سپای پاسداران، چەکوچۆڵ دەگوازێتەوە بۆ شاری کامیاران

ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران، کۆمەڵێک کەرەستەی نیزامیی بۆ شاری کامیاران گواستووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، سپای پاسداران، هەوڵی گواستنەوەی چەکوچۆڵ و کەرەستەی نیزامیی بۆ شاری کامیاران داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کەرەستە نیزامییانە لە شاری سنەوە بۆ بنکەی عەمەلیاتیی سپای پاسداران، لە گوندی \"گەشکی\" و بەرزاییەکانی شاهۆ گواستراونەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کردووە: \"سپای پاسداران لە کاتی گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس بۆ کوردستان، بۆ پاراستنی کەرەستە نیزامییەکان لە هێزی نیزامی و ئیتلاعاتی، بە شێوەی نهێنی کەڵک وەردەگرێت.\"

گواستنەوەی چەکوچۆڵە قورسەکان بۆ شاخی شاهۆ، پاش چاوپێکەوتنی فەرماندەی سپای پاسداران لەو شاخە، ئەنجام دراوە.

ڕۆژی هەینی، ١٧ی جۆزەردان، \"محەمەد پاکپوور\"، فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران، \"محەمەدتەقی ئوسانلوو\"، فەرماندەی قەرارگای حەمزە، \"محەمەدنەزەر عەزیمی\"، فەرماندەی قەرارگای نەجەفی ئەشرەفی هێزی زەوینیی سپا و \"محەمەدحسێن ڕەجەبی\"، فەرماندەی قەرارگای پارێزگای شەهرامفەری سنە، سەردانی شاخی شاهۆی کامیاران و شاخی کۆساڵانیان کردبوو.

سەردانی بەرپرسانی باڵای نیزامیی حکوومەت بۆ شاخی شاهۆ و کۆساڵان، زیاتر لە ترسی هێزە کوردییەکان و شارەزایی لە جوغرافیای ئەو دوو شاخە بووە.