ریاڵیزمی سیاسی و ئەقڵی سیاسی کوردی

مەسعوود رۆستەمی

درێژەی بەشی پێنجەم

تیشک خستنە سەر خەباتی خۆمان بە شێوەیەکی تەک رەهەندی هەڵەیەکی گەورەی مێتۆدێکە، مەگەر ئەوەی خۆدی ئەو رەهەندە چاوگی هەموو کێشەکان بێت. دەستپێکی ئەم پرۆژەیە هەر لەو سۆنگەوە بوو کە ئێمەی کورد خەبات دەکەین، بەڵام بێ ئەوەی ئەندێشەیەکی مۆنسەجم لە پشتی ئەو خەباتەوە بێ. بۆیە دەستپێکمان ئەوە بوو کە قەیرانی خەباتی ئێمەی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە ئەقڵی کوردی و ئەقڵی سیاسی کوردی-مان دایە.

ئێمەی کورد تا ئەم قەیرانە چارەسەر نەکەین بەردەوام لە سووڕێکی فەشەل دەسووڕێینەوە. بە واتایەکی دی، خەبات پەکەیجێکە کە هەموو رەهەندەکانی لە سەر یەک کۆڵەکە بەندە، و بێگۆمان ئەو کۆڵەکەشە شتێک نییە مەگەر خودی ئەقڵییەت. ئەگەر بمەوێ بابەتەکە مسداقی بکەمەوە، ئەتوانم بێژم خەبات وەکوو ماشینێکە، کە پێک هاتووە لە شتگەلێ وەک چەرخ، مۆتۆر، بەدەنە، فەرمان و هتد. ئەوەیکە چارەنووسی ئەم ماشینە و چۆنییەتی لێخۆڕینی دیاری دەکات هەمان ئەقڵییەتە کە ماشینەکە بەڕێەوە دەبات. ئەوەی کە ئەم ماشینە چۆن بڕوات و بەرەو کوێ بڕوات لە دەستی هەمان ئەقڵە. بە راستی چۆن دەتوانین باس لە ئاشتی نەتەوایەتی بکەین لە کاتێکدا پڕۆبڵێماتیکی ئەقڵی سیاسیی کوردیمان چارەسەر نەکردبێ؟ ئاخۆ ئەوە ساویلکەیی نییە بخوازی لایەنێک لە ئەقڵی سیاسیی کوردی باوەش بۆ ئاشتی نەتەوایەتی بکاتەوە، کەچی خۆت بەشێکی لە هەمان پڕۆبڵێماتیکی ئەقڵی؟ چ وەڵامێکمان هەیە بۆ ئەو هەموو ئیدانە کردن و تۆمەتبار کردنی یەکترە کە رۆژ نییە ئەرشی ئاسمان نەلەرزێنێ کە گوایە لە رێبازی خەبات لاتان داوە یان ئەوە خەباتی رەسەن نییە کە ئێوە دەیکەن؟! با پرسیارێکی زۆر سادە بکەین: بە راستی ئێمەی کورد چیمان دەوێ؟ ئایا هەر بۆ ئەم پرسیارە سادەیە وەڵاممان هەیە؟ یا باشترە بێژین یەک وەڵامی هاوبەشمان هەیە؟ بێگومان نە!!! بۆیە چەن پاتی دەکەمەوە، ئەگەریش پێویست بێ سەد پاتی دەکەمەوە کێشەی ئێمەی کورد لە ئەقڵی کوردی و ئەقڵی سیاسیی کوردی‌دایە. هەتا ئەو کاتەی ئەم ئەقڵە نەبێتە پرس، لە سەری رانەوەستین، ناچاری نەکەین خۆی نیشان بدات و کێشەکان نەخەینە ئەستۆی ئەم رێبازە هەروا دەڕوات و قەت بە هەوارگە ناگات.

