دوو هاووڵاتیی مەهابادی دەسبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری مەهاباد، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرد.

ڕۆژی شەممە، ١٥ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی \"شێرکۆ عەباس تاهیر\" و \"هوشیار ئەمینی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵی ناوبراوان کردووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکردنیان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.