دەسبەسەرکردنی دوو چالاکیی ژینگەپارێز لە سنە

ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکیی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، دوو چالاکیی ژینگەپارێز بە ناوەکانی \"ئارمان وەفایی\" و \"شاهۆ فەرەجی\" خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە شاهۆ فەرەجییان دەسبەسەر کردووە و ئارمان وەفایی لە ماڵی خۆیدا دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکە، دەستیان داوە بە پشکنینی ماڵی ئەم دوو چالاکە و دەستیان بە سەر کۆمەڵێک کەل و پەلی شەخسی ئەوانیاندا گرتووە.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکە کوردە لە بەر دەستدا نییه.