دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد لە بەخشی هەورامانی سەوڵاوا

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بەخشی هەورامانی سەوڵاوا، پاش بانگهێشت بۆ ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"عەبدوڵڵا ئەدوایی\"، خەڵکی گوندی \"سلێن\" لە بەخشی هەورامانی سەوڵاوا، پاش بانگهێشت بۆ ستادی ناوەندی خەبەریی ئیتلاعاتی سپا لە سەوڵاوا، دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکارێکی ڕوونیان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕانەگەیاندووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداریی لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم هاووڵاتییە کوردە، هەتا ئێستا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ژێر لێپێچینەوەیە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانباریش، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"ئارام ئەدوایی و بورهان ئەدوائیان\"، خەڵکی گوندی \"سلێن\"، لە بەخشی هەورامانی سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش هێرشکردنە سەر شوێنی کاری ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراوانیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.