیلام و هۆگرانی شێعر و وێژەی کوردی، لە نووسینگەی وەشانگەی باشوور بەڕێوەچوو.

لەم کۆڕەدا، سەرەڕای خوێندنەوەی شێعر و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە خوێندراوەکان، \"شوعەیب میرزایی\" لەو پەیوەندییەدا، سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی شێعری نوێ و پوتانسییەلەکانی شێعر و وێژەی کوردیی باشوور، چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووانی ئەو کۆڕە کرد.

سەرماوەزی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، وەشانگەی \"باشوور\" بۆ چالاکی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیی خوارین (کەلهوڕی، لەکی، فەیلی و...) لە ئیلامدا مۆڵەتی وەرگرتووە و ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لە ئیلامدا دەستی بە کارەکانی کردووە.