دەستبەسەركرانی ٤ هاووڵاتیی کورد و راگواستنیان بۆ ئیتلاعاتی سایین‌قەڵا

ئاژانسی كوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی سایین قەڵا لەئەستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا چوار هاووڵاتیی كوردی دەستبەسەر كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چوار هاووڵاتیی كورد لە ئاواییەكانی سەر بە \"شاهیندژ(سایین قەڵا) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە قۆڵبەست كران.

هەواڵنێری كوردپا لە سایین قەڵا وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی دەستبەسەركرانی بە كۆمەڵی ئەو هاووڵاتیانە لە رێكەوتی ٣١‌ی پووشپەڕدا، رایگەیاند: سێ‌ كەس بەناوەكانی پەرویز قسقیی، كامیل سۆهرابی و ئەسەد شامحەممەدی لە ئاوایی \" قوزلووی هەوشار\" لەناو ماڵەكانی خۆیاندا دەستبەسەر كراون.

هەر لەو پێوەندییەدا هێزە ئەمنییەكان لە هەمان رۆژدا چوونەتە ئاوایی \" یەنگیجە\" و هاووڵاتییەكی دیكەی كوردیان بەناوی مەحموود میرزایی دەستبەسەر کردووەو لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەكی ورد و دروست لە هۆكاری دەستبەسەركردنی ئەو هاووڵاتیانە و چارەنووسیان لەبەردەستدا نیە، بەڵام دەگوترێت كە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سایین قەڵادا راگیراون.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ٤٤ هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی ـ ئینتزامییەكانەوە دەستبەسەر كراون.

زۆربەی ئەو كەسانە بە بیانووی چالاكیی سیاسی، فەرهەنگی، رۆژنامەنووسی و مافی مرۆڤی دەستبەسەر كراون.