تا ئێستا باسمان لە کۆچەمکی ئەقڵی کوردی و ئەقڵی سیاسیی کوردی وەک چاوگی پڕۆبڵێماتیکی کێشە/پرسی کورد، لای خودی کورد کردووە؛ چاوگێ کە کلیلی رێچارەی کۆقەیرانی ئێپیستێمەیی/پراکتیکی جیهانژینی کوردی لە دەستدایە، بەڵام بە هۆی چاونەگری(رؤیت ناپذیری) خۆی وەک پڕۆبڵێم ماوەتەوە؛ بۆیە ئەتوانم لە پڕۆبڵێمی پڕۆبڵێماتیک قسە بکەم. بە زمانێکیتر، ئەتوانین باس لە کۆچەمکی پڕۆبڵێماتیکێ بکەین کە چاوگی پرس و کێشەکانە، کەچی خۆی وەک پرس و کێشە نەخراوەتە بەر خوێندن، و خودی کورد خۆی لێ دوور گرتووە یان نەیدیتووە. سەرچاوەی ئەم خۆ دوور گرتنە نەناسینی خودی پرس/کێشەکە بووە.نەخوێندنەوەی پڕۆبڵێماتیکی ئەقڵی کوردی و ئەقڵی سیاسیی کوردی هەم کۆسپ بووە لە گوزەری قەیرانی ئێپیستمەیی، هەم دەرگای لە رێکاری چارەسەر کردنی قەیرانەکان داخستووە. ئەقڵی سیاسیی کوردی، بەردەوام هەمەجۆر چەمکی هێناوەتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی، لە حاڵیکدا خۆی قەیرانی ئێپیستێمەیی تێنەپەڕاندووە. یانێ لە لایەکەوە لە قەیران گوزەری (مەبەست گذر بە مانا فارسیەکەی نییە) نەکردووە و وەڵامی بۆ قەیرانی مەعریفی نەبووە، وە لە هەمان کاتدا خۆی قەیرانساز بووە.

لێرەدا ئێمە لەگەڵ دوو چەمکی قەیران رووبەڕوو دەبینەوە، کە یەکێکیان نێگەتیڤە و ئەویتریان پۆزەتیڤ؛ بە مانایێکیتر قەیران هەمیشە هەڵگری باری نێگەتیڤ نییە. قەیرانی پۆزەتیڤ بەو مانایە کە کۆهن باسی لێ دەکات، گوزارشە لە گوزەر ژ پاڕادایمێکەوە بۆ پاڕادایمێکیتر. ئەم گوزەرە ئێپیستێمەییە وەڵام دانەوەیێکی مەعریفییە بە پڕۆبڵێماتیکی پاڕادایمی هەنووکەیی و لە دایک بوونی پاڕادایمێکی نوێ. گوزەر لە پاڕادایمێکەوە بۆ پاڕادایمێکیتر، ئاکامی شۆڕشێکی مەعریفییە کە جیا لەوەی چەمکی نوێ دێنێتە ئاراوە، لە هەمان کاتیشدا چەمکەکانی پاڕادایمی رابردوو یان کۆن گۆڕانکاری ماناییان بە سەردا دێ. بۆ نموونە دین لە پاڕادایمی سونەت هەمان خوێندنەوەی لێ ناکرێ کە لە پارادایمی مۆدێرن، یا بە زمانێکیتر هەمان رۆڵی دوای گوزەری ئێپێستێمۆلۆژیکی نییە. بە هەمان شێوە لەم گوزەرەدا چەمەکگەلێکیتر وەک دەسەڵات، یاسا، ئازادی، عەداڵەت، دەوڵەت و هتد، هەڵگری مانایێکیتر دەبن. ئەگەر هەزاران ساڵ ژیان لە یەک پاڕادایمدا بەردەوام بێ هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک نایەتە ئاراوە، وە نەتەوەیێک یان مرۆڤ بە هەمان رێچکە ژیان دەپێوێ. یەکەم پرسیارێک کە شێوەیەک لە شێوەکانی ژیان، یان رەهەندگەلێ لە ژیان دەکات بە پرس و ئەبێتە هۆی گۆڕانی، یەکەم هەنگاوە بۆ گوزەر لە قۆناغێ بۆ قۆناغێکیتر. دیارە ئەم پرسیارە کۆچەمک یان مەقولەیەکی ئێپیستێمۆلۆژیکە، کە خۆی شۆڕشێ هەژمار دەکرێ لە سیستەمی هزر و بیردا.

