دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بەردەوامە

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتی لە \"سایین‌ قەڵا\" و\" تیکاب\" دەسبەسەر کران و دەسبەسەرکراوانی \"مەریوان\" بۆ شاری \"سنە\" ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ڕەحیم ئەحمەدپوور و \"ئەمیر تاپوورا\"، خەڵکی گوندی \"قازانلیـ\"ـی شاری سایین ‌قەڵا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش هێرشکردنە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، ئەوانیان بە هۆکاری ناڕوون دەسبەسەر کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری تیکاب، هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی \"بەهمەن خوسرەوی\" و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ٥ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی \"گۆران قوربانی\"، \"فاتێح هوشمەند\"، \"عەلی ڕەزایی\" و \"ئومید ساڵحی\" و \"یادگار دڵجوو\"، بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراون.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ، دەسبەسەر کراون و \"گۆران قوربانی\" و \"فاتێح هوشمەند\" ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانن.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"خالید سووری\"، خەڵکی گوندی \"چۆڕ و نەنە\"ی شاری مەریوان، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، باسی لە دەسبەسەریی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێرانی کرد و شوناسی هەندێک لە دەسبەسەرکراوەکان ناڕوونە.