زریان ڕۆژهەڵاتی: هەموو خەمی پ.ک.ک، ئەوە بووە کە چۆن بتوانێت ‌هێزی مرۆیی و هێزی لوجستیکی پارچەکانی دیکەی کوردستان کەناڵیزەی خەبات لە باکووری کوردستان بکات

 

ئاژانسی کوردپا: پاش دەستپێکردنی خەباتی پێشمەرگانه لە ڕۆژهەڵات، ئه‌و ڕێكخراوه‌ سیاسی و سه‌ربازییانه‌ی كه له‌ مه‌نزوومه‌ی په‌كه‌كه‌دا به‌ ناوی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ دروستكراون، لێدوان و گوتاره‌كانیان له‌سه‌ر ئێران توند كردووه.
ئه‌و رێكخراوه‌ سیاسیی و سه‌ربازییانه‌ هەرەشەی شکاندنی ئاگر بەست لە حکوومەتی ئێران دەکەن.

بۆ تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان و سیاسەتی پەکەکە بە نیسبەت بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات ئاژانسی کوردپا وتووێژێکی لەگەل زریان ڕۆژهەڵاتی، لێکۆڵەر و شرۆڤەکاری سیاسی پێکهێناوە.

ئاژانسی کوردپا: بۆ چی ئه‌و رێكخراوه‌ سیاسی و سه‌ربازییانه‌ی كه له‌ مه‌نزوومه‌ی په‌كه‌كه‌دا به‌ ناوی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ دروستكراون، لێدوان و گوتاره‌كانیان له‌سه‌ر ئێران توند كردووه؟

\"\"

 

زریان ڕۆژهەڵاتی، لێکۆڵەر و شرۆڤەکاری سیاسی

زریان ڕۆژهەڵاتی: لە راستیدا پ.ک.ک. هێزێکی سیاسیە کە باس لەوە دەکات لە سنوورێکی جوگرافی دیاری کراو دا، یان لە پارچەیەکی دیاری کراوی کوردستان کار ناکات و کار بۆ هەر چوار پارچەكەی کوردستان دەکات. لەو بارەیەوە ئەو خۆی بە ئەلتێرناتیڤی هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەزانێ حەتا دەستەواژەی دیاریکراوی هەیە بۆ ناوهێنانی ئەو هێز و لایەنە سیاسیەنەی بەر لە دروستبوونی پ.ک.ک. لە ئارادا هەبوون. ئایدئۆلوژی پ.ک.ک. تەقریبەن بەمجورەیە، لە ڕووی سیاسەتی کورت مەوادوە و سیاسەتی ڕۆژەوە ئەگەر سەیری ئەم بابەتە بکەین، بەشێکی ئەمە پەیوەندی بەو گۆڕانکاریانەوە هەیە کە لە دەورووبەری ئێران و لە ناوچەکە خەریکە ڕوو ئەدەن، وە بەشێکی پەیوەندی بە حیسابە جیۆسیاسییەکانی پ.ک.ک. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. لە حەقیقەتدا ماوەیەکە جموجۆڵی هێزە ڕەسەنەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەیی قۆناغێکی نوێی خەباتی ڕزگایخوازانەی نەتەوەیی کورد دەستی پێکردووە، گەڕانەوەیەک بۆ چیا وەکوو سمبولێک لە بەرگیری و مقاومە کوردی دەستی پێکردووە، لەو چوارچێوەش دا، هێندێک لە هێزە کوردییەکان هێزەکانیان لە چیای هەڵگورد جێگیر کردووە، بەهێزە بوونەوەی جوڵانەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ تەگەرە بۆ ستراتیژی گشتی پ.ک.ک دروست بکات لە ڕوانگەی ئەوەیکە دەیەوی ببێتە مەیدانداری خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە لە حەقیقەتدا پ.ک.ک تێدەگات لەوەیکە دۆخی ئێران لە ناوچەکە خەریکە بەرەو خراپی ئەچێ و گڵۆڵەی ئێران کەوتووتە لێژی و ئەیەوێ ئیستفادە لەو دۆخە بکات و بە قازانجی خۆی بیشکێنێتەوە، ئەو پێی وایە ئەمریکاییەکان ،خەلیج و ئیسرائیل تەنگیان بە ئێران هەڵچنیووە و ئەوانیش دەتوانن ئیستفادەی سیاسی لێ بکەن، ئەمەش لە ڕێگای ئەکتیڤ کردنەوەی ئەو هێزانەی خۆیەتی بە ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستی کردوون، بۆیە ئەبینن بازێ جار دەستیان کردوو بە لێدوان بە دژی ئێران و مەسەلەی شکاندنی ئەو شتەی کە خۆیان بە ئاتەش بەس ناوی دەبن، دەكرێ ئەمانە هەمووی لە چوارچێوەیەدا سەیر بکرێت، پ.ک.ک، حیسابی ئەوە دەکات ئەگەر بێتوو لە رۆژهەڵات هاوشێوەی ڕۆژئاوا یاخود هاوشێوەی باشووری کوردستان تەئسیری سەبازی و سیاسی هەبێت ئەمە دەتوانێ هێزەکەی دوو هێندەی دیکە زیاتر بکات، بە تایبەتی ئێستا دۆخەکەی لە باکووری کوردستان تەقریبەن بە جۆرێک لە جۆرەکان لە چەقبەستوویەک دایە و ئەویش ئەیەوی لە ڕیگای پارچەکانی دیکە کوردستانەوە ئەو شکانەی کە هەیەتی قەرەبووی بکاتەوە.

