حوکمی ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە سەر سێ هاووڵاتیی کورد، داسەپا

ئاژانسی کوردپا: دادگای ئیقلابی شاری مەریوان، سێ هاووڵاتی خەڵکی گوندی \"نێ\"ـی سەر بە شاری مەریوان، بە ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەر سێ هاووڵاتی خەڵکی گوندی \"نێ\"ی ئەو شارەدا، سەپاند.

بەپێی ئەو حوکمە، بڕیارە کاوە تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، وریا فەرەجی تەمەن ٣١ ساڵ کوڕی عەبدوڵلا بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و هوشیار کەسرایی، تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی ڕەشید بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستان، مەحکووم کراون.

دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" مەحکووم کردووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، سەبارەت بەو حوکمە داسەپاوەی دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، نارەزایەتییان دەربڕیووە و دۆسیەکەی ئەوان بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کراوە.