سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و تێرۆریسمی ژینگەیی

سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە کردەوەیەکی هاوچەشنی ڕابردوودا، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بانەمەڕ، دەستی بە بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی نێزامی لە ناوچە کوێستانییەکانی شاهۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کردووە.بەرزاییەکانی شاهۆ لە بەشی باکووری هەورامان، بەشێک لە زنجیرەچیاکانی زاگرۆسە و لە ساڵی ٨٨ و پاش پەسەندکردنی شۆرای باڵای ژینگە چووە ڕیزی ناوچە پارێزراوەکانەوە.

بەپێی مادەی ٥ی ئایین‌نامه‌ی ئیجرائیی یاسای پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ژینگە، پەسەندکراوی ١٣٥٤ و پێداچوونەوەکانی دواتر، \"ناوچەی پارێزراو بە بەشێکی دیاریکراو لە سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات لەوانە، لێڕەوار،لەوڕگە، دەشت، ئاو و کوێستان دەوترێت کە لە بواری پێویستیی پاراستن و دووبارەبوونەوەی نەسڵی گیاندارە وەحشییەکان یان پاراستن و بووژاندنەوەی گیاکان و دۆخە سرووشتییەکەی گرینگی تایبەتی هەیە و دەپارێزرێت.\"

بەپێی ئاییننامەی ناوبراو، هەر جۆرە هەڵگرتنی چەک و تەقەکردن لە ناوچە پارێزراوەکان قەدەغەیە. گرینگیی ئەم ناوچانە لە ئاستێکدایە کە تەنانەت هاتوچووەکان بە پێی سنوورگەلی ئاشکرای دیاریکراو لە دەستووری بەندی ئەلفی ماددەی ٣ی یاسای پاراستن و چاکسازیی ژینگە سەبارەت بە هاتوچوو و تێپەڕبوون لەم ناوچەیە.

بەپێی ماددەی ٥ی ئەم دەستوورە، چوونەژوورەوە بۆ ئەم شوێنانە تەنیا بە مەبەستی بینین و تەفریح و ئەویش هاوکات لەگەڵ مەرجگەلێکی وەکوو لەبەرجاوگرتنی ئارامیی ژینگە (حیات وحش) ڕێگەپێداروە. سەرەڕای ئەم سنووردادانە و هەروەها بە تاوان ناساندن لە یاسای جەزاییدا، ناوچەی پارێزراوی شاهۆ و کۆساڵان لە ئێختیاری سپادایە و بەدرێژایی ئەم ساڵانەش هەوڵی دروستکردنی پایەگای ئامووزشی و عەمەڵیاتیش بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حێزبە کوردییەکانی تێدا دراوە.

ئەوەی کە جێی سەرنجه، بوونی نیزامی و بەڕێوەبردنی مانۆرگەلێکی وێرانکارانەی هاوتەریب لەگەڵ چەمکی تێرۆریسمی ژینگەییە(eco-terrorism)، کە تاکوو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی نێونەتەوەیی سەبارەت بەم بابەتە نەگیراوە. بە پێی ستانداردە دیاریکراوەکان، هەرجۆرە کەڵکوەرگرتن بەمەبەستی دوژمنایەتی یان گۆرێنی بەئەنقەستی بواری سرووشتی لەو شتانەی کە لە سروشتدا هەن ، دەگەڕێتەوە بۆ تێرۆریسمی ژینگەیی و لەو قاڵبەدا پێناسە دەکرێت.

لە حقوقی نێونەتەوەییدا، کۆنوانسیۆنگەلێکی جۆراوجۆر بە مەبەستی پاراستنی ژینگه ئامادە کراون کە زۆرتر سەبارەت بە کاتی تێکهەڵچوونە چەکدارانەکانە.

کۆنوانسیۆنی قەدەغەی کەڵکوەرگرتنی نیزامی یان هەر چەشنە کەڵوەرگرتنێکی دوژمنکارانە، لە تکنیکەکانی گۆڕانی ژینگەی ساڵی ١٩٧٦ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. دەوڵەتی ئێران سەرەڕای واژۆی ئەم کۆنوانسیۆنە کە زۆرتر لایەنی عورفی نێونەتەوەیی لەخۆ گرتووە، هەرجۆرە کەڵوەرگرتنێکی دوژمنکارانە لە بواری سەرچاوە سروشتییەکانەوە قەدەغەیە.

بە هەموو بەربەستە یاساییەکان هەم لە حقوقی ناوخۆیی و هەم لە حقوقی نێونەتەوەییدا، سپای پاسداران سالانێکە لەم ناوچەیە خەریکە بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامییە کە نموونەکەشی تاقیکاریی مووشەک و چەکوچۆڵی نائاساییە(غیرمتعارف). وەرگرتنی کەڵکی نیزامی و دوژمنکارانە لەم ناوچەیەدا بووەتە هۆی ئاگرگرتنی بەردەوام و لەناوچوونی جۆرە دەگمەنەکانی گیانداران و گیاکانی ئەو ناوچەیە.

هاوکات لەگەڵ پیسکردنی کانی و سەرچاوە ئاوەکانی شاهۆ کە شوێنی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە، یەکێکی تر لە هۆکارە تاوانبارانەکان لەم ناوچەیە. سایانی باسە کە بەخشینی زانیاری سەبارەت بەم قەیرانە ژینگەییانەگرینگترین هۆکاری دەستبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێز لە کوردستان لە ماوەی مانگەکانی دواییەدایە. مافی ژینگەی خاوێن لەسەر کەڕامەتی زاتیی مرۆڤ بووە و لە بەشی نەوەی سێی مافی مرۆڤدا پێناسە دەکرێت.

بەداخەوە تاکوو ئێستا، ئەم پرسە لە لایەن ڕیپۆرتێرانی دۆخی مافی مرۆڤەوە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

ڕاپۆرت: فەراز فیرووزی مەندۆمی، لێکۆڵەری مافی مرۆڤ لە زانکۆی هامبوورگ