ئاژانسی کوردپا: ئایا ئەگەری دووباره‌بوونه‌وه‌ی مۆدێلێكی هاوشێوه‌ی رۆژئاوا له‌ رۆژهه‌ڵات هەیە؟

زریان ڕۆژهەڵاتی: ئەگەری دووبارە بوونەوەی مۆدێلی هاوشیوەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەحمەتە بەڵام، نامومکین نیە. ڕۆژئاوای کوردستان لە بەر ئەوەی هێزی چەکداری ڕەسەن و ئەوانەی نەبووە بەڵکوو هێزی سیاسی ناچەكداریان هەبووە ، وە خۆشتان دەزانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیکە قسەی یەکلاکەرەوە دەکات هێزە، و بە مەنتقی هیزەوە ئەگەر سەیری ئەم کارە بکەی، لە حەقیەتدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزی ڕەسەنی خۆی هەیە و هێزی هەیە کە ساڵانێکە خەبات و تێکوشانی خۆی کردووە و هێزی هەیە دەیان هەزار قوربانی و شەهیدی هەیە و ١٠ یان گیراو و زیندانی سیاسی هەیە ئێستاشی لەگەڵ دابێ، ئەگەر ژمارەکەشی زۆر نەبێت،بەڵام پێشمەرگە و هێزی چەکداری هەیە و موقاومەیەکی سیاسی دەكات. بۆیە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەرقی هەیە، بەڵام خاڵێکی جیددی هەیە ئەوەیش ئەوەیکە گۆڕینی بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئامادەگیی هێزی پ.ک.ک. ئەو دەرفەتە دەرەخسێنی بۆ ئەوەیکە پ.ک.ک.، هێزێکی ئامادەیی بیت و تموحی ئەوەشی هەبێت بۆ ئەوەیکە سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان لەوێ دووبارە بکاتەوە. ئەمەش بە دوو ڕیگا مومکینە، یەکەمیان لە ڕێگای ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو هێزانەی کەوا نەیاری ئێرانن وەکوو ئامریکا، وەکوو وڵاتانی خەلیج وەکوو ئەو هێزانەی کەوا دژ بە ئێرانن لە مەنتەقە و ئەوەیکە تەگەرەیەکی جیددی ئەمنیەتیی بۆ ئێران دروست بکات، لەم ڕێگایەوە دەتوانێ هەرچەن كە ئاسانیش نابێت. رێگایەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەگەر بێتوو گوشارەکان لە سەر ئێران توند بێت. ڕێککەوتن لەگەڵ خودی ئێراندا بكات و هاوشیوەی ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەبوو بجووڵێتەوە. بمانەوی یان نەمانهەوێ بەشێک لەو هەژموونەی کە پ.ک.ک، لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستی کرد، پەیوەندیی بەوە هەبوو کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی ڕاستەوخۆش نەبێت بەڵام ڕێککەوتنێکی زمنی و بابەتییانەی لەگەڵ ڕیژیمی سووریا کرد و بەو جۆرە دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای سووریا بەبێ هێچ شەڕێک کونتڕۆڵی سەرزمێنی لە جوگرافیای کوردستانی ڕۆژئاوای گرتە دەستی خۆی. بۆیە لە هەر دوو حاڵەتەکدا کە ئەگەر بێتوو جووڵانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندوو نەبێتەوە و ئەو دۆخی بێدەنگییەی ساڵانی ٩٠دەکان هەتا ٢٠١٥ بەردەوام بێت، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوە دەبێت کە پ.ک.ک، ئەو بۆشایە سیاسیەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، جا لە ڕیگای ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران یا لەگەڵ نەیارەکانی ئێران پڕ بکاتەوە. بۆیە ئەمە یەکێکە لە ئەگەرەکانە و نابێت چاوپۆشی لێ بکرێت.