بەهۆی ئەوەیکە جیهان بە سەر نەتەوەگەلێکی جیاواز دابەش بووگە، رەنگە گوزەرێکی ئێپیستێمۆلۆژیک لە گۆشەیەکیتری جیهان روو بدات و شەپۆلەکەشی نەتەوە یان نەتەوەگەلێکیتر بگرێتەوە. گێرە و کێشە ئەو کات دەست پێدەکات کە نەتەوەیەک لە پاڕادایمێکی مەعریفی بۆ پاڕادایمێکیتر گوزەری نەکردبێ، لە هەمان حاڵ دا شەپۆلەکانی شۆڕشی مەعریفی لە جێگایەکیتری ئەم جیهانە بێتە ناو ژیانی کۆمەڵایەتییەکەی. بە درێژایی مێژوو، گرنگترینی ئەم حاڵەتە شۆڕشی مۆدێڕنیتە بوو کە زۆر خێرا هەموو جیهانی هەژاند. لە حاڵیکدا شۆڕشی مۆدێرنیتە خۆی بەرهەمی چەندین سەدە چالنجی مەعریفی لە ئۆروپا بوو، بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین دەسکەوتێکی کاتی بوو. ئەمە وای کردووە تا فۆڕم و چەمکی زۆر بێتە ناو رۆژهەڵاتی ناڤین، لە کاتێکدا خاوەنی بەستێنێکی مەعریفی بۆ پەزیرشی مۆدێڕنیتە نەبووە و نییە. هەر بۆیە دواتر لە تێوری سیاسی گەشە چەمکێ دێتە ئاراوە بە ناوی گەشە لە سەرەوە، بە واتایێکی دی گەشە لەسەر دەستی دەوڵەت. ئەم تێوریە باس لەوە دەکات کە دەوڵەت ئەبێ ببێتە مۆجری پیادە کردنی ئەو گەشەیە کە رۆژئاوا بە چەندین سەدە پێوا بووی. ئەگەر نەتەوە لە رۆژئاوا دوای پرۆسەیێکی دوور و درێژ و لە ئاکامی گۆڕانکاری مەعریفی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هتد هاتبووە ئاراوە، ئەوە ئەبێ بۆ نموونە نەتەوە لە ئێران یان تورکیە، لە لایەن دەوڵەت و رووناکبیری پرۆفشناڵ بە واتا فۆکۆیی-ەکەی پێک بهێندرێ.

هەڵنەقوڵاوی مۆدێڕنیتە لە بەستێنی هزری و کۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتی ناڤین، کرداری داگیرکەر و رزگاریخوازی پارداکۆسیکاڵ کردووە. بەم شێوەیە ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناڤین لەگەڵ دوو پڕۆبڵێماتیکی ئەقڵی رووبەڕوو دەبینەوە کە یەکیان ئەقڵی داگیرکەرە و ئەویتریان ئەقڵی رزگاریخواز. پارداکۆسیکاڵ بوونی ئەم دوو ئەقڵە کە لەلایەن هیچ یەک لەم دوو گوتارە لای خۆیان وەک گوزەرێکی مەعرفی نەبووە بە پرس، لە ماوەی نزیک بە یەک سەدە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و داگیرکەرانی کردووە بە ئەرسەی رووبەڕووبوونەوەیێکی بێ ئەنجام. ئەم پارادۆکسیکاڵە لای قەومی سوڵتە و کورد، خۆی پارادۆکسیکاڵێکە لە پارادۆکسدا!! بە مانایەکیتر، لەگەڵ دوو ئەقڵی سیاسیی قەومی سوڵتە و ئەقڵی سیاسیی کوردی رووبەڕووین، کە پارادۆکسی ناوەکییان لەگەڵ یەکدیهدا هەیە، ئەمما ئەم پاڕادۆکسە لە یەک دووریان ناخاتەوە بەڵکوو زیاتر بەرەو لای یەکتر رایان دەکێشی کە لەم نێوەندەدا رۆڵی ئەقڵی سیاسی کوردی سەرەکییە. ئەم پاڕادۆکسە وا پێناسە دەکەم:

