دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی لاینگەری لە حیزبە کوردییەکان

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری بانە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز، دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی \"پەیام ئەنوەری\" و \"ڕەزا مەریمی\"، خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و دەسبەسەریان کردوون.

ئەو دوو لاوە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانیان، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هیچ زانیارییەک لە بارەی چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان، بۆ \"لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" گەڕاندووەتەوە.