ئاژانسی کوردپا: ره‌مزی نوێی خەباتی رۆژهه‌ڵات چ دەبێ؟

زریان ڕۆژهەڵاتی: لە حەقیقەتدا ئەمە پەیوەندیی بە جوڵەی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەیە، راستە پ.ک.ک، بە جۆرێک لە جۆرەکان تەسیرێکی هەیە لە سەر کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا و لە زۆرێک لە شاخەکانی ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هێزی جێگیركردووە بەبێ ئەوەیکە پێکدادانێک لە نێوان ئەوان و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دروست بێت، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەشدا جوڵانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە تایبەتی ئەو هێزانەی وا مەعرووف و دیارن هیزیکن کە میراتێکی تاریخی و میراتێکی دەوڵەمەندی تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەییان هەیە، هەڵبەت ئەوەشمان لە بیر نەچیت کە بە تەنیا میرات و بە تەنیا تاریخ ئاراستە بە رووداوەکان نادات.

ئەوەیکە لە سەر ئەرزی واقعدا گۆڕانکاری دروست دەکات ئەو هێزەیە كە ئەمڕۆ هەیە. بە پشتبەستن بە ڕابردووش دەتوانی ببێت بە هێزەێکی تازە و دەرکەویتەوە، بەڵام تەنیا بەوانە ناكرێت. ئەگەر بێتوو حیزبە رەسەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بە جموجۆڵێکی تازە بکەنەوە، مەرج نیە ئەو جموجۆڵە تازەیە بە تەنیا حەرەکەتی چەکدار ی و پێشمەرگانە بێت، هەڵبەت ئەوە بەشێکی گرنگە لە تێکۆشان، دەکرێت خەباتێکی سیاسی هاوبەش یا خود فۆرمێکی نوێی خەباتی سیاسیان هەبێت كە جموجۆڵێک بخاتە نێو خەڵک و کایەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ورەی جەماوەر بەرز بکاتەوە، دەرفەتی گەشە کردنی فراوانی هێزێکی هاوشێوەی پ.ک.ک، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سنووردار دەبێتەوە. چوونکە لە حەقیقەتدا ئەوەی بووتە هۆی ئەویکە لە ئیستا پ.ک.ک.، لەوی نفووزی هەبێت، نەک نەتها پەكەكەش، بەڵكو هێزێکی وەکوو داعشیش لەوێ کاریگەری هەبێت، ئەو بۆشاییە سیاسیەی بە هۆی دورکەوتنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساحەی سیاسی خۆیان تووشی کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بۆیە ئەگەر وەرچەرخانێک لەمە دروست بێت بێگومان ئاسان نابێت کە قەندیل ببێتە ڕەمزی جووڵانەوەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هەرچەند لە بنەڕەتدا قەندێل پێشتر ڕەمزی خەباتی ئەحزابی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام ئێستا بە دەستی پ.ک.ک.،ەوەیە و زەحمەتە ببێتە رەمزی خەباتی رۆژهەڵات، چوونکە ئاراستەی پ.ک.ک. زیاتر بەرەو باکوورە و بەرپرسانی پ.ک.ک، خۆیان بەڕاشکاوانە سەرەڕای ئەو دروشمانەی کە گوایە سیاسیەتی خەباتی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرچاو دەگرن، زیاتر وزە و هێزی کورد لە پارچەکانی کوردستانی کاناڵیزەی خەباتی باکووری کوردستان دەکەن. بۆیە دەرفەت بۆ هێز و لایەنە سیاسیە رەسەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترە.