یەکەم، ئەقڵی سیاسی قەومی سوڵتە. ئەو ئەقڵە لە لایێکەوە بە پێی پاڕادایمی سیاسی ریاڵیزم و یاسای نێونەتەوەیی، بەرە بەرە لەگەڵ کایەی سیاسەتی نێونەتەوەیی بە باشی ئاشنا دەبێت و لەو پاڕادایمە کایە دەکات، بەڵام لەهەمان کات دا لەگەڵ جیهانی مۆدێرنیتە بێگانەیە، چۆن خۆی لە دایک بووی ئەو گوتارە نەبوو. بۆیە ئەم ئەقڵە بە باشی رەهەندی پۆزیتیڤیستی مۆدێڕنیتە، کە نیازی بە تێپەڕ بوونی چەند سەدەیی ئەقڵی لە بەستێنێکی ئێپیستێمۆلۆژیک نەبوو هەڵدەچنێ و لە هەمان کاتیشدا خاوەنی بەستێنی پێویست بۆ راکشانی ناوەرۆکی مۆدێرنیتە کە هەمان ئەقڵی رەخنەگر(critical rationalty) بێت، نەبوو. بۆ ئەقڵی سیاسی داگیرکەر دێمۆکراسی هەمان وەیشوومەیە کە بێ ئەملاوئەولا قەت بە خەیاڵیشی دا نایە کە رۆژێ لە رۆژان دەرگای بۆ بکاتەوە. چۆن ئەم دەرگا کردنەوە لای ئەقڵی داگیرکەر بەرامبەر بە فڕینی نەتەوەگەلێکە لە قەفەسی پێناسە کراو. ئەوە لە حاڵیکدایە کە بە هەموو شێوەیەک باوەشی بۆ رەهەندی پۆزیتیڤیستی مۆدێڕنیتە ئاوەڵایە. بەو شێوە ئەقڵی سیاسی قەومی سوڵتە، دەکەوێتە سەر دوو خەزێنەی گەورە؛ خەزێنەی ریاڵیزمی سیاسی و حاکمییەتی سەرزەمینی، وە رەهەندی پۆزیتیڤیستی مۆدێڕنیتە، کە پێکڕا بە هەموو شێوەیێک دەستی داگیرکەرانی کوردستانی ئازاد هێشتبوو لە ستەمکاریێکی رەها و سەرکەوتن. نەخشاندنی سنوور، پێکهێنانی دەوڵەت(دەسگای داد و پاڕڵەمان و هێزی ئیجرایی) لە ناو ئەو جۆگرافیایە، ئامرازی بە هێزی یاسای نێونەتەوەیی، بە فەرمی ناساندنیان لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەیی، پێکهێنانی ئارتەشێکی مۆدێڕن و زەبەلاح، سیستەمێکی پەروەردەی گشتگیر و ئایدیۆلۆژیک، تەنها بەشێکی بچووک لە خەڵات و پێشکەشی رۆژائاوا بوو بۆ فارس و تورک و ئەرەب پاش پەیمان‌نامەی سایکس-پیکۆ. بەم شێوە داگیرکەرانی کوردستان بێ گوزەرێکی ئێپیستێمۆلۆژیک، ئەبنە خاوەن فۆڕماسیۆنیێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی مۆدێڕن، بەڵام بە هەمان ئەقڵییەت کە فاشیزمێکی خێلەکی بوو. بۆ نموونە هەنووکەش جیلی فاشیزیمی فارس پاش سەد ساڵ هەڵگری هەمان ئایدیای نەتەوەسازی باوکە رۆحییەکانیانن؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆرێ لەوانە، رۆژانە کاوێژی چەمکی دێمۆکراسی ئەکەن. ئەم دژەبەرییەی فۆڕماسیۆن/مەفسەڵبەندییە، خۆی ئاکامی گوزەر نەکردنی ئێپیستێمۆلۆژیکی ئەقڵی فارسی و تورکی و ئەرەبییە. بەڵام کێشە بەمە تەواو نابێ، چونکە لە راستیدا لایەنێ کە هەم خۆی رۆڵگێر بوو، هەمیش لایەنی بەرامبەری زۆرتر بەرەو کایەی ریاڵیزمی سیاسی و رەهەندی پۆزیتیڤیستی مۆدێرنیتە هان دەدا کورد بوو. هەرچی ئاگری خەباتی کورد زۆرتر گەش دەبوو، داگیرکەرانی کوردستان ئێمتیازی زۆرتریان دەدا بە زلهێزەکان بۆ پاراستنی جۆگرافیایەک کە پێیان بەخشرا بوو، وە ناویان نابوو پاراستنی یەکپارچەیی وڵات. بۆیە پێویستە بگەڕیێنەوە بۆ ئەقڵی سیاسی کوردی تا روونی بکەینەوە چۆن وەک تۆڕی کاکڵەمووشان هەرچی زۆرتر هەوڵی دەدا بۆ رزگاری، زیاتر خۆی لە داوەکە گرفتار دەکرد و ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ(ئێستا مەبەست رۆژهەڵاتە)هەمان رەوتی هەڵە دەپێوێت!

