بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە هەورامان

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی هەورامان سەر بە سەوڵاوا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، دوو ‌هاووڵاتیی کورد، به ناوەکانی \"ئەنسار ئەدوایی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ و \"فەردین ئەدوایی\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی هەورامانی سەوڵاوا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی، ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد، به ناوی \"زانیار مورادی\"، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لە شارەکی سەنعەتی مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، به ناوی \"حەمید ئەحمەدی\"، خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی گوندەکانی \"سلێن و دەگاگا\"، سەر به هەورامانی سەوڵاوان.

وێنە فەردین و ئەنسار ئەدوایی