ئەمەش مەرجی هەیە. ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا هەیە بەم جۆرەی کە هەیە بەردەوام ىێت، زەحمەتە هەڵگورد ببێتەوە بە رەمزی نوێ جووڵانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەگەر بیتوو قەڵەمبازێک، وەرچەرخانێک لە شێوازی کاری سیاسی ئەحزابی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست ببێت، بە تاکتیکێکی نوی بە ستراتێژێکی نوێ بە ڕۆحێکی نوێوە دەست بە جووڵانەوەی سیاسی و چەکداری خۆیان بکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، من پێم وایە دەتوانن هێز بەرهەم بهێنن و ئەتوانن لە هەڵگوردەوە سەردەمێکی نوی و جووڵانەوەیەکی نوێ و قۆناغێکی نوێ لە جووڵانەوەیی رزگایخوازنەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێی بکەنەوە. جا وەکوو گوتم ئەگەر كۆی بكەینەوە، ئەمە زیاتر پەیوەندیی بە ڕەفتاری سیاسی حیزبەکانی رۆژهەڵات و پ.ک.ک و دۆخی نێودەوڵەتیشەوە هەیە.

ئاژانسی کوردپا: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆیی نێوان بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات و باکوور ڕوو بدات؟

زریان ڕۆژهەڵاتی: بێ گومان شەڕی ناوخۆیی بەشێک بووە لە تاریخی جووڵانەوەی سیاسی کورد و نەك تەنها کوردیش، بەڵكو زۆرجار ئەو میللەتانە وا هێزی چەکداری جۆراجۆریان هەبووە بەردەوام شەری ناوخۆییان كردووە. بە نیسبەت رۆژهەڵاتەوە من پێم وایە لە حاڵەتی ئێستا تۆزێک زەحمەتە، بەڵام ئەگەر بێتوو هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، تۆزێک بەهێزتر ببنەوە و بیانهەوێ بەرەو ناو ڕۆژهەڵات و شاخەکانی کوردستان و شاخە سنوورەییەکانی کوردستان پەل بهاوێژن و سنوری مانەوەی خۆیان لەو ناوچانە فراوانتر بكەن، ئەو کاتە وەکوو چۆن لە نموونەی رووداوەکەی ساڵانی رابردووشدا بینیمان ئەگەری بەریەککەوتن لە گەڵ پ.ک.ک،دا لە ئارادا هەیە و ئەمەشتێکی دوور لە چاوەڕوانی نیە. هەڵبەت ئەگەر شەرێکیش ڕوو بدات شەرەکە لە ژێر کاریگەری ڕای گشتی کوردیدا، شەڕێکی زۆر درێژخایەن نابێت.

ئاژانسی کوردپا: بۆچی په‌كه‌كه خەباتی جیددیتری حیزبەكانی رۆژهەڵات بە دڵ نابێت؟

زریان ڕۆژهەڵاتی: عەرزم کردی سەبەبەکەی ئەوەیەکە پ ک.ک. خۆی بە ئالترناتیوی هەموو هێزە کوردستانییەکان دەزانیت، ئەو پێیوایە ئەو تاکە هێزی ڕەوا و مەشروعە بۆ بەرگری کردن لە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد؛ هەڵبەت مافی نەتەوەییش بە پێی تەعریفی خۆی.