دووەم، ئەقڵی سیاسیی کوردی. وێژرا کە چۆن بە پێی پاڕادیمی ریاڵیزمی سیاسیی کوردستان دابەش کرا و چۆن یاسای نێونەتەویی رەوایی بەخشی بە جۆگرافیایێک کە بەرژەوەندی بەریتانیا و فەرانسە سنوورەکانی نەخشاندبوو. کورد هەر لە سەرەتاوە هەوڵی دا وڵاتیکی سەربەخۆ پێک بێنێت. هەموو هەوڵی کورد لە هەنگاوی یەکەم، رەتکردنەوەی حاکمییەتی سەرزەمینی و ئیرادەیێکی بەهێز بوو بۆ سەربەخۆیی. بەڵام کاتێ لە درێژەدا نەیتوانی بەو ئامانجەی بگات، بەرەو رێبازێ لایدا کە خۆی بە دەستی خۆی گۆڕی خەبات و کیانی خۆی هەڵکەند. ئەقڵی داگیرکەر ئەوەی بە باشی دەزانی کە ئەو مڵکە جۆگرافیاییەی کە بەجێماوە بۆی، پاشماوەی فتوحاتی دەورانی خێڵی هێرشبەر، یان ئەو شتەی کە لە ئەدەبیاتی سیاسی رۆژئاوا ئێمپراتوری پێ دەڵێن، بووە. داگیرکەران ئاگادار بوون کە ئەم جۆگرافیایە هەمیشە لە مەترسیدایە، مەگەر ئەوەی بتوانن ئامانجەکانی خۆیان کە هەمان ئەسیمیلە یان توانەوە بێت، بپێکن. ئەگەر لەم بوارە گومانێکیش هەبوایە، ئەوە بە خەباتی کورد بوو بە یەقین. بە پێچەوانە ئەقڵی سیاسیی کوردی، بێ ئەوەی تیشک بخاتە سەر دۆخی داگیرکەر، سیستەمی نێونەتەوەیی و هەروەها خۆی، هەنگاو بە هەنگاو تۆرەکەی زیاتر لە خۆی توند کردەوە و زۆرتر خۆی خستە داوێنی سیاسەتی داگیرکەران. ئەم سیاسەتە هەڵەیە نە لە ناکاو، بەڵکوو قۆناغ بە قۆناغ رووی دا. بۆیە ئەبێ بە پێی ئەو قۆناغگەلە بچینە پێشەوە تا بزانین چۆن ئەقڵی سیاسی کوردی هەڵەی کوشندەی دەکرد و خەباتی خۆی پەک دەخست؛ ئەویش لە ژێر ناوی ریاڵیزم! لێرەدا ئەم قۆناغگەلە بە چوار قۆناغ دابەش دەکەم:
یەکەم، قۆناغی خەباتی خێڵ و پیاوانی ئاینی؛ دووەم قۆناغی کۆماری مەهاباد؛ سێهەم، قۆناغی ماڵئاوای و دەستپێکی خودموختاریخوازی؛ چوارەم،(لە رۆژهەڵاتی کوردستان) قۆناغی شپرزەیی خەبات و رێفۆرمخوازی. هەر یەک لەم قۆناغگەلە تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە؛ بەڵام یەک خاڵ هەموویان پێکەوە گرێ دەدات، ئەویش پرۆبڵێماتیکی ئەقڵی سیاسیی کوردییە. بە واەکیتر، کورد قۆناغ بە قۆناغ گوتاری خۆی دەگۆڕی، کە چی ئەو گۆڕانی گوتارە بەرهەمی گوزەری مەعریفی ئەقڵی سیاسیی کوردی نەبوو کە هیچ، بەڵکوو خودی ئەم ئەقڵە قەت وەکو سەرچاوەی پرس و کێشەکە نەخوێندرایەوە. لە درێژەدا دەچمە ناو ئەم چوار قۆناغە و هەوڵ ئەدەم بە کورتی بەرچاو روونیەک بدەمە خوێنەری بەرێز.

