قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، هەڕەشەی لە بکوژانی ئەندامێکی سپای پاسدارانی کرد

ئاژانسی کوردپا: قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، پاش کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی ئەو قەرارگایە لە شاری پیرانشار، هەڕەشەی لە بکوژانی ئەو ئەندامەی سپا کرد.

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، پاش کوژرانی "خالید شوانە"، ئەندامی ئەو قەرارگایە لە شاری پیرانشار، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "تۆڵەی قورس لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە دەکەینەوە".

قەرارگای حەمزە، "دەستوپەیوەندییەکانی ئیستکباری جیهانی"، بە بکوژی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران، دەزانێت.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خەرمانان، "خالید شوانە"، ئەندامی سپای پاسداران، لە نێو شاری پیرانشار، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا و هەتا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک، بەرپرسیاریەتیی کوژرانی ئەو ئەندامەی سپای پاسدارانی لە ئەستۆ نەگرتووە.