خاڵی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژە سیاسی و جیۆسیاسییەکانی پ.ك.ك کە دەکرێ ئەمە هەندێک جار لەگەڵ بەرژەوەندە نەتەوایەتییەکان بێتەوە و هەندێک جاریش لەگەڵیان نەیەتەوە، بۆیە ئەگەر بێت و هێزەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات گەورە ببنەوە دوو زەرەری گرینگ لە پ.ک.ک دەدات.یەکەمیان ئەوەیە کە حەوزی شەڕڤان یانی جەنگاوەری پ.ک.ک. لە رۆژهەڵات وشک دەکات. ئێوە دەزانن لە ساڵانی ڕابردووودا، ژمارەیەکی زۆر لە میراتە سیاسیەیە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ نموونە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران کەناڵیزەی هێزیکی وەک پ.ک.ک. بووە. گەنجی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەچوو لە باکووری کوردستان شەڕی دەکرد، گەنجی کورد دەهات دەچوو لە ڕۆژئاوا شەڕی دەکرد. حەوزێکی مرۆیی گەورە بوو لە بەردەستی پ.ک.ک.، جگە لەوەش دەتوانێ ببێت بە فاکتەرێک بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ ئێران. لە سنوورێکی دووردرێژدا، پ.ک.ک، لە سنوورەکانی ئێران دایە بەبێ ئەوەیکە ئێران شەڕێکی ئەوتۆی لەگەڵ دابکات، مانەوەی پ.ک.ک، لەو سنوورانە بەبێ ئەوەیکە پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا هەبێت یا خود دانوستاندنی لەگەڵ ئێراندا هەبێت. ئەبێت هاوشێوەی مانەوەکەی بێت لەسەر سنورەكانی دەوڵەتی تورکیا، چۆن دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بوردوومانی دەکات و بە فڕۆکە لێیدەدات، ئەگەر پەیوەندییەكی لەگەڵ ئێران نەبێت، ناتوانێت بە ئارامی لەو سنورانە بمێنێتەوە. لەبەر ئەوەیکە ئێران هەموو کات حەزی کردووە کارتێکی گوشاری بەدەستەوە بیت لە بەرانبەر دەوڵەتی تورکیە، تەقریبەن بە جۆرێک لە جۆرەکانی ئێران ڕازی بووە کە پ.ک.ک.، لەو سنوورانە بمێنێتەوە، جگە لەوە مانەوەی پەكەكە لەوێ ڕیگرەوە دەبێت لە هاتنەوەی جووڵانەوەی ڕەسەنی کوردی بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جا پ.ک.ک. ئەگەر بێت و لەو سنوورانە نەمێنی یا خود ئەگەر بێت و جووڵانەوەیی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندوو بێتەوە و قۆناغێکی نوێی دەست پێبکات ئەو کاتە ئەو شتانەی هەمووی باسم کرد ئەمانە بۆ پ.ک.ک، لە ئارادا نامێنێ، حەوزی مرۆییشی لەوە نامێنێت، ئیمکانی مامەڵە کردنیشی لەگەڵ ئێران لە سەر مەسەلەی سنوورەکان سنووردار دەبێتەوە. بۆیە ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ پ.ک.ک، تا رۆیشتنی ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵاتی بۆ سنوورەکان پێ باش نەبێت .لەوانەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، زۆر شەرێکی ئەوتۆ نەکات و بەڵام ئەگەر بێتوو، هێزەكانی رۆژهەڵات لە شاخ ببنە هێزێکی جیددی و ژمارەیەکی زۆر گەورەتر كە توانای کونتڕۆڵ كردنیان نەبێت، مومکینە تەنانەت بە شەڕ، هەوڵی رێگرتنیان بەدات.

ئاژانسی کوردپا: دوایین پرسیار، سیاسەتەکانی په‌كه‌كه بە نیسبەت ڕۆژهەڵات تا چەندە سەرکەوتوو بووه؟