ئا- قۆناغی خەباتی خێڵ و پیاوانی ئایینی؛ شۆڕشگەلێکن کە لە هەر چوار پارچە بە یەک ناوەرۆک روو دەدات. بێ ئەملاوئەولا ئەم قۆناغە، قۆناغی زێڕین لە مێژووی خەباتی سەد ساڵی رابردووی کورد بووە. ئەوەی کە بۆ من جێگەی سەرسووڕمانە، نووسەر و سیاسەتمدارگەلێکن کە باس لە نەتەوەگەرایی دەکەن و بە چاویلکەی ئەمڕۆیی فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی خێڵ و خەباتی سەرۆک خێڵ-ەکان دەخوێننەوە و بە خاڵی تاریکی شۆڕشی کوردی دەزانن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەباتی خێڵ لیپاولیپە لە ئیرادەی سەربەخۆیی و قبووڵ نەکردنی جەبری سەپێندراو. ئەقڵی سیاسیی خێڵ کە بە درێژایی چەند سەدە راهاتبوو لە نێوان دوو زلهێز بۆ مانەوەی خۆی و سەربەخۆیی خێڵ کایە بکات و سەرکەوتووش بێ، پاش سایکس-پیکۆ ویستێکی بەهێزی تێدا بوو هەتا سەربەخۆیی خێڵ بۆ سەربەخۆیی نەتەوە لە چوار پارچە بگوازێتەوە. بۆ سەرۆک خێڵ و پیاوانی ئایینی سنووری مۆتێسەلبی پێناسەکراوی یاسای نێونەتەوەیی، ئەبوا نە جەسەتی کوردستان لەت لەت بکات، بەڵکوو پەیکەری ئەم جەستەیە بۆ هەموو جیهان نمایش بکات. ئەمما لە سەردەمانێ کە هەموو قەواعدی سیاسەتی ناوەکی و دەرەکی گۆڕابوو، وە خێڵی کوردی بەردەوام لە دەرەوەی ئەم کایە سیاسیگەلە بوو، وە ئەزموونێکیش لەم رەهەندگەلە نەبوو، نەیتوانی ئیرادە و ویستی خۆی بە دی بێنێ. لە هەمان کاتیشدا لە فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی خێڵ، چەمکی نەتەوە قادر بە ئیجادی پێوەندیێکی بەینۆلئەزهانی لە نێوان هەموو خێڵەکان نەبوو.