زریان ڕۆژهەڵاتی: دەزانی پ.ک.ک، خۆی سەرەڕای ئەوەیکە باس لە سیاسیەتێکی کوردستانی دەکات، بەس لە حەقیقەتدا هەموو خەمی پ.ک.ک، ئەوە بووە کە چۆن بتوانێت ‌هێزی مرۆیی و هێزی لوجستیکی پارچەکانی دیکەی کوردستان کەناڵیزەی خەبات لە باکووری کوردستان بکات، ئەمە لە ڕوانگەی سەرەتایی نەتەوەیی دا رەوایە، هیچ عەیبی تێدا نیە. رەنگە بۆ من ئاسایی بێت كوردێك بچێتە باکووری کوردستان خەبات بکات یان لە ڕۆژئاوای کوردستان یان لە باشووری کوردستان خەبات بکات. بەڵام کاتێک ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەیکە تۆ حەقی کورد لەو پارچەی کوردستان پشتگوی بخەی، بێ گومان ئەوە بەس ئیستفادەیەکی ئەبزاری و ئیستفادەیەکی تاکتیکی،ئەمە کاریکی باش نیە. پێم وایە لەو روانگەیەوە پ.ک.ک. هەڵەیەکی گەورە دەکات چۆن لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەڵبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا بە هۆی فاکتەری ئامریکاوە ئەوە کەم بووتەوە، بەڵام بەکارهێنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها بۆ خزمەتکردنی دۆزی کورد لە باکووری کوردستان یان پارچەیەکی دیکە کوردستان لە کاتێکدا دەیان کێشەی دیکە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کارێكی دروست نیە، ئەمە مەسەلەیەکی پارچەگەرایی یا خود ناوچەگەرایی نیە. لە حەقیقەتدا لە بەر ئەوەیکە دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ دۆخی کورد لە باکووری کوردستان جیاوازی هەیە و لە ڕاستیشدا نابێت هەموو هێزو توانای كورد بە تەنها سەرفی ئەوە بکرێت کە ئیلاو بیلا لە باکووری کوردستان نەتیجەیەک دەسکەوێت. لە ساڵانی رابردوو پ.ک.ک، تیزێکی هەبوو ئەویش ئەوە بوو کە گەورەترین پارچەی کوردستان باکووری کوردستانە، حەتا لەوەێوە گۆڕانکاریییەک نەىیت هیچ گۆڕانکارییەکی دیکە لە پارچەکانی دیکە کوردستان دروست نابێت. بەس ئەمە بە واقع پووچەڵ دەڕچوو. سەرەتا لە باشووری کوردستان گۆڕانکاری گەورە ڕوویدا و دواتر لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا و هێشتا لە باکووری کوردستان گۆڕانکارییەکی ریشەیی ئەوتۆ هاوشێوەی ئەو پارچانەی کوردستان کە ئەو بە بچووک سەیری دەکردن حەتا کوردستانی ڕۆژئاوای بە باشووری بچووك ناو دەبرد، ڕووینەداوە. کەواتە دەکرێت خەبات بە گوێرەی بارودۆخی هەر پارچەیەکی کوردستان دەستنیشان بکریت و ناکرێت هەموو تێکۆشان و خەباتی کورد لە هەموو پارجەکانی کوردستاندا بەس تەنها کاناڵیزەی یەک پارچەی کوردستان بکریت، خەباتی بەشێکی کوردستان تەعتیل بکەی لەبەر ئەوەیکە وەڵا لە باکووری کوردستان خەبات و تێکۆشان لە ئارادا هەیە، وەخەباتی کوردستان لە بەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان تەعتیل بکەی لەبەر ئەوەی کە تەنها حیزبێک بەم جۆرە ئەیەوێت. ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە بە حەقیقەت پێم وا نیە لە ماوەیەکی درێژخایەندا ببێتە سیاسەتێکی سەرکەوتوو و نەتیجەیەکی دروست نادات بە دەستەوە، نەتیجەی ناڕاستی ئەم سیاسەتە کە ئەوەیە زهنیەتی ئینسانی کورد دەگۆڕی بەبێ ئەوەیکە دەرک بە کاریگەرەیەکانی بکەی. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئێستا زۆركەس وای لێهاتووە کە تورکیا بە دوژمنی ئیستراتیژیکی خۆی دەزانێ. بەڵام ئێران بە دوژمنی ئیستراتیژیکی خۆی نازانێ. ئێران دوژمنێکی ئیستراتیژیکە کە هەوڵی لە ناوبردنت دەدات، هەوڵی سرینەوەت دەدات، هەوڵی لە سیدارەدانت دەدات، وەهەوڵی ئەوە دەدات بە هیچ جۆرێک ئیتعرافت پێی نەکات بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆت، بەڵام كەلتووری سیاسی پەكەكە وایكردووە تەنانەت توركیا و ئەردۆغان بە خەتاباری هەموو شتێك بزانرێت، بەڵام كەس لە بەرامبەر تاران نقەی لێوە نەیەت. جا ئەم گۆڕینی زهنیەتی ئینسانی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوەیکە دوژمنی تۆ ئەردوغانە نەک خامنەیی. ئەمە کارەساتە بەنیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. ئەمە ناچێتە بابی خزمەتکردن و خەباتی نەتەوەیی. ئێمە مانان ئەگەر بچین لە باکووری کوردستان یارمەتی برایانیشمان بدەین، لە هەمان کاتدا نابێ دوژمنە ئیستراتیژیەکەی خۆمانمان لە بیر بچیت.

ئەوەیکە پ.ک.ک، دەیکات تەقریبەن بە جۆرێک لە جۆرەکان گۆڕینی زهنیەتی ئینسانی کوردە بەوەیکە کە دوژمنی ئیستراتیژی تۆ ئێران نیە بەڵکوو دەوڵەتی تورکیایە. بۆیە لە حەقیقەتدا ئەگەر لە ڕوانگەیەکی نەتەوەییەوە سەیری بکەین ناچێتە خانەی تێکۆشانێكی نەتەوەیی.