ئەگەرچی دوای سایکس-پیکۆ ویستی سەربەخۆیی لای خێڵێکی گەورە وەک شکاک بە سەرۆکایەتی سمکۆ، وە هەروەها پیاوانی ئایینی وەک شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموود بەرزەنجی کە هەزاران پەیڕەویان هەبوو زۆر بەهێز بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیان خێڵی بچووک لە کوردستان هەبوون کە لە سیاسەتی کوردی رۆڵگێر بوون. ئەم خێڵگەلە دوو تایبەتمەندیی بەرچاویان هەبوو؛ یەکەم، ئەویتری ئەم خێڵگەلە، خێڵی دراوسێی بوو، کە ئەویش بێگۆمان خێڵێکیتری کوردی بوو، وە دوژمنگەری هەر خێڵێکی کوردی لە ساختارێکی کۆمەڵایەتییەوە هەڵدەکوڵا، کە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەەکانی پێناسە دەکرد. دووهەم، هەر خێڵێکی کوردی، بە هۆی سەدان ساڵ کە شێوەی ژیانی هەوڵ لە پێناو مانەوە بوو، راهاتبوو بە ئەقڵییەتێکی ئۆپۆرتونێستی، کە یا هەمیشە لایەنگری لە کایەکەری بەهێز دەکرد، یان بڕیاری هاوبەشی تا دوا چرکە رادەگرت تا ببینێ سەرکەوتووی کایەکە کێیە. ئەم ئەقڵییەتە، مەفسەڵبەندیێکی articulation (بە مانا لاکلائۆییەکەی) مەتنی text بە دواوە بوو کە ئێمکانی ئێنتزام لە پەرشوبڵاوی regularity in dispersion لە ناو فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی خێڵ نەدەهێشتەوە -دواتر دەبینین کە چۆن ئەم مەفسەڵبەندییە دەقاودەق گوازرایەوە بۆ قۆناغی حیزبایەتی. لەم قۆناغەدا، ئەمری سیاسی بە پێی ریاڵیزمی سیاسی تەقابۆڵی خێڵی کوردی بوو لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند و زلهێزی دەرەکی بۆ تێکدانی نەزمی سەپێندراو. رووبەڕووبوونەوە سیاسی، لە شكڵی هێزی عۆریان دەردەکەوێ کە بێگۆمان دۆڕاوەکەی خێلە کوردەکان بوون. بەوەشەوە، ئەم قۆناغە بە هۆی رۆحی ئیرادەی بەرخۆدان و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وە تێکشکاندنی ئیرادەی دابەشکار و دەوڵەتی ناوەند، قۆناغی زێڕینی خەباتی کوردە. سەرۆک خێڵ و پیاوانی ئایینیی کوردستان، بێ هیچ ئەزموونێک لە بواری سیاسەتی دەرەکی، لە چرکە ساتی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن، وە لە کۆمەڵگایێکی خێڵەکی کە هەر خێڵێک بێلقووە دوژمنێک بوو، کرداری سیاسییان دەنواند و ئیرادەی خەباتیان بۆ سەربەخۆیی دەخوڵقاند. لەم قۆناغەدا، نە ئاسەوارێک لە ئایدیۆلۆژیاگەلێک دەبیندرێ کە ماڵی کورد بترازێنێ، نە شناسێکی دەستکردی قەومی دەسەڵات بەو شێوەیە کە تاکی کورد دواتر لە ناو ئەو شناسە خۆی پێناسە دەکرد، گرنگتر ئەوەیە کە خێڵی کوردی بە هۆی بێگانە بوون لەگەڵ مۆدێڕنیتە، ناچێتە ناو ئەدەبیاتێکی سیاسییەوە کە هەم بۆ ئەقڵی کوردی نائاشنایە و هەمیش ئاکامەکەی چوونە باوەشی دەسەڵاتە. ئەوەی کە دەبێژم ئەم قۆناغە قۆناغی زێڕین خەباتی کوردە، چونکە ئەقڵی خێڵ و مێتۆدی خەبات لەم قۆناغە هاوتەریب بوون. لەم قۆناغە، کورد خۆی سەرقاڵی شتێکی بێ مانا بە ناوی دێمۆکراسی ناکات، جا هۆکارەکەی نائاشنا بوون بێ لەگەڵ مۆدێڕنیتە یان نە، ئاکامەکەی ببووە هۆی ئەو هاوتەریبییە. لە لای خێڵ و پیاوانی ئایینی تەنها ویستێک بوونی هەبوو، ئەویش ئینکاری حاکمییەتی سەرزەمینی و ئیرادەی سەربەخۆیی بوو. لەم قۆناغە کورد ناکەوێتە دوای رێفۆرم لە دەسەڵات، چونکە کێشەی ئەو فۆرماسیۆنی دەوڵەت نییە، بەڵکوو سەربەخۆ نەبوونە. بە داخەوە شکستی کورد لەم قۆناغە یەکەم هەنگاو بوو بۆ دۆڕانی نەتەوایەتی. ئەم شکستە نەتەوایەتییە لەلایەن ئەقڵی سیاسی بە سەر کورد دا سەپێندرا و قۆناغی خەباتی خێڵ-ی بە ساویلکەگەری لە ژێر ناوی رێاڵیزم ناوزەد کرد.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەو ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.